ژنە ئاکتەری ناسراوی سینەمای ئێران، لەیلا حاتەمی بە باس کردن لە خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانبار وتی: جێی شەرمە کە خەڵکی ئێران بە تێچووی گیانلەدەستدانیان مافی ناڕەزایەتی دەربڕینیان هەیە.
ئاکتەری بەناوبانگی ئێرانی کە لە فستیڤاڵی فیلمی بڕلین بەشداریی کردوە بە ئاماژەپێدان بە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی خەڵکی ئێران لە مانگی بەفرانبار ، لە هەمبەر سەرکوت و دەمکوتی خەڵکی ناڕازی، نیگەرانی دەربڕی.
حاتەمی لە پێرس کۆنفڕانسی تایبەت بە فیلمی “خووک” بە دەرهێنەری مانی حەقیقی کە لە بەشی کێبەرکێی فستیڤاڵی بڕلین پێشاندرا بوو، ڕایگەیاند: دەمهەوێ لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرم و بە داخبوونی خۆم لە هەمبەر شێوەی هەڵسوکەت کردنی دەسەڵاتی ئێران، لەگەڵ خۆپیشاندەران دەرببڕم”
شیاوی باسە زۆربەی ئەکتەرە سینەماییەکانی ئێران کەمتر باس لە رووداوە سیاسییەکانی ئێران دەکەن مەگەر جاروبار لە مەودای هەڵبژاردنەکاندا.
لەیلا حاتەمی بە باس کردن کە ئەمە یەکەمجارە باسی سیاسەت دەکا، بە ئاوردانەوەیەک لە کوژرانی چەندین کەس لە خۆپێشاندەرانی مانگی بەفرانبار، لەو بارەوە وتی: جێی شەرمە کە تێچووی ناڕەزایەتی دەربڕین لە ئێران، گیانلەدەستدانی خۆپێشاندەران بێ.
جێیوەبیر هێنانەوەیە کە لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار کە نزیک بە ١٠٠شاری و شارۆچکەی ئێرانی گەرتەوە، لانیکەم ٢٥کەس لە خەڵکی ناڕازی گیانیان لەدەستداو، پتر لە ٥٠٠٠کەسیش دەسبەسەر کران.
لەو پێوەندییەش چەندس کەس دیکەش لە ئاکتەرەکانی سینەمای ئێران وەکوو تەرانەی عەلیدۆستی و مەهناز ئەفشار و نەوید محەممەدزادە و حەمید فەڕۆخ نەژاد و هدیە تێهرانی هێرشی ناوەندە ئەمنیەتییەکانیان بۆ سەر خۆپیشاندەران مەحکووم کردو، پشتیوانی خۆیانیان لە خەڵکی ئێران دەربڕی.
قسەکانی لەیلاحاتەمی لە فستیڤاڵی بڕلین، هاوکات لە نێوخۆی ئێران دەنگدانەوەی لێکەوتەوە، لەو پێوەندییەدا رۆژنامەی جەوان زمانی حاڵی بناژۆخوازان لە بابەتێکدا ڕایگەیاند، کە ئەو ئاکتەرە سینەماییە پشتیوانی لە ئاژاوەگێڕان کردوە.
بەشێک لە چالاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش هەڵوێستی “لەیلا خاتەمی “یان بوێرانە زانی و، پشتیوانییان لێکرد.
لە بەرانبەریش کەسانی سەر بەدەسەڵات ، ڕەخنەیان لە لەیلا حاتمی گرتوە کە نەدەبووا لە لای خەڵکی بیانی بەوشێوە باسی لە هەلومەرجی ئێران بکا.
شیاوی باسە لەیلا حاتەمی لە سەرەتای ساڵی ٧٠ی هەتاوی بە شێوەی پێشەیی هاتە نێو سینەمای ئێران و، لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، لە ٣٣ فیلمی سینەمای ڕۆڵی نواندوە، کە بەرچاوترینی بریتن لە: “دلشدگان” و “جدایی نادر از سیمین”.