(ده‌قی قسه‌کانی د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده, جێگری سکرتێری گشتیی حیزب له سیمیناری «مێراو» له واشینگتۆن)
له‌گه‌ڵ سڵاو له دۆستانی خۆشه‌ویست و سوپاس و ده‌سخۆشی له «مێراو» بۆ پێکهێنانی ئه‌م سیمیناره که به‌له‌به‌رچاوگرتنی ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی ئێران ته‌واو به‌وه‌خت و به‌جێیه. پێش هه‌موو شتێک پێم خۆشه بڵێم ئه‌وه که منیش باسه‌که‌م لێره‌دا به زمانی فارسی پێشکه‌ش ده‌که‌م، ئه‌وه ته‌نیا هۆکاری عه‌مه‌لیی هه‌یه و بۆ ئاسانکارییه، واته ئه‌وه که فارسی ته‌نیا زمانه که هه‌موو به‌شدارانی ئه‌و سیمیناره لێی تێده‌گه‌ن، ده‌نا به باوه‌ڕی من هیچ زمانێک له زمانێكی دیکه فهڕزتر نیه و باوه‌ڕم به داهاتوویه‌که که له‌ودا تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و دوولایه‌نه له روانگه‌کانمان پێش هه‌موو شتێک به فێربوون و به‌كاربردنی زمانه‌كانمان نیشان بده‌ین.
وه‌ک راگه‌یه‌ندراوه، ته‌وه‌ری ئه‌م سیمیناره لێکدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ره‌هه‌نده نوێیه‌کانی جووڵه و هه‌ستانی ئه‌م دواییانه‌ی خه‌ڵکی ئێرانه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که له‌گه‌ڵ سه‌ردێڕی سیمیناره‌که ته‌واو کۆکم چونکه جۆش و خرۆشی ئه‌م دواییانه کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی نوێ و جێگای هیوای هه‌یه که پێویسته زه‌ق بکرێنه‌وه، به‌ڵام له‌و باوەڕهدام که نابێ ته‌نیا به شڕۆڤه‌کردن قه‌ناعه‌ت بکه‌ین، به‌ڵکوو پێویسته هه‌وڵیش بده‌ین سه‌باره‌ت به ده‌کارخستن و باشترکردنی ئه‌م ڕه‌هه‌نده نوێیانه به چه‌شنێک که ئه‌م حه‌ره‌که‌ته یا حه‌ره‌که‌ته‌کانی له‌م جۆره درێژه بکێشن و سه‌ره‌نجام سه‌رکه‌ون، بۆچوونی خۆمان بڵێین، به‌تایبه‌تی که پانێلیسته‌کانی ئه‌م سیمیناره هه‌موومان سه‌ر به کۆمه‌ڵێک لایه‌ن و رێکخراوین که له‌م دواییانه‌دا له چوارچێوه‌ی شووڕای دێموکڕاسیخوازانی ئێران‌دا له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک پره‌نسیپ و بنه‌مای هاوبه‌ش بۆ له‌مه‌ودوای خه‌بات و ئایندهی ئێران رێک که‌وتووین، و هه‌لومه‌رجی ئێستا باشترین ده‌رفه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی بزانین به‌ڕاستی ئه‌م جۆره ڕێککه‌وتنانه چه‌نده قابلیه‌ت و که‌یفیه‌تیان هه‌یه.
هه‌روه‌ک گوتم جوڵه و جۆش و خرۆشی ئه‌م دواییانه‌ی ناوخۆی ئێران کۆمه‌ڵێک ڕه‌هه‌ندی نوێی هه‌یه که خاڵی به‌هێزی ئه‌م حه‌ره‌که‌ته‌یه، به‌ڵام هێندێک تایبه‌تمه‌ندیشی هه‌ن که له حه‌ره‌که‌ته‌کانی پێشووشدا بوون و خاڵی لاواز و پانیه‌ی ئاشیلی حهرهکهتهکهش هه‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه دووباره‌بووانه‌ن. ئه‌من له باسه‌که‌مدا وێڕای هه‌وڵدان بۆ پێناسه‌کردنی حه‌ره‌که‌ته‌که، ئاماژه به خاڵه به‌هێز و لاوازه‌کانی ده‌که‌م و به‌و کاره له‌ڕاستیدا تێده‌کۆشم پێویستییه‌کانی گۆڕینی ئه‌م حه‌ره‌که‌ته بۆ بزوتنه‌وه یا ڕه‌وتێکی گۆڕان ساز ده‌ستنیشان بکه‌م.
