بەرەی یەکگرتووی کورد سەبارەت بە هێرشی بەربڵاوی دەوڵەتی ئۆردوغان بۆ سەر عەفرین بەیاننامەیکی بڵاو کردەوە.
لە بەشێک لە بەیاننامەی بەرەی یەکگرتووی کورد بە ئاماژەدان بە دەمارگرژییە ئایینی و هەروەها روانگەی فاشیستانەی نەیارانی کورد دا هاتووە:
لە ناوچەیەکدا کە دەمارگرژی ئایینی، نەتەوەیی و سیاسی لە ئەوپەڕی خۆی دایە و لە سەرەتاکانی ھەزارەیەکدا کە دەکوترا ھەزارەی ھێمنایەتی مرۆڤ و سەقامگیری مرۆڤایەتییە، نەتەوەیەک دەیھەوێ پارێزەری کیانی خۆی و ھێمنایەتی گەلەکەی بێت و بوتە لەمپەڕ لەبەرامبەر دوژمنانی ئازادیدا، ئێستا ئەم گەلە کەوتۆتە بەر ڕقی دەستگایەکی فکری توندئاژۆ و دژە ئینسانی و جۆرێک لە ئیسلامی ئیرتیجاعی بۆ گەرانەوە بە ئیمپراتوریەتی سەردەمی پێش مۆدێرن. گەلێک کە دەیھەوێ بە پێی ھەموو پڕەنسیپەکانی جیھانی ئازاد و مۆدێرن داکۆکی لە خۆی و کیانی بکات و ئەزموونێکی نوێ لە حوکمڕەوایی پێشکەش بە سووریە و ناوچەی پڕ قەیرانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئێستا کەوتۆتە بەر پەلاماری ئەندیشەی سەقەتی ئۆردۆغان و خوێنی بە ناحەقی دەرێژرێ و بە داخەوە چاوی وڵاتانی جیھان و رێکخراوە نێو نەتەوەییەکان لە ئاست ئەم جینایەتانە نووساوە و لێی بێ خەمن، ئەوە لە کاتێکدایە ئەم گەلە لە سوریە و لەم ناوچەیەدا ماوەی پێنج ساڵە شەڕی سامناکترین گرووھی تێرۆریستی دەکات کە ھەموو دنیای کردۆتە ئامانج.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیە وێڕای مەحکووم کردنی هێرشی ناجوامێرانەی تورکیە بۆسەر عەفرین ، لە سەر جەم کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان داواین کردوە بە نیسبەت ئەو کارەساتە مرۆییە کە رۆژئاوای کوردستان هاتووتە ئاراوە خەمسارد نەبن و ڕێگە ندەن لەوە زیاتر خوێنی خەڵکی عەفرین بە ناهەق بڕژێ و هەروەها رووبە کۆماری ئیسلامیی ئێران خوازیاریی ئەوەن کە لەم هەلومەرجەدا هەڵوێستی گونجا و ئینسانی هەبێ .











