لە مێژە گرتووخانەکانتان کردوە بە قەفەسی نەفەسی ئازادی و
دەورپێچ کردنی ویستی سەربەستی…
بۆتان نەچووە و ناچێتە سەر ئەو پەڕەکەی دەمانکوژن…
خۆ کەماڵی دەباغیی کرماشان حەز، بۆ پرسیاری مڵ شۆڕی سێدارەی وڵامێکی خاس بوو
خاسما لە سەردەمێک وا ئێوە شێتی سەرکوت و ئەمە ژیر بە ژیانەوە بووین
چیی لێ دەکەن لەم گشتە چرۆ کردن و
پەلوپۆ هاوێشتنی بەڕووی بەرەنگاری لە بێستوون تا مانێشت؟
خانەئاوا بۆ هێچ شتێک کەمتان دانەنا…
لە شمشێری نەرم بڕی شووڤینیستییەوە تا دزینی گۆرانییەکانمان
لە تاڵانکردنی تان و پۆی تەون، مێژوومان تا
بێتۆنکردنی گۆڕی لاوێکی هەناسە گەرمی ئیلامی، تالب …
هەر ئێوە نەبوون پاڵتان دابوو بە مێژووی دزراوی ئێمە و
بە قاقاوە باسی پاڵەوانە پەمبەکانی خۆتانتان بۆ دەگێڕاینەوە؟
هەر ئێوە نەبوون لە سەر ژێرخان و سامانی ئیلام هەیوان و تەلاری تارانتان ڕازاندوە…؟
هەر ئێوە نەبوون بە دڵنیاییەوە هێڵێکتان کێشابوو لە نێوانی سنوورە دەسکردەکانی خۆتان…؟
ئێستاش خۆ هەر ئێوەن بە سیخۆر و شۆڤارەکانتانەوە هەوڵ دەدەن
بۆ دۆزینەوەی هەرچەشنە سرتەی کوردایەتی و هەرچەشنە جمەی ئازادی و
دەسکەوتتان بووهتە کەشفکردنی ئاڵایەکی ئاگرئاسا لە ماڵە سەرتەنوورێکی ئیلامی…!
کەشفی ئاگرتان پیرۆز!
لە مێژە لە گرتووخانەکانی ئێوەوە، جەستەی ئازادی دەچەوسێتەوە و
نەوای ئازایەتی دەزرینگێتەوە
لە مێژە لە بەندیخانەکانی ئێوەوه دەلاقەکان بوونهتە پردێک
لە نێوای هەوای ڕووناکایی و شەوەزەنگی سامناکی…
بە خۆشی و ناخۆشیی ئێوە نیە، هەڵکردنی شەمێک… شکستە بە لەشکەری تاریکایی!
هەڵکردنی شەم لە ئێمە پیرۆز!
ئێوە بوون بە دیکتاتۆری گوڵ خونچە و ئێمەش لە بەتاڵایی وەرزی سەرهەڵدان
سەرمان هەڵ دا بووین بە دێموکرات!
شەهیدانی ئێمە…. خەمی ئێوە زیاد دەکەن و بە کوشتنی هەر لاوێک…
لەتێک لە خۆتان دەنێژن و بزمارێک لە تابووتی خۆتان دەدەن…
لە گەورەکانتان بپرسن ئێمە خوومان بە سەرشۆڕی نەگرتوە و
دێموکراتیش ڕانەهاتووە خەمی سووک هەڵگرێ…
بزمارێکی تر پێشکەش بە تابووتی نابوودیتان.
( لە ژمارەی ٧٢١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)