ئه‌گه‌ر تا ئێستا له ده‌سته‌واژه‌ی جووڵه و جۆش و خرۆش که‌ڵکم وه‌رگرت له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که ئه‌م ده‌سته‌واژانه نۆترال و ناڕوونن و کانسێپت یان چه‌مک نین. به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌سته‌واژه‌گه‌لی وه‌ک بزوتنه‌وه، ڕاپه‌ڕین یا ئینقلاب که ئه‌وانه هه‌م له کۆمه‌ڵناسیی سیاسی‌دا چه‌مکی دیار و پێناسه‌کراون و هه‌م له مێژووی ئێران‌دا هه‌ڵگری بارێکی واتایی تاقیکراوهن. به‌پێی گۆشه‌نیگا یان ئه‌و چوارچێوه تیئۆریکهی هه‌ڵی ده‌بژێرین هه‌ڵسه‌نگاندن و ئاکامگیرییه‌کان ده‌توانن زۆر جیاواز بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ڕاده‌به‌ر به‌دوای تیئۆری سازی و جۆرناسیدا نه‌ڕۆین و شته‌که ساده بکه‌ینه‌وه، ده‌توانین بڵێین که بۆ ئه‌وه‌ی حه‌ره‌که‌تی ئێستای خه‌لکی ئێران ببێته بزوتنه‌وه یان کارزارێک که گۆڕان دروست بکا (جا ئه‌و گۆڕانه له‌ڕێگای پاشه‌كشه‌ی هه‌نگاو به هه‌نگاوی ڕێژیم بێ یا له ڕێگای ئینقلابێکی دیکه‌وه)، پێویسته ئه‌و حه‌ره‌که‌ته به هێندێک تایبه‌تمه‌ندی ته‌یار بکه‌ین. به‌پێچه‌وانه‌ی حه‌ره‌که‌ته‌کانی پێشوو، حه‌ره‌که‌تی ئه‌مجاره‌ی خه‌ڵک له ئێران کاکڵ و جه‌وهه‌ری زۆربه‌ی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه پێویستانه‌ی تێدایه به‌ڵام به‌شێوه‌ی سه‌قه‌ت و زهفهرههڵگر. که‌وابوو داهاتووی ئه‌م حه‌ره‌که‌ته و حه‌ره‌که‌ته‌کانی له‌مه‌ودوا به‌ستراوه‌ته‌وه به هاوهه‌نگاوی و لێهاتوویی هه‌موو ئازادیخوازانی ئێران بۆ دروستکردن، باشترکردن و قووڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه و له به‌رامبه‌ردا که‌مکردنه‌وه و نه‌هێشتنی لاوازی و که‌موکوڕییه‌کان.
نموونه‌کانی ئاڵوگۆڕی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی له وڵاتانی جیهاندا یه‌کجار زۆر و جیاوازن و له‌به‌رهه‌ڵگرتنه‌وه و به‌گشتی کردنی هیچ مۆدێلێکی گۆڕانی بنه‌ڕه‌تیش نه مومکینه و نه به قازانجیشه. دیاره ئه‌زموونی گه‌لانی دیکه بۆ نموونه سێ چوار شه‌پۆلی دێموکڕاتیزاسیۆن له دنیادا به‌بێ شک ده‌توانێ به‌سوود و ئیلهامبه‌خش بێ، به‌ڵام له هه‌مووی گرینگتر له ڕوانگه‌ی منه‌وه واقعیاتی ئه‌مڕۆی کۆمه‌ڵگەی ئێران و ئه‌زموونی سه‌د ساڵه‌ی چه‌رخه‌ی بێ ڕاوه‌ستانی سه‌ره‌ڕۆیی-گۆڕان-سه‌ره‌ڕۆییه. ئێستا ئایا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی ئه‌من هێنده‌ی پێ له‌سه‌ر داده‌گرم کامانه‌ن؟ مادام هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه هاوڕاین که نه درێژه‌کێشانی وه‌زعیه‌تی مه‌وجوودمان قبووڵه و نه ده‌شمانه‌وێ جارێکی دیکه تاقمێک (چ له‌نێو نیزام چ له ده‌ره‌وه‌ی نیزام) سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌می ناڕه‌زایه‌تی و فیداکاریی خه‌ڵک بۆخۆیان ببه‌ن، ده‌بێ سه‌رنج بده‌ینه کۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی و پێویستی که له ڕوانگه‌ی منه‌وه لانیکه‌م شه‌ش ده‌سته‌ن:
