مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەم گفتوگۆیەی ئاوێنەدا دەڵێت: “لەكۆنگرەدا هەر ئەندامێکی کۆنگره، حەقی ئەوەی هەیە خۆی كاندید بكا و ببێتە ڕێبهری و دوایهش سکرتێری حیزب، جا ئەوە مستەفا هیجری بێ، یاخود هەر هاوڕێیەكی دی”.
ئا: ئامانج
ئاوێنە: ١ی رێبەندانی ١٣٩٦ بەیاننامەیەکتان بڵاو کردوەتەوە سەبارەت بەپەلاماردانی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیاوە، ئەوەی جێگای سەرنجە لەڕاگەیاندنەکەی ئێوەدا بەهیچ جۆرێک باسی: (پەیەدە)، (یەپەژە)، (یەپەگە)، سوپای سوریای دیموکرات (قەسەدە) نەکراوەو ناوی ئەو هێزانەتان نەهێناوە، مەبەستتان لەناونەهێنانیان چییە؟
مستەفا مەولودی: ئێمە بەیاننامەیەکمان لەو بارەیەوە بڵاو کردەوەو هێرشی دەوڵەتی تورکیامان بۆ سەر عەفرینو تێکۆشەرانی کورد ئیدانە کردوە، داوامان لەکۆمەڵی نێودەوڵەتی کردوە، بەهانای خەڵکی عەفرینەوە بچێت، بۆ ئەوەی کارەساتێکی تری وەک ئەوەی لەکۆبانێو موسڵ ڕووی دا دووبارە نەبێتەوە، ئەوەی ناوی ئەو هێزانە نههاتوه مهبهستی له پشت نییه، ئێمه لەبنەڕەتدا هێرش بۆ سەر عەفرینو تێکۆشەرانی ئەو شارەمان ئیدانە کردوه.
ئاوێنه: سیاسهتی ئێران لهو پێوهندییهدا چۆن ههڵدهسهنگێنی؟
مستهفا مهولودی: لەنەخشەڕێگای ئێراندا دهگوترێ که هێرشی تورکیای پێ باش نییە، لەو بارەیەوە ئێران داوا دەکات هەر چی زوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێتو دەوڵەتی تورکیا هێرشەکە رابگرێت، بەڵام ئەو سیناریۆیانەی لەبەر دەستدان، بۆچوونی دەوڵەتانی حاکم بەسەر کوردستاندا، لەبەرانبەر کێشەی کوردستاندا هەموو بەزەرەری کوردوو بزووتنەوەی کوردیدا دەشکێنەوە، بۆیە دەتوانم بڵێم، سیاسەتی ئێران به ههر دوو لادا دهشکێتهوه. وەک ئەوەی لەسەرەوە بڵێت هێرش مەکەنو داوا بکات بەگفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێت، هەم لەژێرەوە پێی ناخۆش نەبێت، دەسەڵاتی سیاسیی کوردی لەو ناوچەنەدا لاواز بکات، کە بەزەرەری بردنەپێشەوەی بزووتنەوەی کوردی ئەژمار دەکات.
