هیچكام لە حیزبەكانی دژبەری حیزبی دەسەڵاتدار لە توركیە پێیان خۆش نییە هاوكاریی حیزبی “داد و گەشهپێدان” بكەن.
حیزبی كۆماری گهلی توركیە بە ڕێبەریی كەماڵ قلیچ دارائۆغلو بە هێنانەوەی سەدی ٢٥ی دەنگەكان گەورەترین حیزبی ئۆپۆزیسیونە. ئهو دەڵێ خەڵك بە ئێمە دەڵێن، یەكگرتوو بن، بەڵام لەم بەینەدا هیچ یهکگرتنیک لهگهڵ حیزبی داد و گەشە نییە.
حیزبی داد و گەشە دوای ١٢ ساڵ تهڕاتێنی سیاسی زۆرینەی كورسییەكانی پارلمانی لە دەست داو بۆ پێكهێنانی دەوڵەت ناچارە لەگەڵ حیزبەكانی دیكە پێک بێ، بەڵام ئەمە تەنیا قلیچ دارائۆغلو نییە كە سەبارەت بە پێكهێنانی بەرە لەگەڵ حیزبی داد و گەشە بێ مەیله. سەلاحەدین دمیرتاش، ڕێبەری حیزبی دێموكراتیكی خەڵكیش ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردان ڕایگەیاند كە لە هیچ بەرەیەكدا نابین كە حیزبی داد و گەشەی تێدا بەشدار بێ.
لە لایەكی دیكەوە سێ حیزبی دژبەری دەوڵەت ئەگەر پێکهوه ساغ ببنهوه دەتوانن دەوڵەت پێك بێنن، هەڵبەتە ئەم سێ حیزبە لەسەر هێندێك بابەت جیاوازیی بیروڕایان هەیە.
شایانی باسە كە ئەگەر پارلمانی نوێی توركیە لە ماوەی ٤٥ ڕۆژ نەتوانێ دەوڵەتی نوێ پێك بێنێ، ڕەجەب تەیب ئەدرۆغان سەركۆماری ئەم وڵاتە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە بڕیاری دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردنهکان بدا.