مەکتەبی سیاسیی پارتی کرێکاران و ڕەنجدرانی کوردستان لە پەیامێکدا ڕوو بە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە تێرۆری شەهید قادر قادری، کادر و فەرماندەی بەوەجی حیزبی دێموکرات هاوخەمیی خۆیان دەربڕیوە و داوا دەکەن دەزگا پێوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەران و ئەنجامدەرانی و ئەوانەی لە پشت ئەو تێرۆرەن ئاشکرا بکەن و بە سزای خۆیانیان بگەیەنن.
دەقی پەیامەکە بەمجۆرەیە:
زۆر بە داخەوە هەواڵی تێرۆرکردنی هاوڕێ قادر قادری، فەرماندە و کادری حیزبە شۆڕشگێڕەکەتانمان پێ گەیشت. بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان بە بەڕێزیان و تەواوی شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵات و خانەوادەی شەهید قادر ڕادەگەیەنین. لە هەمان کاتدا ئەو کردەوە تێرۆریستییە شەرمەزار و مەحکووم دەکەین و داواکارین دامودەزگا پێوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات بکەران و ئەنجامدەران و ئەوانەی لە پشتیانن بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن.
هەرچەند مەرگی شەهید قادر کۆستێکی گەورەیە بۆ هەموو لایەکمان و بنەماڵە تێکۆشەرەکەی، بەڵام کاروانی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان درێژەی هەیە و سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستانە. ئەم دۆخەش لە هەموو لایەکمان دەخوازێ یەکڕیز و یەکگرتوو بین تا بتوانین ڕووبەڕووی سەرجەم مەترسییەکان ببینەوە و ڕێگری بکەین لە دووبارەبوونەوەی هەر کردەوەیەکی دیکەی لەم جۆرە دژ بە گەلەکەمان.
پارتی کرێکاران و ڕەنجدرانی کوردستان
مەکتەبی سیاسی
٨/٣/٢٠١٨