ئاوێنە: بەشێک لەسکرتێرو دەفتەری سیاسیی بەتایبەت (ئەنەکەسە)، ئیبراهیم بڕۆ، سەعد مەلا… هەموویان گوتیان، ئامادەین بەشداریی خەباتو تێکۆشان دژی تورکیا بکەین، بەڵام پەیەدە رێگا نادات، تەنانەت دەڵێن ئەوەی رژێمی بەشار ئەسەد نەیتوانی بەئێمەی بکات، ئێستا پەیەدە پێمان دەکاتو سەرکردەکانمان دەکاتە زیندانەوە، هەست ناکەیت گرفتێک هەیە، گوتارێکی گشتیی نیشتیمانیی نەتەوەییی یەکگرتوو لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا نییە بەهۆی پەیەدەوە؟
مستەفا مەولودی: یەکەم ئێمە راستەخۆ لەمەیدانەکەدا نیین تا بەکرداری بزانین، کام هێزی سیاسی لەمەیداندایەو کام لەهێزەکان بەربەستو کێشەی بۆ دروست دەکات، بەڵام ئەوەی دەیخوێنینەوە، بەڵێ بەداخەوە کێشە لەنێوان هێزە سیاسییەکانی ئەوێدا هەیە، هەر ئەمەیش دەتوانێت ببێت بەیەکێک لەبەڵگەکان، بۆ ئەوەی دوژمنان تەماع لەکوردستاندا بکەن، وەک ئەگەر ئەگەرێکی بەهێزە، ناکۆکی دروست بکەنو هێرش بکەن، بەڵام بەبۆچوونی من زیاتر بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێزو ئەو هێرشانەی لەسەر ئەو ناوچانە دەکرێن، کاریگەریی هەیە تا کێشەی نێوان دوو حیزبی سیاسیی کورد لەوێ، بەتایبەت کە لایەنێکیان چەکدار نییە، تا بڵێن کێشەی گەورەی دروست کردوە، کە ئەو کێشە گەورەیە ببێت بەهۆکاری دروستبوونی ئەو شەڕەو ئەو نیگەرانییەی ئێستا هەموومان هەمانە.
ئاوێنە: لەخۆپیشاندانەکانی ئێراندا لە١٦ی بەفرانباری ١٣٩٦ لەو بارەیەوە بەیاننامەیەکتان بڵاوکردوەتەوە، ئەوەی جێی سەرنجە، حیزبی دیموکراتی کوردستان بەبایەخەوە باسی بەشداریی خەڵکی لەخۆرهەڵاتی کوردستان لەخۆپیشاندانەکانی ئەم دوایییەدا کردوەو یەکڕیزیو یەکگرتوویی خەڵکتان بەگرینگ هەڵسەنگاندوە لەخۆپیشاندانەکاندا، بەڵام نایەکگرتوویی هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان، کە تا ئێستا نەیانتوانیوە گوتارێکی هاوبەشیان هەبێت بۆ خۆپیشاندەرانو خەڵکی کوردستان؟ پێتانوایە ئەم رەخنەیە چۆن چارەسەر دەکرێت لەداهاتوودا؟
مستەفا مەولودی: خەڵكی كوردستان گلەییی لەئێمە هەیەو پشتگیریی دەكەین، نەك هەر ئێمە وەك حیزبی دیموكراتی كوردستان، حیزبەكانی تریش لەلێدوانەكانو نووسراوەكانیاندا ئەو گللەیییەیان لەحیزبەكانی خۆرهەڵات هەیە، كە وەك پێویست وەڵامی داواكاریی خەڵكیان نەداوەتەوە بۆ یەكێتیو هەماهەنگیو بەیەكەوەبوون، لەو بارەیەیشەوە هەموومان چەند ساڵێكە هەنگاوێكمان دەست پێ كردوە تا بتوانین كۆدەنگییەك لەنێوان هێزە سیاسییەكانی خۆرهەڵاتدا دروست بكەن. بەخۆشحاڵییەوە لەو ماوەیەدا خەریكە بەرهەمی ئەو كارو هەوڵو ماندووبوونە دەردەكەوێت، سێ هەفتە لەمەو بەر بانگهێشتمان كردن، حیزبەكان بەخۆشحاڵییەوە بەشدارییان كرد، هەر لەوێ رێكارێكمان دانا، ئەم رێكارە بەردەوامە، ناوەندێكی هاوكاریی حیزبەكانی خۆرهەڵات لەئارادایە بۆ بەردەوامبوونی كار بەیەكەوەو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو نیازە، بەپلاتفۆڕمو لەژێر چەترێكی هاوبەش بین، لەو بڕوایەدام جێگەی دڵخۆشییەو ئومێدی لێ دەکرێت هەموومان بەهەستی بەرپرسیارێتییەوە بتوانین لەسەركەوتنی ئەو پرۆسەیەدا نەخشمان هەبێت، هەم جێگەی دڵخۆشیی خەڵك دەبێت، هەم خەڵك بەئیرادەتر دەكات لەو رووداوانەی روویان داوەو ناڕەزاییی خەڵك دەستی پێ كردوەو كۆتاییی نەهاتوە، كۆمەك دەبێت بۆ یەكێتیی زۆری نێوان بەشە جۆراوجۆرەكانی خەڵكی ئێرانو كوردستان.
