شورای شاری سنە بڕی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بۆ ڕێوڕەسمی بەڕێوەچوونی “دەیەی فەجر” لەو شارە تەرخان کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندان، لە کۆبوونەوەی کۆمیسیونی فەرهەنگی شورای شاری سنە، بڕی ٧٠٠ میلیۆن تمەن بۆ بەرنامەی هاوبەشی شورا و سپای بیت المقدس لە سنە بۆ “دەیەی فەجر” تەرخان کراوە.
چالاکێکی مەدەنیی لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندوە: هەوڵی شورای شاری سنە لە حاڵێکدایە کە هەتا ئێستا شورا، لە ڕاستای داواکاری فەرهەنگی شاری سنە هیچ کارێکی ئەنجام نەداوە و ڕیزبەندی کۆمیسیونی شورای ئیسلامیی شاری سنە لەلایەن چالاکانی فەرهەنگییەوە ڕەخنەی لێگیراوە.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە دەڵێ: لەو ڕیزبەندییەدا، کە چەند کەسێکیان لە دەست وپێوەندییەکانی ناوەندە نیزامیی – ئەمنیەتییەکانن هیچ وێکچوویەک لە نێویاندا نیە.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێ: ئەندامانی کۆمیسیونی شورای شاری سنە تەنیا بەڕێوەبەری بەرنامە تایبەتییەکانی ناوەندە نیزامی م ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمن و هیچ دەسەڵاتێکیان نیە.
شایانی باسە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، گەندەڵی ماڵی ئەندامانی شورای شاری سنە، ناڕەزایەتی ناوەندەکانی چالاکی مەدەنیی لێ کەوتووتەوە و سەرەڕای ئەوەش هێشتا لە کارەکانیاندا بەردەوامن.











