رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەندان لاوێکی دیکەی خەڵکی شاری تیکاب، پەنای بۆ خۆکوژی برد.
بەرەبەیانی ٧ی ڕێبەندان لاوێکی تەمەن ٢٧ساڵە بە ناوی “م – ط” لە گەڕەکی (١٧ شەهریوەر)ی تێکاب, لە ڕێگای خۆ هەڵواسینەوە ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بە گیان لە دەستدانی ئەو لاوە لە ماوەی ئەمساڵدا، ئەمە ٧مین حاڵەتی خۆکوژییە کە لە شارێکی بچووک وەکوو تیکاب لە ناوچەی هەوشار ڕووی داوە و، ئەمەش نیگەرانی کارناسان و کۆمەڵناسانی لێکەوتووتەوە.
دیاردەی خۆکوژی لە ئێران و بەتایبەتی لە شارەکانی کوردستان وەکوو گرفتێکی کۆمەڵایەتی لە پەرەسەندن دایەو، بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەڕوا.
بە پێی ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز” لە سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا ئەوەندەی زاندراوە و بە میدیایی کراوە، 34 کەس لە کوردستان بەهۆی خۆکوژی کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە کە 32 کەسیان ژن بوون. ئاماری پەنابردن بۆ خۆکوژی لەو ماوەیە دوو هیندەی قوربانیانی ئەو دیاردەیە بووە کە یان خۆکوژییەکانیان سەرکوتوو نەبوون یان کەسوکاریان بەوەخت توانیویانە بە هانایانەوە بچن و لە مردن ڕزگاریان بکەن. جێی بیرهێنانەوەیە کە لە وەرزی بەهاریشدا 35 کەس لە کوردستان خۆیان کوشتبوو و کارناسانی کۆمەڵایەتی دەڵێن بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کلتووری و کۆمەڵایەتیی کوردستان هۆکاری سەرەکیی ئەو خۆکوژییە زۆرەن کە لە کوردستاندا ڕوو دەدەن.