ئاوێنە: باس لەوە دەكرێت ئەمەریكاو ئیسرائیلو بەشێك لەوڵاتانی عەرەبیو یەكێتیی ئەورووپا بەجۆرێك لەجۆرەكان دەستیان لەسازدانی ئەو خۆپیشاندانانەدا هەبووە، تا چەند پشتگیریی ئەوە دەكەیت، كە ئەمەریكاو وڵاتان ئامادەسازییان نەكردوە بۆ خۆپیشاندانەكان، راستە پشتگیریی میدیاییان كردوە. لەو بارەیەوە پێت وایە ئەوە دروستە؟
مستەفا مەولودی: من پشتگیریی ئەو بۆچوونانە دەكەم، وڵاتانی دەرەوە بەلەبەرچاوگرتنی بەشمەینەتیی خەڵكی ئێرانو زۆرداریی حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران پشتگیرییان لەداوای رەوای خەڵكی ئێران كردوە، داوایشیان لەئێران كردوە كێشەی خەڵكی ئێران لەڕێگەی ئاشتییانەوە چارەسەر بكات، ئەوەی تر كە هەیە دوژمنداتاشینو سیناریۆ دروستكردن لەحكوومەتی ئێراندا كاری یەكەم جار نییە، هەمیشە دوژمنی دروست كردوە بۆ ئەوەی ئامانجەکانی خۆی پێ بپێكێو خەڵكی ئێران لەو رێگەیەوە بچەوسێنێتەوە، بۆیە لەو بارەیەوە ئەگەر بەرپرسێكی ئێران قسەیەكی كردبێت، بەڵام پیاوێكی كاریگەر لەئێراندا وەك محەمەدی خاتەمی راست دەكات، ئەو كێشانە كێشەی ناوخۆییی ئەو كۆمەڵگەیەن، سەرۆك كۆمارو كارمەندو هەندێك پەرلەمانتار وا دەڵێن، بەڵام واقعیەتی ئێستای ناو ئێران كێشەی زۆرە، كە خودی حكومەتی ئێران بۆ خەڵكی ئێرانی دروست كردوە، ناڕەزایی خەڵكی ئێران لەو ٣٨ ساڵەدا زۆرو كەم هەبوە، بەڵام ئێستا زۆرترو بڵاوتر بوە، ئەو ناڕەزایییانە بەردەوام دەبن بەشێوازێكی جۆراوجۆر بۆچی:
یهکهم، ئهوهی حكومەتی ئێران نایەوێت كێشەكان چارەسەر بكات
دووههم، ئەگەر بیەوێت چارەسەریان بكا، ناتوانێت نە لەڕووی سیاسییەوە، نە لەبواری ئابووریو دارایییەوە، هەتا ئەو كێشە گەورانەی كە حكوومەتی ئێران بۆ دونیای دەرەوە بەناوی دەستتێوەردانی لەوڵاتانی تر دروستی كردوە، ئەوە كێشەیەكە بۆ خەڵكی ئێران.
