خوێندکارێکی خەڵکی شاری سنە بەناوی عەممار ڕەحمانی تەمەن ٢٢ ساڵ ، لە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی ناروون گوستراوەتەوە و تا ئێستاش لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو لاوە خوێندکارە، زانیاریەک لە بەردەستدا نیە.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان ، عەممار ڕەحمانی پێشتر بە بۆنەی بەشداری کردنی لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە کوشتنی کۆڵبەرانی سەرسنوور و، هەروەها جێژنی گشتپرسی ، لە لایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە لێکۆڵینەوەی لێکرابوو.
ئەو خوێندکارە دەسبەسەرکراوە، لە کاتی گرتنی تاکوو ئێستا ڕێگەیان پێنەداوە چاوی بە مناڵەکەی بکەوێ و، هەروەها بنەماڵەکەشی سەرەڕای ئەوەی کە بەدواچوونی زۆریان کردوە ، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە شوێنی ڕاگرتنی کۆڕەکەیان و هەروەها لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئاگادار نین.











