بە پێی هەواڵێک کە بە “کوردستان وکورد” ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوو لە شارەکانی کوردستان، بەتایبەتی لە شارەکانی شنۆ و پیرانشار ، کۆمەڵێک بەسیجی و بەکرێگیراو کە خزمەتیان بە ڕیژیم و پیلانەکانی سپای پاسداران دەکرد، بە تەحویلدانەوەی کارت و چەکی خۆیان ، وازیان لە خۆشخزمەتی بۆ ڕێژیم و، ڕاوەستان بەدژی خەڵکی خۆیان هێناوەو، گەڕاوەنەتەوە بۆ باوەشی گەل.
شیاوی باسە لە دوای خۆپێشاندانی بەربڵاوی خەڵکی شارەکانی ئێران و کوردستان بەنیسبەت گەندەڵی و گرانی و هەروەها ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک، بە دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، لە زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران هەڵمەتی سووتاندنی کارتی بەسیجی دەستیپێکرد و کۆمەڵێک خەڵک وازیان لە سیخوڕی کردن هێنا.
هەروەها بە پێی هەواڵێکی دیکەش لە ناوچەی سەردەشت شەوی پێنچشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندانی ٩٦ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ، چوارکەس لە ئەندامانی سپای پاسداران و بەکرێگیروانی ڕێژیم لە میراوای سەردەشت بە هۆکاری ناروون ڕفێندراون.