ئاوێنە: قسەیەك هەیە کە “واشنتۆن رۆڵی گەورەی هەیە لەدەستتێوەردان لەوڵاتانی ناوچەكە لەعێراق، سووریا لەڕابردوودا لەئەفعانستانو وڵاتانی بەهاری عەرەبی: لەتونس، لیبیا، یەمەنو لەمالی، بەڵام قسەی وڵاتەیەكگرتوەكانی ئەمەریكا ئەوەیە ئەڵتەرناتیڤێك لەناو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی نابینن، ئۆپۆزسیۆنی خۆرهەڵاتی كوردستان ئۆپۆزسیۆنێكی یەكگرتوو نییە، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەگشتی یەكگرتوو نییە، پێت وا نییە ئەو قسەیەی ئەمەریكا جیدیەو راستیی تێدایە كە ئێوە نەبوونەتە ئەڵتەرناتیڤ، ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەكوردو بلوچو توركمانو هێزەكانی تر نەبوونە ئەڵتەرناتیڤ؟
مستەفا مەولودی: ئەمەریكا لەناوچەكەدا كاریگەریو رۆڵی هەیە، ئەم كاریگەرییەی لەسەر ئێرانیش هەیە، ئۆپۆزیسیۆنی ئێران نایەكگرتووە، روون نییە تا خەڵكی ئێران بەهەموو پێكهاتەكانییەوە رووی تێ بكەنو بڵێن ئەوە ئەڵتەرناتیڤی دواڕۆژی ئێمەیە لەبەرانبەر حكوومەتی كۆماری ئیسلامی، بەڵام بەبۆچوونی ئێمە نابێت لەو بارەیەوە زۆر گلەیی لەهێزە سیاسییەكان یاخود لەكەسایەتییە سیاسییەكان یان لەخەڵكی ئێران بكەین، چونكە حكوومەتی ئێران 38 ساڵە ئۆپۆزسیۆنی خۆی لەناو دەباتو دەیكوژێت، ئەنجامی یەكێك لەتوندو تیژییەكانی كۆماری ئیسلامی بەرانبەر خەڵكی ئێران نەهێشتنی ئۆپۆزسیۆنە.
كێشەیەک لەئێران هەیەو خەڵكی ئێران هەستی پێ دەكات، هێزە سیاسییەكانو ئێمەیش هەستی پێ دەكەین، پێم وایە هەلومەرجەكە بەجۆرێكە خەڵكی ئێران تواناو ئازایەتیی ئەوەیان هەیە ئۆپۆزسیۆن لەدەوری یەكتر بنو یارمەتیدەر بن، بۆ كۆبوونەوە ئەدرەسێكی بەو جۆرە دروست بكەن لەبەرانبەر كۆماری ئیسلامیدا راوەستێو ئاییندەیەكی روون دەستنیشان بكات.
ئاوێنە: ڕۆژی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٦ بەرانبەر بە٢٠/١/٢٠١٨ پێنج حیزبی خۆرهەڵاتی كوردستان: كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی دیموكراتی كوردستان، سازمانی خەباتی كوردستانو كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان سەبارەت بەپێكهێنانی (ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان) راگەیاندنێكتان داوە، پێكهێنانی ئەم ناوەندە چییە، ئەم فۆڕمەڵبەندییە چۆن دروست بوە، وەك ئەو هەموو بەرەو پێكهێنانو دانیشتنەیە، كە لەڕابردوو كردووتانەو ماوەیەك درێژە دەكێشیو هەڵدەوەشێتەوە، یاخود ئەم جارە بەجیدیتانە؟
مستەفا مەولودی: لەسەرەتاوە هەر بەجیدیمان بوو، چونكە من پێم وایە بزووتنەوەی كورد لەخۆرهەڵات هەر لەیەكەم ڕۆژەوە كە هەنگاویان ناوەو هەستیان كردوە، پێویستە حیزبەكانی خۆرهەڵات لەدەوری یەك كۆ ببنەوەو پلاتفۆڕمێكی هاوبەش هەبێتو زمانێکی یەکگرتووو ئەدرەسێك بۆ بزووتنەوەی كوردی پەیدا بكەن، بەڵام زۆر ئاسایییە خوێندنەوەی جیاواز، كێشەكان کە لەخودی نێو حیزبەكانو لەناو هێزە سیاسییەكان دروست بوە، بەداخەوە ئەو پرسەی كەمێك دوا خستوە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی تازەی ئێستای هەرێمی كوردستان، كە كاریگەریی هەیە لەسەر بزووتنەوەی كورد لەخۆرهەڵاتی كوردستان، ئەو بارودۆخە تازەیەی كە لەئێران هاتوەتە پێشەوە، كاریگەریی هەیە لەسەر كوردو زۆر ئاسایییە هێزە سیاسییەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان جیدیترو بەرپرسیارانەتر بێنە مەیدان بۆ پێكهێنانی زەمینەیەكی خۆشتر بۆ هاوكاری، ئێستا ئێمە پێكەوە ئەم پێنج حیزبەناوەندێكمان پێكهێناوە، ناوەندەكەیش لەبەردەوامیدایە، وردەوردە بەرنامەو پرۆژەكانی زۆرتر دەردەخات، كاتێك ئاشكرایە بەجیدیەتی زیاتر هاتوەتە مەیدان، پێم وایە دەتوانێت وەڵامی نیازەكە بداتەوە، چونكە هەموومان زەرورەتەكانی هەست پێ دەكەینو لامان وایە كارێكە لەبەردەماندایەو ئەگەر نەیكەین هەم خۆمان لەبردنەپێشەوەی كارەكەماندا كەمتەرخەمیمان كردوە، هەم خەڵكیش زیاتر لێمان تووڕەو ناڕازی دەبن.
