بەدوای بڵاو کردنەوەی نامەیەکی ڕۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان ئیجەلال قەوامی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ، خەڵكی شاری سنە، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک ڕوو لە ویژدانانە نەنووستووەکان ڕایگەیاند، کە لە لایەن کەسانێکی دیاریکراوەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە.
لەسەرەتای ئەو نامەیەدا هاتووە: “وەک دەزانن و دەزانین کە چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند کەناڵێک بڕێک بابەت و نووسین بڵاو دەکەنەوە، کە بووەتە هۆکاری ئەوەی تۆمەت لەم و لەو بدرێ.
ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ لە درێژەی نامەکەیدا دەنووسێ، لە ماوەی ٢ دەیە چالاکیی ڕۆژنامەوانی و مافی مرۆڤی لە پرەنسیبەکانی کار لام نەداوە و لە بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ و چەواشەکارانە خۆم پاراستووە. ئێستا ماوەی چەند ڕۆژێکە بە بیانووی بابەتەکانی ئەم کاناڵانە هەڕەشەی کوشتنم لێ دەکرێ و منیش هیچ لەخۆمدا شک نابەم.
هەروەها ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، لە وتووێژێکدا لە بارەی “ڕۆژنامەنووسی لە کوردستان و کێشە و بەربەستەکانی” گوتی: چالاکیی ڕۆژنامەوانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەنگاوهەڵهێنان لە مەیدانی مینە و ڕۆژنامەنووس دەبێ ئەوە بزانێ کە چووکترین هەڵە کارەساتی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێ.
شایانی باسە ئیجلال قەوامی چالاکوانی و ڕۆژنامەنووسیی لە ساڵی ١٣٧٩ لە ڕۆژنامەی ئێرانەوە دەست پێ کردووە و ئێستا یەكێک لە دیارترین ڕۆژنامەنووسەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.