له درێژه‌ی دیدار و چاوپێکه‌وتنه‌کانیدا له واشینگتۆن، دوانیوه‌ڕۆی رۆژی هه‌ینی ٢٦ ی ژانویه‌ی ٢٠١٨، د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز کریستۆفه‌ر کلارک یاریده‌ده‌ری به‌رپرسی دێسکی عیراق و ئێران له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا کۆبۆوه.
له سه‌ره‌تای ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا جێگری سکرتێری گشتیی حیزب پاش وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی پاشخان و ئامانج و به‌ستێنی خه‌باتی کورده‌کانی ئێران و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، ئیشاره‌ی به کاریگه‌ریی رووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه به‌تایبه‌تی هه‌لومه‌رجی پاش ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان و به‌گشتی جموجۆڵ و مانۆڕه‌کانی کۆماری ئیسلامی له عیراق و ناوچه له‌سه‌ر ئه‌و خه‌باته کرد. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده ئینجا قامکی خسته سه‌ر نالێکی و ناڕوونییه‌کانی ستراتژیی رۆژئاواییه‌کان و وڵاته یه‌كگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له مامه‌ڵه له‌گه‌ل هاوکێشه‌کانی ناوچه و نه‌خش و نفوزی کۆماری ئیسلامی‌دا و کاریگه‌ریی ئه‌م مامه‌ڵه‌یه هه‌م له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیی خه‌ڵکی ئێران و هه‌م له‌سه‌ر سه‌قامگیریی ناوچه و ئه‌منیه‌تی جیهانی. جێگری سکرتێری حیزب ئینجا بۆچوون و روانگه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی له‌مه‌ڕ ئایندهی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی ئێران و رێگاکانی به‌هێزکردنی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵک و گه‌لانی ئێران شی کرده‌وه.
دواتر کریستۆفه‌ر کلارک روانگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا و ئه‌وله‌وییه‌ته‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به کێشه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به گشتی و عیراق و ئێران به‌تایبه‌تی، و پێوه‌ندی و کاریگه‌ریی نێوان کێشه و ململانێکانی ناوچه له گۆشه‌نیگای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکاوه خسته‌ڕوو. یاریده‌ده‌ری به‌رپرسی دێسکی ئێران و عیراق له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ئینجا له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسیار و پێشنیارانه‌ی جێگری سکرتێری گشتیی حیزب سه‌باره‌ت به ستراتژیی له‌مه‌ودوای ئه‌مریکا خستبوونیه ڕوو، بۆچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی و زه‌رفیه‌ته‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکای باس کرد. شایانی باسه له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا کاک کامڕان باڵنوور نوێنه‌ری حیزب له ئه‌مریکا هاوڕێیه‌تیی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی کرد.