١٦ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی یەک مانگدا، لە لایەن دەزگایی قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە ٥٣ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی تەعزیری و ئێعدام مەحکووم کراون.
بە پێی ئاماری سەرچاوە هەواڵدەرییەەکان، ١٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد، بە تۆمەتی “سیاسی و ئەمنییەتی” لە لایەن دادگاکانی ئینقلابی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، ٥٣ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی تەعزیرییان بۆ بڕاوەتەوە و ٢ زیندانیی سیاسیی دیکەی کورد بە ناوەکانی ڕامین حوسێنپەناهی و هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بە ئێعدام مەحکووم کراون.
هەموو ئەو بەندکراوانە بە تۆمەتگەلێ وەک “هەوڵدان دژی ئەمنیەتی نەتەوەیی” و “پڕوپاگەندە بە دژی نیزام” تاوانبار کراون.
زیندانییانی سیاسی لە ئێران زۆربەیان ئەندامانی گرووپە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ویبلاگنووسان و ڕۆژنامەوان، چالاکانی کرێکاری و کەمینە ئایینەکانن. ئەوان بە تۆمەتگەلێ ناڕوون لەژێر ناوی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لە زینداندان.
لە زۆربەی کاتەکاندا زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی لە دادگایی کردنی دادپەروەرانە و هەبوونی پارێزەر بێبەشن.
زۆربەی زیندانییان پاش دەسبەسەرکردن بۆ ماوەی چەند مانگ لە گرتووخانە و ژوورە تاکەکەسییەکان چارەنووسیان ناڕوونە و هەروەها لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە زۆرەملێ و لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە ناچار بە دانپێنان دەکرێن.
بەپێی قانوونی نوێی ئاییننامەی پێڕاگەیشتن بە سزاکان لە ئێران، ئەو زیندانییانەی کە بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی و دەرەکی ئێران” تاوانبار کراون، لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پارێزەرەکەیان لە نێوان پارێزرەی دیاریکراوی دەزگای قەزایی هەڵدەبژێرن.