مه‌رجی یه‌که‌می هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ک که گۆڕانی بنه‌ڕه‌تیی له وڵاتێک‌دا لێ بکه‌وێته‌وه، ڕه‌سه‌نایه‌تی و خۆجێی بوونی سه‌رچاوه و هۆکاره‌که‌یه‌تی، واته ئه‌وه که به‌ستێن و پاڵنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و ویستی گۆڕان له قووڵایی کۆمه‌ڵگادا و له‌سه‌ر بنه‌مای کێشه‌ی خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات هه‌بێ به‌ده‌ر له کێشه و مشت و مڕه ده‌ره‌کی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی نێوان حکومه‌ته‌کان. به‌باوه‌ری من ئه‌م یه‌که‌مین تایبه‌تمه‌ندییه له هه‌مووان که‌متر جێگای باسه و ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین موناقشه هه‌ڵناگرێ. راسته که له حاڵه‌تی له‌مجۆره‌دا هه‌میشه کێشه‌کان ره‌هه‌ندێکی نێونه‌ته‌وه‌ییش به خۆوه ده‌گرن و له‌هه‌رحاڵدا کۆماری ئیسلامی هه‌موو بزوتنه‌وه‌یه‌کی ئێعترازی به بێگانه‌کان نیسبه‌ت ده‌دا، به‌ڵام بۆ هه‌موو لایه‌ک روون و ئاشکرایه که پاڵنه‌ری ئه‌وه‌ڵ و ئاخری ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئه‌م دواییانه هه‌روه‌ک هی ئه‌وانه‌ی پێشوو پڕبوونی کاسه‌ی سه‌بری خه‌ڵک و وه‌زاڵه هاتنیان له‌و هه‌موو زوڵم و سته‌م و ناکارامه‌ییه‌ی رێژیمه. ئه‌م حه‌ره‌که‌ته نه‌ک ته‌نیا ئاکامی که‌ڵه‌که بوونی کێشه چاره‌سه‌رنه‌کراوه‌کانی وڵات له‌بواری هه‌ژاری، بێ‌کاری، ئیختلاس، رانتخۆری، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌کان، نه‌مانی یارمه‌تییه‌کان و شتی له‌م بابه‌ته‌یه و بزوێنه‌ری ده‌سپێکی حهرهکهتهکهش هه‌ر ویستی مهعیشهتییه، به‌ڵام هه‌روه‌ک له ئاقاره‌کانی دواتری حه‌ره‌که‌ته‌که و دروشمه‌کان ڕا وه‌ده‌رکه‌وت خه‌ڵک زۆر چاک ئاگاداری ره‌هه‌ندی سیاسی و ریشه‌ی سه‌ره‌کیی کێشه‌کانیش هه‌ن و لێیان غافڵ نین، واته بوونی ئیستبدادێکی مه‌زهه‌بی که به‌پێچه‌وانه‌ی زه‌رفییه‌ته رواڵه‌تییه‌کانی له‌بواری رکابه‌ری بۆ ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵاتدا، به زۆر شێوه هه‌موو رێگاکانی ئاڵوگۆڕ و ته‌نانه‌ت ده‌رفه‌تی ده‌ربڕینی خواستی ئاڵوگۆڕ له‌و نیزامهیدا به‌ستووه، نیزامێک که له‌ودا گرینگ‌ترین نیهادی به‌رپرس له‌بواری عه‌داڵه‌ت و لێپرسینه‌وه واته ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی بووه به ترسناکترین و گه‌نده‌ڵترین و باوه‌ڕپێنه‌کراوترین ده‌زگای ده‌وڵه‌تی، نیزامێک که بۆ نموونه به‌جێگای به‌ڕێوه‌بردنی دروستی بنیاته داراییه‌کان یا بردنه‌سه‌ری ئاستی وڵامده‌ریی داموده‌زگاکانی حکومه‌ت له کاتی کاره‌ساته سروشتییه‌کاندا، هێشتا هه‌ر ئه‌وله‌وییه‌ت به به‌رنامه تێکده‌ره پڕتێچووه‌کانی له ئاستی ناوچه‌یی ده‌دا و به‌مجۆره خه‌ڵکی ئێرانی نه‌ک هه‌ر له ئازادی به‌ڵکوو له پێداویستیی ژیانیش بێبه‌ش کردووه. ئه‌م حه‌ره‌که‌ته له‌پڕ دروست نه‌بووه و به چه‌شنێک نه‌ک هه‌ر درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی پێشوویه به‌ڵکوو ریشه‌ی له مێژووی ئێرانیشدا هه‌یه چونکه هه‌موو ئه‌و خه‌فه‌قان و فه‌رق و جیاوازییانه و نائومێدی له ئیسلاحی نیزام که نزیک به چل ساڵ پێش ئێستا خه‌ڵکی هێنایه سه‌ر ئینقلاب کردن، ئه‌مڕۆش هه‌مان ئه‌و هۆکارانه خه‌ڵکیان ڕژاندۆته سه‌ر شه‌قامه‌کان.
