لهکاتێکدا له ساڵوهگهری ٣٩ ساڵەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بۆ ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری ڕێژیمیێکی ئازاد و دێمۆکراتیک نزیک دهبینهوه کە خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادی قۆناغێکی نوێی بڕیوە. خۆپیشاندان و ناڕهزایهتییه جەماوەرییەکانی ٧ی بەفرانبار و ڕۆژانی دواتری کاریگەریی گەورەیان لە ئاستی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی دیکتاتۆری داناوە و سیمایهکی تازهی خهباتکارانهیان به بزووتنهوهی حهقخوازانهی گهلانی ئێران بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و هەڵپێچانی سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بهخشیوه .
ئاخێزی بەرین و بهربڵاوی شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران ئەگەرچی لە ناڕەزایەتی بە دۆخی نالەباری ژیان و مەعیشەتی خەڵکەوە بوو، بێگومان بەرهەمی سیاسەتی چەوت و گەندەڵیی ئابووریی داڕماو و ڕانتی و قۆرغکراوی سپای پاسداران و دامودەزگە ئەمنیەتییەکانی سەر بە بەیتی خامنەیین کە هەر زۆر زوو ئاراستەیەکی سیاسیی بەخۆوە گرت و بەشداریی جەسوورانە و ماناداری لاوان، ژنان، کرێکاران، خوێندکاران و باقی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە هیوایەکی تازەیان بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران بەخشیوە. نێوەرۆکی ئەو خۆپیشاندانانە و پانتاییە جۆغرافیاییەکەی لە چاو خۆپیشاندانەکانی پێشووتری ئێران دەریان خست کە ئێران و خەباتی سیاسی و مەدەنی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. سەرەکیترین بەرهەم و تایبەتمەندییەکانی ئەو قۆناغە: داماڵینی مەشرووعییەت لە سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە هەر دوو باڵی ئیسڵاحخواز و بناژۆخواز و ههروهها کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و داڕمانی هەیمەنەی ڕێژیم و لە بەرامبەریشدا بەرزبوونەوەی ورەی خەباتکارانەی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، سەڵماندی قەڵای دیکتاتورییەت لە بەرانبەر هێز و ئێرادەی جەماوەردا، چهند لاواز و زەبوونه .
ئاشکرایە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی نگریسی لە هیچ ئامراز و شێوازێک بۆ سەرکوت و داپڵۆسین، کوشتن و بڕین و زیندان و ئێعدام درێغی نەکردوە، بەڵام نەیتوانیوە هەستی ئازادیخوازی له ئێران بکوژێ. بۆیە پاش تۆمارکردنی مێژوویهکی ڕەش و کەڵکوەرگرتن لە هەموو دامودەزگە سەرکوتگەرەکانیەوە، بە هەموو پرۆپاگەندەی میدیایی و ئیرشاد و سیستمە پەروەردەکەیەوە نەیتوانی ئاراستەی ویستی خەڵک و ئامانجەکانی شۆڕشی ساڵی ٥٧ کە بریتی بوون له نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و چینایەتی، بههرهمهندی کەمایەتییە ئیتنیکی و نەتەوەییەکان لە مافه ڕەواکانیان، و ههروهها دەستەبەکردنی مافی ژنان، ئازادیی تاک و به گشتی بونیاتنانی ئێرانێکی ئازاد و دێمۆکرات وسکۆلار، بگۆڕێ .
لە ساڵیادی ٣٩ ساڵەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا بە چاوخشاندێکی کورت به بارودوخی سیاسی و ئابووریی ئێرانی ژێردهسهلاتی کۆماری ئیسلامی بهڕوونی دهردهکهوێ که چۆن بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێژیمە ئاوات و ئامانجهکانی شۆڕشی جهماوهرییان به لارێدا برد و به دواکهوتووترین یاسای سهردهم حاشایان له ماف و ئازادییهکان کرد و وڵاتیان نوقمی گەندەڵی، دزی و تاڵان و بڕ و وێرانی کردوه. هەڵاوسانی ڕوو لە زیاد بوون و بەتاڵتربوونەوەی سندووقی پاشهکەوت، وەرشکستەیی بانکەکان، نوشستیی ئابووری و بێکاری و… ئابووریی ئێران و تەنانەت ڕێژیم و دەسەڵاتیشی بە بن بەست گەیاندوە و تهنها ئاسوی گهش و هیوا بهخش بۆ کۆمهڵانی خهڵکی ئێران و چارهسهرکردنی ئەو کێشانه گۆڕانی سیستهمی سیاسیه، که ئهمرۆ به پانتایی ئێران بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی (ژنان، خوێندکاران، لاوان، ژینگەپارێزی، کرێکاران و…) تێیدا لە گەشەسەندنی بەرچاودان. کەشی ترس و تۆقاندنی داسەپاوی دەیان ساڵەی ڕێژیم شەقی گەورەی تێکەوتووە و خەڵک ترسیان ڕژاوە. لە ئاستی دەرەکی و ناوچەییشدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی گەورەی چارهەڵنەگر بەرەوڕووە. پشتیوانیی ئاشکرای لە تیرۆریزم، ئاژاوەگێڕی و شەڕەنگێزیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، بۆ دنیا ئاشکرایه و درێژهدانی ئهم سیاسهته چیدیکە قبوول ناکرێن .
بزووتنەوەی مافخۆازانهی کوردستان بە تایبەتمەندییە پێشکەوتنخوازانەکانی کە ههر له سهرهتاوه پێشەنگی خەبات بۆ ڕووخانی ڕژیمی تۆتالیتێر و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی بووه، بێ گۆمان لە داهاتووشدا ئەرکی گەورەی لەو بوارە لە ئەستۆ دەبێ.
بە تێگەیشتنی دروست لە هەلومەرجی ئێستا و ئەرکمان لە بەردەم ئەم گۆڕانە گەورە کۆمەڵایەتی و سیاسییە لە ئێران، لەم بڕوایە داین کە یەکیەتی، یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی هەموو ئازادیخوازان و ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی بۆ سەرخستنی ئەرک و ڕاسپاردە مێژووییەکانیان و پشتیوانی لە بزووتنەوە جەماوەرییەکان پێویستییەکی چارەنووسساز و حاشاهەڵنەگرە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای بەرزنرخاندنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دێمۆکرات و سیکۆلار و دادپەروەر، پشتیوانی لە خەباتی خەڵک بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیان و سەرەنجام گۆڕینی ڕێژیمی سیاسی لە ئێران دەکا و خۆی بە پاڵپشتی هەر بزووتنەوەیەکی دێموکراسیخۆازانه دهزانێ بۆ لاوازکردن و ههڵپێجانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە سەر پێویستیی هاوکاری و هاوپشتی و هاوخەباتیی هەموو خەباتکاران و ئازادیخوازانی ئێران پێداگری دەکاتەوە.
سهرکهوێ بزووتنهوی رزگاریخوازانهی گهڵی کورد.
بڕووخێ دهسهڵاتی کۆنهپهرستیی کۆماری ئیسلامی له ئیران .
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
(پێکهاتوو لە حیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێڕان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)
19ی رێبهندانی 1396 ههتاوی
٨ی فێوریەی ٢٠١٨ی زایینی