عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، دوژمنانی ئێران لە ھەوڵی ھاندانی كرێكاران دان و دەیانھەوێ لەو رێگەیەوە فشار بۆسەر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران دروست بكەن.
خامنەیی لە پەیامێکدا کە بۆ کۆنگرەی رێکخراوێکی کرێکاران گوتی: یەكێك لە كارە سەرەكییەكانی دوژمنانی ئێران ھاندانی كرێكارانە و دەیانھەوێ كەڵك لەو قەیرانە وەرگرن و كارخانە و كارگەكان لە كار بوەستێنن. بە قسەی عەلی خامنەیی كرێكارانی ئێران ئەم كارە ناكەن و ناكەونە داوی دوژمنانەوە. ناوبراو لە حالێکدا ئەو قسانەی دەکرد کە کرێکارانی زۆربەی شیرکتە گەورەکانی ئێران مووچەی دواکەوتویان هەیە و پێیان نەدراوە و بۆ خۆیان دێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی دەردەبڕن ، خۆپێشاندان بەڕێوە دەبەن کە لە لایەن دامودەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە توندی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێ.
شایانی باسە ناوبراو ڕۆژێک دوای خۆپێشاندانی بەربڵاوی کرێکارانی پیشەسازییەکانی پۆڵای ئەهواز، شیرکەتەکانی نەوەردی کەوسەر، نەوەردی تیرئاهەن، کارخانەی لوولەسازی و ماشێن سازی قسەی کرد کە ماوەی چەند مانگە هەقدەستی مانگانەیان وەرنەگرتووە و نزیک بە حەوتوویەکە ئەو مانگرتنە بەردەوامە. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی باش ئەوە دەزانن کە مانگرتنی کرێکاران لە ئاستی بەربڵاودا چەند مەترسیی لەسەر ڕووخانی ڕێژیم هەیە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هەموو ڕۆژێ لە شارە جیاجیاکانی ئیران کۆبوونەوە و خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەچێ و لەوانەیە فراوانتریش بێتەوە.