دوێنێ چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردان نووسەر و لێکۆڵەری ماندوونەناسی کورد ئەحمەد شەریفی لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانیەکانی شاری مهاباد کۆچی دوایی کرد.
ئەحمەد شەریفی یەکێک لەو قەڵەم بەدەستە ماندوو نەناسانە بوو کە زیاتر لە ٥٠ ساڵ لە تەمەنی خۆی لە پێناو خزمەت بە زمان و مێژووی نەتەوەکەی بردەسەر.
کاک ئەحمەد جگە لە نووسینی چەندین کتێب و سەدان وتار لە بواری مێژووی کوردستاندا ساڵانێکیش لە رادیۆ کوردیی شارەکانی کرماشان، سنە و دەنگ و رەنگی مهاباد خزمەتی بە زمان و فەرهەنگی کوردی کردوە.
کۆچی دوایی کاک ئەحمەد شەریفی لە حالێکدا بوو کە دلسۆزانی فەرهەنگ و زمانی کوردی هێشتا ماتەمباری لە دەست دانی نووسەر و رۆژنامەنووسێکی دیکەی نەتەوەکەمان کاک ئەحمەد قازی، بوون.
لە رۆژی کۆچی دوایی ئەم گەورە نووسەرانەی نەتەوەکەماندا ئەوەی کە زۆر جێگای داخە و پێویستە ئاماژەی پێبکرێ ئەوەیە کە ئەم کەسانە کە سامانێکی گەورە و نەتەوەیی وڵاتەکەمانن زۆر بە غەریبی ماڵاوایی لە نیشتمان و نەتەوەکەیان دەکەن و بە شێوەی پێویست رێزیان لێ ناگیرێ. هەروەها کۆچی دوایی ئەم کەسانە لە حاڵێکدا کە بۆ خۆشیان کە هەڵوەدا و سەوداسەری ئازادی و سەربەستی نەتەوەکەیانن، بەداخەوە ئەو رۆژە بە چاو نابینن و ئەو ئاواتە گەورەیە لە گەڵ خۆیان دەبەنە ژێڕ گڵ.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان وێڕای بەداخ بوونی خۆی لە کۆچی دوایی کاک ئەحمەد شەریفی سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی کاک ئەحمەد و کۆڕی نووسەران و دڵسۆزانی فەرهەنگ و زمانی کوردی دەکا.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان
٢١ی جۆزەردانی ١٣٩٤