ئاوێنە: ئەو ڕاگەیاندنە هاوبەشەی داوتانە، بۆ پێكهێنانی ئەو ناوەندە، هەر زوو رووبەڕووی رەخنەی چەند لایەنێکی نێوخۆتان بوەوە: سازمانی كوردستانیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) پێیوایە هەندێك لەو هێزانەی لەو ناوەندەدا كۆ بوونەتەوە، حەز بەچارەی یەكتر ناكەنو نایانەوێت لەگەڵ یەک دابنیشن، بەڵام بۆچی پێكەوە دانیشتوون؟ (پژاك)یش لەو بارەیەوە گلەییی هەیە، بۆچی ئەو دوو هێزەی ئۆپۆزسیۆن لەخۆرهەڵاتی كوردستان گلەیییان لەپێكهێنانی ئەو ناوەندە هەبوە، بۆچی بەشداریتان پێ نەكردن؟
مستەفا مەولودی: ئەو پێنج حیزبە لەدەوری یەكتری دانیشتوون نیشانەی ئەوەیە، زەمینەیان تێدایە پێكەوە دابنیشنو چەندین ساڵە ئەو دانیشتنانە هەیە، سەرەتایەكی باشیان دەست پێ كردوە، ناوەندێكی هاوكارییان بۆ درێژەپێدانی كاری گرینگ پێكهێناوە. سازمانی كوردستان حیزبی كۆمۆنیست (كۆمەڵە) لەنێو ئەو كۆبوونەوانهدا هەبوە، چەند جاریش خۆی هەمووانی بانگهێشت كردوەو بەدەنگیانەوە چووە، ئێستایش هەم ئێمەو هەم حیزبی زەحمەتكێشان بانگهێشتمان كردبوون، ئەوان نەهاتن و دەبێت ئەو پرسیارە لەوان بكرێ که بۆچی نەهاتوون؟
ئاوێنە: بەتێڕوانینی تۆ بۆچی نەهاتوون كە كۆبوونەوەكە لەبارەگای ئێوە بوو؟
مستەفا مەولودی: مهسهلهکه ئهوه بوو که بۆ فڵان حیزبی سیاسی بەشدارەو فڵان حیزبی سیاسی بەشدار نییە. ئێمە وەك حیزبی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەداین مادام دەمانەوێ لەدەوری یەكتری كۆ ببینەوە، لەگەڵ سیستمی سڕینەوە نین، لەگەڵ سیستمی بەشداریكردنداین. دەڵێین: لایەنێكی سیاسی كە چەند ساڵە لەكۆبوونەوەكان دایه و چەندین ساڵە بەشداریی كردوەو پێشینەو مێژوویەكی هەیە نابێ حهزف بکرێ.