تایبه‌تمه‌ندی و پێویستیی دووه‌می بزوتنه‌وه‌یه‌کی گۆڕانساز به‌ربڵاوی و فراوانیی له‌سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌م وڵات و کۆمه‌ڵگادایه. دیاره ده‌کرێ له وڵاتێكدا گرووپێکی زۆر بچووکیش کوودێتا بکا، له زۆربه‌ی ئینقلابه‌کانی دنیاشدا چین و توێژێکی دیاریکراوی نێو کۆمه‌ڵگە رۆڵی بڕیارده‌ری گێڕاوه. بۆ نموونه ئینقلابی فه‌ڕانسه به ئینقلابی بۆرژواکان ناسراوه، ئینقلابی ئۆکتۆبر له‌سه‌ر ده‌ستی کرێکارانی پێترۆگراد به ئه‌نجام گه‌یشت، ده‌زانین که له ئینقلابی ١٣٥٧ ی ئێرانیشدا ته‌نیا توێخێکی کۆمه‌ڵگە، واته رووحانییه‌تی شیعه به رێبه‌رایه‌تیی ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی حاسڵی تێکۆشان و فیداکاریی خه‌ڵکی ڕفاند. ئه‌من دووپات بوونه‌وه‌ی وه‌ها سیناریۆیه‌ک بۆ جارێکی دیکه‌ش له ئێران به‌دوور نازانم. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ ئه‌و نیگه‌رانییه وه‌دی نه‌یه، ده‌بێ بزانین که ته‌نیا کاتێک له ئێران بزوتنه‌وه‌یه‌کی گۆڕانساز سه‌رده‌که‌وێ و به‌رهه‌می دڵخوازی ده‌بێ که هه‌موو یا لانیکه‌م زۆربه‌ی چین و توێژه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگە تێیدا چالاک بن. حه‌ره‌که‌تی ئێستا له‌ڕووی به‌ربڵاوییه‌وه له سی و نۆ ساڵی ڕابردوودا بێ وێنه بووه. به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه که ئایا ئه‌م به‌ربڵاوییه ته‌نیا به‌ربڵاوییه‌کی جوغرافییه هه‌روه‌ک که هه‌یه، یان له‌پاڵ ئه‌وه‌ش، له‌ڕووی پێکهاته‌ی سۆسیۆلۆژیی حهرهکهتهکهشهوه زۆربه‌ی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگە به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که له بزوتنه‌وه‌کانی پێشوودا به‌شدار بوون، یان به‌هه‌رحاڵ هه‌ڵگری ناسنامه‌یه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تین به‌شدارن و ڕه‌نگدانه‌وه‌یان له پێکهاته‌ی خۆپێشانده‌ران و خواسته دهربڕدراوهکانیاندا هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ (وه‌ك ده‌رده‌که‌وێ) کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کیی حه‌ره‌كه‌تی ئێستا زۆرتر لاوانی چینی هه‌ژاری کۆمه‌ڵگە بن، ئه‌وده‌م ده‌بێ هه‌وڵ بدرێ که چین و توێژه‌كانی دیکه‌ی نێو کۆمه‌ڵگە بۆ نموونه چینی مامناوه‌ندی، کارمه‌نده‌کان، تێکۆشه‌رانی بزوتنه‌وه‌کانی پێشوو (بزوتنه‌وه‌ی خوێندکاری، بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری، بزوتنه‌وه‌ی ژنان، بزوتنه‌وه‌ی ٨٨) سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و زه‌برانه‌ی له‌لایه‌ن رێژیمه‌وه له قابلیه‌تی خۆرێکخستنیان دراوه، له حه‌ره‌که‌تی ئێستاشدا زۆرتر رۆڵ و به‌شداریان ببێ.
