ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەممە بەشێکی بەرچاو لە کاسبکاران و دووکاندارانی شارەکانی بانەو پیرانشار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر داخرانی بازارچە سنوورییەکان، دوکان و بازاڕیان داخست.
کاسبکاران و دووکاندارانی بانەیی بە پاڵپشتی چالاکانی مەدەنیی ئەشارە، بەارنبەر بە داخستنی سنوورەکان لە لایەن بەرپرسانی ئێرانی و عێراقییەوە لە بانگەوازێکدا داوای مانگرتنی گشتییان کرد بوو.
لەو بانگەوازە کە رۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەممە بڵاوکراوەتەوە، وێڕای ئاماژەدان بە ستەمی سیستماتیکی دەسەڵات، لە ماوەی نزیک بە چل ساڵ دەسەڵاتداریەتی لە خەڵکی ناوچە بێبەش و پەرواێز خراوەکان، وەکوو کوردستان و سیستان و بلووچستان، داوایان کردوە بە دژی داخستنی بازارچەکانی سەرسنوور مانگرتنی گشتی ڕابگەێنن.
هەر لەو پێوەندییەدا رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەممە خەڵکی شارەکانی بانەو پێرانشار بە نیشانە ناڕەزایەتی دەربڕین لە داخرانی سنوورە لاوەکی و کۆڵبەرییەکان ، دووکان و بازاڕیان داخست و، خوازیاری کرانەوەی سنوورەکانن کە بۆ بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئەو دوو شارە تەنیا ڕیگەی دابینکردنی بژێوی ژیانە.
بە پێی زانیارییەکان کە بە دەستمان گەیشتووە، سەرلەبەیانیی ئەمرۆ شەممە خەڵکی شارەکانی بانەو پیرانشار دووکان و بازاریان داخست و هەر ئەمەش بووتە هۆی موڵدانی هێزێکی زۆر لە هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکان و بە زۆر داوا لە خەڵک دەکەن کە دووکانەکانیان بکەنەوە.بەڵام تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە خەڵک چاونەترسانە دووکان و بازاڕیان داخستووە.