هەتا بیر لە نیشتمان و بەسەرهاتەکانی دەکەمەوە بوغزێکی خنکێنەر گەرووم دەگرێ و خەریکە لەپێم بخا. دەگەڵ چرکە بە چرکەی وەرددانەوەی خەمنامەی ئەم کوردستانە سەت جار دەمرم و دەژێمەوە. ئازارەکانی وەبیرهێنانەوەی ئەو هەموو ڕووداوە تاڵ وجەرگبڕانە هێندە بەژانن ئاراوقاراویان لێ بڕیوم. نازانم ڕوو لەکام گۆشەی وڵاتەکەم بکەم هەتا تۆزێک، تەنیا تۆزێک هەست بە ئارامی و حەسانەوە بکەم. هیچ شوێنێک لەم وڵاتە پان و بەرینە شک نابەم مەلی خەیاڵەکانمی تێدا وەهەڵفڕین بخەم. نە دۆڵێک شک دەبەم بم حاوێنێتەوە، نە دەشتێک هەیە سوکناییم بداتێ، نە لووتکەیەک کە ئازارەکانم لەبیر باتەوە. ڕوو لە هەر کوێ دەکەم تەنیا خەمە و بۆسووی هەڵقرچانی دڵەکان و هەڵوەرینی فرمێسکی چاوەکان.
سەیرە، ئەو بەسەرهاتانەی بەسەر وڵاتەکەم و گەلەکەم دێ زۆر وەک داستانی ئەو سێریالە تێلویزیۆنیە پڕ ماجەرایانە دەچێ کە دوای تەواوبوونی هەر ئەڵقەیەک چاوەڕوانی ڕووداوی ناخۆشتر و پڕ کارەساتتری. لێرە، لەم کوردستانە ڕۆژ نیە گوێبیسی کارەساتێک نەبم، یان ماڵوێرانی و جەستەی دەخوێندا سووربووی کوڕان و کچانی کورد نەبینم. سەرم سوڕ ماوە ئەوە چ چارەنووسێکە بەنسیبی ئەم گەلە بوە و خوڵقێنەری ئەم چارەنووسە کێیە؟ لێی حاڵی نیم بۆ دەبێ ژان و ئازار و برین لەم هەرێمە دوور نەکەوێتەوە؟ بۆ دەبێ منداڵانی بێبەش لەهەموو خۆشییەکانی ژیان، برسی و دەربەدەر و بێ باوک و دایک بمێننەوە؟ کێ وەڵامدەری ئەو هەموو بەڵایەیە کە ڕۆژانە بەسەر خەڵکی لێقەوماوی کورد دێ؟ کوا مرۆڤایەتی، لە کوێیە ئینساندۆستی، چ مانایەکی هەیە هاوپێوەندی؟ کوان ئەوانەی لاق شکانی مەلێک دڵیان وەژان دێنێ؟ بۆ دیار نین ئەوانەی بۆ ڕزگارکردنی گیانی حەیوانێک خۆیان بە ئاو و ئاگردا دەدەدن؟ لەکوێن ئەو لایەنگری مافی مرۆڤانەی فرمێسکی منداڵێک ئازاریان دەدا؟ بۆ هەموو ڕوویان لەم خەڵک و لەم وڵاتە وەرگێڕاوە؟ مەگەر ئەوانەی لێرە ڕۆژانە و بە کۆمەڵ قڕ دەکرێن بەشێک لە کۆمەڵی مرۆڤایەتی نین؟ ئای لە دوو ڕوویی ئینسانەکان!
