٢ کاسبکاری کورد، خەڵکی شارەکانی سەردەشت و سەقز بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کران.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کاسبکارێکی کورد بە ناوی “مستەفا حەسەنی” تەمەن ٤١ ساڵ کوڕی سەعدەدین خەڵکی شاری سەقز، بە دانانی بارمتەی٣٨٠ میلیۆن تمەنی لە گرتووخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.
ئەو کاسبکارە کوردە، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە لایەن هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەی لێکرا و پاش بریندار بوون دەسبەسەر کرا و بۆ زیندان گواسترایەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا، کاسبکارێکی دیکەی کورد، خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی “ئاروین سەعیدی” تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی ئەحمەد مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لە لایەن هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم دەسبەسەر و بۆ گرتووخانە گواسترایەوە، کە چەند ڕۆژ پێش بە دانانی بارمتەی١٨٠ میلیۆن تمەنی لە گرتنگە ئازاد کرا.
بەپێی بەندی ئەلف ماددەی ٢ی قانوونی قاچاخ، “کەلوپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ میلیۆن تمەن کەمتر بێ هیچ سزایەکی نیە و تەنیا کەلوپەلەکان دەستیان بەسەردا دەگیردرێ”.
شایانی باسە ناوەندە دەوڵەتی و حکومەتییەکان لە ژێرناوی “قاچاخچی شتومەک” هەڵسووکەوت لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنییەتی بۆ ئەو ناوچانە لە لایەن ڕێژیمەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پێوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕێگایەدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکان تەقەیان لێدەکرێ و دەکوژرێن و بریندار دەکرێن.











