رۆژه‌کانی ٢٢ تا ٢٤ی خاکه‌لێوه‌ی ١٣٩٤ی هه‌تاوی (١١ تا ١٣ی ئاپریلی ٢٠١٥ی زایینی) رێبه‌رایه‌تیی هه‌ڵبژێردراوی کۆنگره‌ی پازده‌هه‌می حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، دوازده‌هه‌مین پلینۆمی خۆی به به‌شداریی ئه‌ندامانی ئه‌سڵی و جێگران و راوێژکارانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و راوێژکارانی ده‌فته‌ری سیاسی به‌ڕێوه برد.
پلینۆم به راگرتنی ساتێک بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له بیره‌وه‌ریی شه‌هیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان راپۆرتی سیاسیی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی که خوێندنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی سیاسیی نێوده‌وڵه‌تی و دوایین رووداو و ئاڵوگۆڕه‌کانی پێوه‌ندیدار به ئێران و ناوچه و هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی ئێستا و دووره‌دیمه‌نی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان له‌به‌ر رووناکایی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی له خۆ گرتبوو، له‌لایه‌ن کاک خالیدی عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانه‌وه پێشکه‌ش کرا.
له سه‌ره‌تای راپۆرتی سیاسی‌دا، وێڕای وه‌بیرخستنه‌وه و چاوپێداخشاندنی گرینگ‌ترین ئاڵوگۆڕه‌کانی سیاسه‌تی جیهانی له ماوه‌ی نێوان دوو کۆبوونەوەی رێبەری دا، پلینۆم جارێکی دیکه هه‌ڵوێستی مه‌نتقی و واقعبینانه‌ی پێشووی حیزبی له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه به دروست زانی که بریتی بوو له خۆبواردن له تهمابهستن به رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رادیکاڵی جیهانی ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی به‌هۆی ئه‌م پرسه و به‌ستنه‌وه‌ی ئاجێندای خه‌بات و تێکۆشان به چاوه‌ڕوانی له سیناریۆیه‌کی له‌م چه‌شنه. به باوه‌ڕی پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی، سه‌رباری هه‌موو که‌ڵکێکی فێڵبازانه که رێژیم هه‌وڵ دهداچ له‌و کێشه‌یه و چ ته‌نانه‌ت له چاره‌سه‌ره‌که‌ی وه‌ربگرێ، چاره‌سه‌ر و ههڵوهژێردرانی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له‌به‌ر ئه‌وه به‌قازانجه که مه‌یدانی مانۆڕی رێژیم له خانه‌ی ئه‌منیه‌تی جیهانیدا له‌ڕێگه‌ی ده‌ستڕاگه‌یشتنی له کورتماوه‌دا به چه‌کی ناو‌کی سنووردار بێته‌وه و چیدیکه‌ش هه‌موو سه‌رنجی کۆمه‌ڵگای جیهانی به‌بیانوو و هۆکاری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه له‌و پرسانه‌ی بۆ خه‌ڵکی ئێران مه‌سه‌له‌ی ئه‌سڵیین، واته دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ و مافی پێکهاته‌کانی ئه‌و وڵاته، وهرنهگێڕدرێ.
بێگومان پلینۆم ئه‌و راستییه‌ی له‌بیر نه‌کرد که رێککه‌وتنیک له‌و پێوه‌ندییه‌دا به مانای چاره‌سه‌ری پایه‌داری پرسه‌که نابێ چونکه له بنه‌ڕه‌ت ڕا کۆماری ئیسلامی رێژیمێکی جێگه‌ی متمانه و به‌رپرسیارێتی هه‌ڵگر نیه و ده‌کرێ له‌مه‌ودواش له‌م پرسه وه‌ک ئامرازێک بۆ به‌لاڕێدابردنی به‌ناو “غرووری میللی”ی ئێرانییه‌کان و پارامێترێک بۆ ده‌ستئاوه‌ڵایی له سه‌رکوتی ناوخۆیی و خراپکاریی ناوچه‌یی که‌ڵک وه‌ربگرێ. هه‌رله‌وکاته‌دا به‌ڵام پلینۆم له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که قۆناغه‌کانی پاش رێککه‌وتن و هه‌روه‌ها ئه‌و مهوعیدانهی له یه‌ک دوو ساڵی ئاینده‌دا کۆماری ئیسلامی له‌نێوخۆی وڵات‌دا له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌کان و ئایندهی “ره‌هبه‌ریی نیزام” لهپێشنی ده‌توانن سهفئارایی و مشت و مڕی تازه له‌نێوان باڵه‌کانی رێژیم‌دا به‌دووی خۆیاندا بێنن. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه وه‌ک ده‌بینین هه‌وڵێکی جیددی له ناوچه‌دا بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ نفووز و پێشڕه‌ویی له‌وه زیاتری رێژیم له قه‌یرانه‌کانی ناوچه‌دا له ئارادایه که دوایین نموونه‌یان هاوپه‌یمانیی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ناوچه به‌دژی حوسییه‌کانی ژێرپشتیوانیی ئێران له یه‌مه‌نه.