لێره‌دایه که وه‌ک کوردێک ده‌مه‌وێ پێداگری له‌سه‌ر رۆڵی نه‌ته‌وه‌کانی نێو ئێران به‌تایبه‌تی کورده‌کان بکه‌م. ئه‌من که تا ئێستا چه‌مکی خه‌ڵکی ئێرانم به‌کاربرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که هه‌م له‌ڕووی حقووقی و هه‌م به‌هۆی هاوبه‌شی له وه‌زعیه‌ت و چاره‌نووسدا، ئه‌و چه‌مکه به دروست ده‌زانم، و به‌مجۆره ده‌مه‌وێ نیشانیش بده‌م که کێشه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌كتر نابێ هه‌میشه هه‌ر له‌سه‌ر وشه‌کان بێ. به‌ڵام ئه‌وه‌م ته‌نیا به مه‌رجێک قبووڵه که لایه‌که‌ی دیکه و له‌روانگه‌ی منه‌وه گرینگتری مه‌سه‌له‌که‌ش ببینین که ئه‌ویش بریتییه له فره‌یی و ره‌نگاوره‌نگیی دێموگرافیی ئێتنیکیی ئێران واته بوونی میللییه‌ته جیاوازه‌کان. تا ئه‌و جێگایه‌ش که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر خودی کورده‌کان، سه‌ره‌ڕای فه‌زای ئه‌منیه‌تیی یه‌کجار نائاسایی که هه‌میشه به‌سه‌ر کوردستاندا زاڵ بووه، خه‌ڵکی کوردستان چاوەڕوانی شاره گه‌وره‌کانی ئێران نه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی حه‌ره‌که‌تی ناڕه‌زایه‌تی وه‌ڕێ بخه‌ن. ئه‌گه‌ر له ئاستی وڵات‌دا هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک حه‌ره‌که‌تی له‌و جۆره ده‌بینرێ، له ساڵانی رابردوودا له کوردستان هه‌ر ساڵ چه‌ند جار خه‌ڵک به ئیعتراز له سه‌رکوت و ته‌بعیز بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی له‌م چه‌شنه‌یان وه‌ڕێ خستووه. له هه‌لومه‌رجی
ئێستاشدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه که تێچووی ئه‌م جۆره حه‌ره‌که‌تانه له کوردستان زۆر له‌سه‌رتره و زه‌مینه‌که‌شی له هه‌موو شاره‌کانی کوردستان وهكیهک نیه، به‌ڵام گه‌وره‌ترین شاره‌کانی کوردستان له ناره‌زایه‌تییه‌کانی ئه‌م دواییه‌دا
به‌شدار بوون، ده‌یان که‌س له خۆپێشانده‌رانی کورد هه‌ر ئێستا له زیندانن و به‌شێک له‌وانه‌ش که له زیندان گیانیان لێ ئه‌ستێندراوه کوردن. به‌هه‌رحاڵ ده‌مه‌وێ بڵێم که به‌بێ دیتن و دروستکردنی پێوه‌ندی و رایه‌ڵه له‌نێوان هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا و ده‌کارخستنی پۆتانسیه‌لی خه‌باتی هه‌موو ئه‌و چین و توێژانه، هیچ به‌شێک له کۆمه‌ڵگا به‌ته‌نیایی ناتوانێ سه‌رکه‌وتوو بێ. بۆ ئه‌مه‌ش، پێویسته بژارده سیاسی و رووناکبیرییه‌کان له‌سه‌ر ساز و کار و گوتارێک رێك بکه‌ون که هه‌موو هێزه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای ئێران به‌تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌م وڵاته خۆی تێدا ببیننه‌وه.
( لە ژمارەی ٧١٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)