لە کۆتا مانگی زستان، هەموو ساڵێک لە ناوچەکانی کوردستان بە تایبەتی موکریان ڕێوڕەسمی کۆنی “بێڵندانا” وەکوو نەریتێکی کەلتووری و جێژنیکی کەونارایی بەڕێوەدەچێ و ئەمساڵیش ئەم ڕێوڕەسمە لە چەند شاری پیرانشار و سەردەشت و گوندی سەهۆڵانی مەهاباد بە بەربڵاوی بەڕێوەچوو.
بە پێشوازیی کردنی بەرفەراوانی خەڵکی کوردستان، دوای شارەکانی پیرانشار و سەردەشت، رۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی١١ی ڕەشەمە لە گوندی گەشتیاریی سەهۆڵان ڕێوڕەسمی بێڵندانە بە شێوەی جوان و ڕازاوە بەڕێوەچوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا بە ئامادەبوونی بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزانی شارەکانی دیکە کوردستان، لە گوندی سەهۆڵان و ئەشکەوتی مێژوویی سەهۆڵان ، ئەو بۆنە کەلتووریی و مێژووییە بەرزڕاگیرا.
“بێڵندانا” کە بە جۆرێک پێشوازیی کردن لە هاتنی ساڵی نوێیەو هەروەها گردبوونەوەیەکی سیمبۆلیکە بۆ هاوکاری و پێکەوەژیانی خەڵکی کورد و چەند ساڵە بەشێوەی ڕێکوپێک هاوشێوەی بۆنەکانی نەورۆز بەڕێوەدەچێت و بۆتە بەستینێک بۆ گەشەپێدان بە کەلەپووری کوردەواریی وهەروەها بۆنەیەک بۆ زێندوو کردنەوەی تایبەتمەندیی نەتەوەیی گەلی کورد.
شیاوی باسە رۆژی هەێنی لە گوندی سەهۆڵانی مەهاباد ئەو بۆنە مێژووییە کرایەوەو، خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی کوردستان تێدا بەشدارییان کرد و بە دەور ی ئاگر بێڵندانا سەما و هەڵپەرکێیان کرد.
“بێڵن دانا” یه کێکه لە داب ونه ریته کۆنی گەلی کوردەو، که لانیکه م مێژووی دەگەڕێتەوه بۆ سێ هەزار ساڵ بەرله ئێستا.
“بێڵن دانا” لە چەشنی جیژنە کۆنە کان، تایبەتمەندییه کانی دەگەڕێتەوە بۆ جوغرافیاو ومیژووی کوردستان و، ئەو جێژنە ئێوارەی سێسەد وبیست و یەکەمین رۆژی ساڵ،واتە چل و پێنجەمین رۆژی ورەرزی زستان دەسپێدەکا و “بێڵن دانا” به پێی ناوچه جۆراوجۆرەکانی کوردستان، ناوی گۆڕاوه و ئاڵۆگۆری بەسەر هاتووە.
له موکریان ناوی “بێڵن دانا”ی به سه ردا بڕاوه ، له خوارەوەی کوردستان “وەهاری کورد” و له شوێنەکانی دیکەی کوردستان، وه کوو بۆکان وسەقز به “سۆرانەی سەتەی مەڕی” ناودێر کراوه.
ڕمبازێن بەئەسپ و ئاگرکردنەوەو، گۆرانی وتن و هەڵپەڕکێی و دوعا و نزاکردن بۆ ساڵێکی بە پیت و بەرەکەت، لە بڕگەکانی ڕێوڕەسمی “بێڵن دانا”یە.