کتێبی خەمنامەی کورد تەنیا بوارێک ناگرێتەوە. هێرشی دوژمنان و وەڕێخستنی جۆگەی خوێن لە خەڵکی بێدیفاع و سووتاندنی شار و گوندی ئەم کوردستانە تەنیا بەشێک لەو داستانە تڕاژیدییە پێک دێنێ. ئەوەی دوژمن دەرحەق بە کورد دەیکا هەرچەند زۆر دڕندانە و بی ئینسافانەیە بەڵام بەجۆرێک سوکنایی بەخشی دڵەکانە، چونکە دوژمن خۆی لەبەرامبەر کێوی خۆڕاگریی کورددا دەبینێ. هەر بۆیە بۆ لەپێ خستنی ئەو کێوی ورە و باوەڕە ناچارە هەموو دڵڕەشی و بێڕەحمییەکانی خۆی بەکار بێنێ. بەڵام سەرتۆپی تڕاژێدییەکانی بەسەر کورد هاتوون و دێن لەنێو ماڵی خودی کورد دایە. ئەو برینەی کورد لە لەشی خۆی دەکا قەت ساڕێژ نابێتەوە. ئەو ئازارەی ڕۆڵەی کورد لە خوشک و برای خۆی چێشتوویەتی زۆر بەسۆیە، لەپێ خەرە. لەڕاستیدا بەشی هەر گرینگ و دڵتەزێنی خەمنامەی کورد، هەر بەدەستی کورد نووسراوەتەوە و هەر کورد خۆشی دەی خوێنێتەوە. بڵێم چی هاوڕێم، هاوسەنگەرم، هاوخوێنم، خوشکم، برام چۆنت تێ بگەیەنم؟ ئێمە لێک ناحاڵین، لە زمانی یەکتر تێ ناگەیەن. هەر کاممان ڕوومان لە قیبلەیەکە و کەسمان لەکانیاوی یەکتر ئاو ناخواتەوە. هەموو لێک نەبانین، خەنجەری دەستمان ڕوو لەپشتی برامانە. چاومان بە دیداری یەک هەڵنایە، دایمە پێمان خۆشە لەپشتەوەڕا برای خۆمان سەیر بکەین. ئەو خەنجەرەی لەحاند دوژمن هەمیشە دەکالان دایە، بۆ کونکردنی پشتی برا ئامادەی وەشاندنە. ئەوەیە بەشی هەر تڕاژیدیی داستانی کورد. ئەوەیە فرمێسکمان لەچاوان نابڕێ و قەت پشتمان ڕاست ناکاتەوە.
بەڵام هیچ چارمان نیە و ڕێگامان تەنیا ڕێگای درێژەی خەباتە. هەتا ئازارمان زیاتر بێ خۆڕاگرتر دەبین. هەتا زیاترمان خوێن لەبەر بڕوا بە بڕشتتر و چوست وچالاکتر دەبین. بارتەقای هەموو ماڵوێرانی و ئاوارە بوونمان هێز وەر دەگرین و دیسان تێ هەڵدەچینەوە. ئێمە ڕێبواری ڕێگایەکین پڕ کەند و لەند، پڕ کارەسات. هیچ ڕێگایەک بێ کۆتایی نیە. ڕاستە لەدرێژەی ئەم ڕێگایەدا کتێبی خەمنامەی نەتەوەییمان هەر دێ و قورستر دەبێ، بەڵام هەموو چاوەکانمان لەو نوورە کزەیە کە دەبێ بیگەینێ. ڕێگایەکی زۆرمان بڕیوە، زۆر کوێرە ڕێ و هەوراز و نشێومان تاقی کردوونەوە، لەزۆر چۆمی خورێن پەڕیوینەتەوە. ئامانجێک کە وەدووی کەتووین گەڕانەوە لێی محاڵە. لەو ڕێگا سەخت و ناهەموارەدا زۆرمان ئەزموون وەسەر یەک ناوە. با لەو ئەزموونانە بەباشی کەڵک وەر گرین و هەوڵ بدەین درێژەی ڕێگاکەمان کەم مەترسیتر و ئاسانتر بێ. دە دڵم چەقیوە دەگەڵ قاقای پێکەنینەکانم خەمنامەی دوورودرێژی کوردتان بۆ دەخوێنمەوە…
( لە ژمارەی ٧١٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)