شەوی پێنجشەممه ڕێکەوتی ١٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی سەلاح ڕەحمانی لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی سەباح ڕەحمانی خەڵکی شاری کامیاران و دانیشتووی شارۆچکەی “بنەسڵاوه”ی هەولێر، لە کردەوەیەکی تێرۆریستیدا بە توندی بریندار و، ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کران و، رۆژی ١١ی ڕەشەمە سەباح ڕەحمانی بە هۆی توندی برینەکانی گیانی لەدەستدا.
ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردوتەوە کە ئەندامێکی ئەو حیزبە لەو کردەوە تیرۆریستییەدا دوای برینداربوونی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بکەری ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەزانێ .
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای مەحکووم کردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، لە گەڵ بنەماڵەو سەرجەم کەسوکاری ئەو شەهیدە ، سەرەخۆشی دەکاو، هیواخوازە لە زووترین کات بکەران و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە تیرۆریستییە بناسێندرێن و بە سزای تاوانەکەیان بگەین.