ئاوێنە: مەبەستت سازمانی خەباتە؟
مستەفا مەولودی: بەڵێ، مەبەستم سازمانی خەباتە، لایەنی سیاسیی تریش هەیە ئێمەیش پێمان وایە هەیە دەی فەرموو وەرن لەم كۆبوونەوانە دادەنیشینو قسە دەكەین، ئەگەر بەهەموومان بەو بڕوایە گەییشتین، بەبوونی زۆرتر لەو حیزبانە، كە ئەوەیش دەزانین حیزبی دیاریكراوە، كەواتە بەكۆدەنگی دەتوانین چارەسەرێك بۆ ئەوە بدۆزینەوە، حەساسیەتمان لەگەڵ هیچ حیزبێكدا نییە وەك حیزبی دیموكراتی كوردستان پێمان خۆش نییە رەخنە لەهیچ حیزبێك بگرین، بەڵام ناوەندێكمان پێك هێناوە، زۆر ئاسایییە ئەو ناوەندە دەبێت بەکۆدەنگی بڕیار بدات لەسەر ئەو شتانەو من پێم وایە هاتنیان باشە، بەڵام دەبێت بەهاوفكریو بەهەماهەنگیو بەڕەزامەندیی هەموان بێت.
ئاوێنە: یەكگرتنەوەی ئێوە وەك حیزبی دیموكرات كوردستان (حدك) لەگەڵ حیزبی دیموكراتی كوردستان ئێران (حدكا) لەچەند رۆژی رابردوودا (مستەفا هیجری) هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەكرد، ئەوان هێشتا هاوڕێیانی پێشوون! زۆر پرسیارمان لێ كرد، ئەوانە بۆچی هاوڕێیانی پێشوون، ئۆرگانی رەسمییان هەیە، حیزبی سەربەخۆن، جیاوازیی زۆریان هەیە لەگەڵ ئێوە، كەچی گوتی، پەیوەندییەكانمان زۆر باشە؟
مستەفا مەولودی: ههروهک چەقبەستوویی له ئایدیۆلۆژیدا هەیە، هەندێك جار حیزبێكی سیاسی لەئۆرگانێكەوە بڕیارێك دەدات، دەستی ئۆرگانەكانی تر دەبەستێت، ئەوە كێشەی سەرەکیی ئێمەیە، بڕیارێكە كە لەكۆنگرەدا داویانە، بەبڕوای من بڕیاری كۆنگره دەبێت دەستكراوەییو مەیدانیی تێدا هەبێت، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە پەیوەندییەكانمان باشە، هاتوچۆمان هەیە لەمەسەلەی پەیوەندیی رۆژانەو سەقامگیریو پێشمەرگەدا هاوكاریمان هەیە.
ئاوێنە: ئەوان ئێستا ئامادەسازی دەكەن بۆ بەستنی كۆنگرەی نوێی (حدکا)، (مستەفا هیجری) ڕایگەیاندوە: حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران واتە ئێوە بەدوو خاڵ رازین: یهکهم، رازین ناوی حیزبەكە، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بێ. دووههم، بەوەیش رازین مستەفا هیجری سكرتێری ئەو حیزبەی داهاتووی دیموكرات بێ. ئێوە ئەوەتان یەكلا كردوەتەوە… رازین؟
مستەفا مەولودی: ئێستا ئێمە گەڵاڵەیەكمان بەیەکەوە هەیە کاری لهسهر دهکهین، ئەوان ویستی خۆیان بەنووسراوه دا بەئێمە و، ئێمەیش نووسراوی خۆمان دا. ئێستا ئەو دوو نووسراوە بوون بەیەك نووسراو، لەنێو ئۆرگانەکانی ئێمەدا دیالۆگ هەیەو بەخۆشییەوە لەزۆر خاڵدا گەییشتووینەتە زۆر شتی هاوبەش، لەو پەیوەندییە تایبەتەدا گوتوومانە، ئێمە کە كەوتینەوە سەر یەك، رازین لەژێر ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا درێژە بەتێكۆشانمان بدەین. ئێمه له حیزبدا كۆنگرەمان هەیە، لەكۆنگرەدا هەر ئەندامێکی کۆنگره، کە دەبێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حەقی ئەوەی هەیە خۆی كاندید بكاتو ببێتە سکرتێری حیزب، جا ئەوە مستەفا هیجری بێ، یاخود هەر هاوڕێیەكی تر.