ئەندامی کۆڕی دیاری کردنی بەرژوەندییەکانی نیزام و نوێنەری پێشووی مەجلیس رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندان بە نیسبەت ئەگەری ڕووخانی ڕێژیم هوشداری دا.
ناوبراو بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێران و، ڕووداوەکانی مانگی بەفرانبار و کەڵەکەبوونی گەندەڵیی ماڵی لەڕا بەدەر ، لەو بارەوە بە نیگەرانیەوە وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەی سیستەماتیک تووشی گەندەڵی بووە، ئەگەر چارەسەر نەکرێ، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی ڕووخانی ئەو ڕێژیمە.
ئەحمەد تەوەککولی بە خستنە بەر باسی کەشی ئەمنیەتی و، داخرانی دەرگای ڕەخنە گرتن لە ئێرانی ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی ، لەو بارەوە وتی: دەبێ هەوڵ بدرێ خەڵک بتوانن قسەی خۆیان بکەن و نابێ دەمکوت بکرێن.
ناوبراو لە درێژەی گلەییەکانی لە دەسەڵات ڕایگەیاند ؛تەنانەت تۆمەتی دژی ئەمنیەتی نیشتمانیان لە پاڵ من خستووە، ئەویش کەسێک وەکوو من کە نیو سەدەیە لە گەڵ گەندەڵی بەربەرەکانی دەکەم.
شیاوی باسە ئەحمەد تەوەککولی یەکێک لە سیما ناسراوەکانی باڵی بناژۆخوازانە کە جاروبار لە بناژۆخوازانیش ڕەخنەی هەیەو، لە دەگمەن کەسانێکە کە بوونی سپای پاسدارانی لە بواری ئاوەدانکردنەوەو ئابووریی وڵات بە هەڵە دەزانێ و، بە هۆکاری سەرەکیی گەندەڵیی ئابووری لە قەڵەم داوە.
جێی وەبیرهێنانەوەی بەربڵاوی نارەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار زۆربەی دەمڕاستەکانی رێژیمی وەخۆ هێناوە و، ماوەیەکە هەرکام بەجۆرێک هەوڵ دەدەن خۆیان بە لایەنگری خەڵک نیشان بدەن و زیاتر هەوڵیان بۆ هێور کردنەوەی دۆخەکەیە.