هه‌موو ئه‌مانه ده‌رخه‌ری ئه‌و راستیه‌ن که ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ک له دۆسیه‌ی ناوکیدا رێککه‌وتنێک به‌ڕێوه‌یه که مه‌رج نیه به قازانجی مه‌رامه ناسالمهکانی رێژیم بێ، له‌لایه‌کی دیکه‌وه رێژیم چ له ناوخۆ و چ له ئاستی ناوچه‌دا به‌ره‌وڕووی کۆمه‌ڵێک کێشه و چالشی جیددییه. هه‌ربۆیه پێویسته ئاجێندای خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵکی ئێران به سوود وه‌رگرتن له هه‌موو ئه‌و ده‌رفه‌ت و به‌ستێنانه‌ی ده‌کرێ له هه‌ردوو ئاستدا شکڵ بگرن، رێك بخرێ.
له به‌شێكی دیکه‌ی کاره‌کانی پلینۆمی دوازده‌هه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکڕات‌دا بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و هه‌لومه‌رجی خه‌بات و تێکۆشان له ناوخۆی وڵات بهلهبارچاوگرتنی ئه‌و بارودۆخه خرایه به‌ر باس. له‌و به‌شه‌دا پلینۆم وێڕای سه‌رنجدانه‌وه به ئاسته‌نگه‌کانی سه‌ر رێگای خه‌باتی مه‌ده‌نی، کار و تێکۆشانی بژارده سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کانی کورد له نێوخۆی وڵاتی به‌رز نرخاند و کۆمه‌ڵێک رێکاری له‌بواری بره‌وپێدانی هه‌وڵ و هیممه‌تی ئه‌و بژاردانه و هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ هێنانه مه‌یدان و له مه‌یداندا راگرتنی خه‌ڵک به شێوازی جۆراوجۆر و له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی بۆ ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستاندا گرینگن خسته به‌ر باس.
هه‌ر له‌و بڕگه‌یه‌دا کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وێڕای وه‌بیرخستنه‌وه‌ی حزوور و چالاکیی پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پارێزه‌رانی رۆژهه‌ڵات له ساڵی رابردوودا و به‌رزنرخاندنی ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌م حزوور و جموجۆڵه له‌بواری بووژاندنه‌وه‌ی وره و گیانی خه‌باتگێڕی له نێوخۆی وڵات، به‌ستێن و چه‌ند و چۆنیی درێژه‌دانی ئه‌م کار و چالاکییانه‌ی بۆ داهاتوو تاوتوێ کرد.
بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی کاره‌کانی پلینۆمی دوازده‌هه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ باس له پێوه‌ندی و هاوکاریی نێوان حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و هێزه‌کانی تری کوردستان ته‌رخان کرابوو. له‌و به‌شه‌دا وێڕای هه‌ڵسه‌نگاندنی پێوه‌ندییه‌کانی حیزب له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی کورد له باشوور، باکوور و رۆژئاوای کوردستان و دووباره‌کردنه‌وه‌ی په‌یامی یه‌كڕیزی و ته‌بایی، به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی سه‌رنج درابووه ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ دروستکردنی چوارچێوه و بنه‌مایه‌ک بۆ لێکگه‌یشتن و هاوکاریی نێوان هێزه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ئارادان و له‌و پێوه‌ندییه‌دا ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب راسپێردرا که هه‌وڵ و تێکۆشانێکی که له‌و پێوه‌ندییه‌دا ده‌ستی پێ کردووه، درێژه پێ بدا.
دوایین به‌شی کاره‌کانی پلینۆمی دوازده‌هه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ کۆمه‌ڵێک باسی نێوخۆیی و ته‌شکیلاتی ته‌رخان کرابوو. له‌و به‌شه‌دا وێڕای سه‌رنجدان به کۆمه‌ڵێک لایه‌نی کاروباری حیزب له چه‌ند مانگی رابردوودا، کۆمه‌ڵێک بڕیار و راسپارده له‌و پێوه‌ندییه‌دا به‌مه‌به‌ستی کارپێکردن و جێبه‌جێکردن له ماوه‌ی داهاتوودا به‌په‌سند گه‌یشتن. هه‌ر لێره‌دا هه‌وڵ و تێکۆشانی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکڕات به مه‌به‌ستی کۆکردنه‌وه‌ی یارمه‌تیی دارایی بۆ حیزب به‌رز نرخێندرا و پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌و باره‌وه به‌گه‌رمی سوپاس و پێزانینی خۆی له به‌رامبه‌ر ته‌شکیلاتی حیزب به‌تایبه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ربڕی.
دوایین بڕگه‌ی کاره‌کانی پلینۆمی دوازده‌هه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکڕات بۆ ئاماده‌کاری بۆ دوو رووداوی گرینگی سیاسی و ته‌شکیلاتی که له ساڵی تازه‌دا له‌پێش حیزبی دێموکڕاتن ته‌رخان کرابوو،واته یادکردنه‌وه‌ی حه‌فتا ساڵه‌ی دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و به‌ستنی کۆنگره‌ی شازده‌هه‌م. له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کۆنگره‌دا، رێکاری پێویست له‌مه‌ڕ هه‌نگاونان به‌ره‌و گرتنی ئه‌و کۆنگره‌یه به‌په‌سند گه‌یشت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پلینۆم کۆمیته‌یه‌کی ئاماده‌کاری کۆنگره‌ی شازده‌می دیاری کرد و ئه‌و کار و ئه‌رکانه‌ی پێویسته ئه‌و کۆمیته‌یه له مانگه‌کانی داهاتوودا جێبه‌جێیان بکا، ده‌ستنیشان کرد.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
٢٥ی خاکه‌لێوه‌ی ١٣٩٤ (١٤ی ئاپریلی ٢٠١٥)