عەلیڕەزا ڕەسووڵی، بەندكراوی سیاسیی کورد لە زیندانی مەهاباد، لە یازدەیەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا ڕاپێچی سلوولی تاكەكەسی كرا.
بەپێی ڕاپۆرتی كۆمەڵەی چالاكانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، عەلیڕەزا ڕەسووڵی كە پاش پەرەسەندنی نەخۆشییەكەیو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە نەبوونی چارەسەری پزیشكیو ڕێگری كردن لە ناردنی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەكانی دەرەوەی زیندان مانی لە خواردن گرتووە، نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی ١٩ی جۆزەردان پاش بانگكران بۆ ژووری سەرۆكی زیندان، بۆ ماوەی 3 كاتژمێر لە لایەن دەستوپێوەندییەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری مەهاباد لێكۆڵینەوەی لێكرا و پاشان بۆ بەندی تاكەسیی زیندانی ئەم شارە گوازرایەوە.
پێداگریی بەردەوامی عەلیڕەزا ڕەسووڵیو بنەماڵەكەی لە بەرپرسانی زیندان بۆ پێدانی مەرەخەسیی دەرمانیو چارەسەری پزیشكی، تا ئێستاش بێ وڵام ماوەتەوە، هەر بۆیە ئەم گیراوە سیاسییە، لە ڕۆژی سێشەممە ٩ی جۆزەردانەوە مانی لە خواردن گرتووە.
كاربەدەستانی زیندانی مەهاباد، وێڕای دژایەتی كردن لەگەڵ داواكانی ناوبراو، لە وەرگرتنو ڕادەست كردنی كەرستەی ڕێگەپێدراو وەك پەتۆ و كەوشی تیببی كە لە لایەن بنەماڵەی ئەم زیندانییە بۆی نێردراوە خۆیان بواردووە و سەرۆكایەتی زیندان، ڕاشكاوانە وەرگرتنی ئەم كەلوپەلەی بە وازهێنان لە مانگرتنی ناوبراو بەستۆتەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە کە تووشی کۆمەڵێک نەخۆشیی وەك چڵككردنی سییەكان، نەخۆشی ئەژنۆ و ڕۆماتیسمی ئێسقان بۆتەوە، ئەگەرچی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ئەم نەخۆشییانە بڕستی لێ دەبڕن، بەڵام بەم حاڵەو سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە 2 ساڵ و نیو لە بەندكرانی عەلیڕەزا ڕەسووڵی، كاربەدەستانی زیندان تا ئێستاش لە پێدانی مەرەخەسیی دەرمانی یان ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەكانی دەرەوەی زیندان خۆیان بواردووە.
شایانی باسە كە عەلیڕەزا ڕەسووڵی لە ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩١ دوابەدوای بەشداری كردن لە كۆبوونەوە هێمنانە جۆراوجۆرەكان دەستبەسەرو ڕاپێچی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد كراو پاشان بۆ زیندانی ئەم شارە گوێزرایەوە. ناوبراو لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕش بە تۆمەتی تەبلیغات بەدژی نیزامو هەوڵدان بەدژی ئەمنیەتی نیشتمانی لە ڕێگەی پێك هێنانی كەین و بەین، حوكمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپاوە.