ئه‌نستیتۆی واشینگتۆن بۆ سیاسه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست که ناوه‌ندێکی سه‌ره‌کیی توێژینه‌وه و سیاسه‌تسازی سه‌باره‌ت به رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته و یه‌كێک له گرینگ‌ترین تینک تانکه‌کانی ئه‌مریکایه، مێزگردێکی تایبه‌تی بۆ جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان رێک خست.
واشینگتۆن ئینستیتوت که کاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر ئاقاره ستراتژییه‌کانی حکومه‌تی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریکا به تایبه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی دۆنالد ترامپ هه‌یه، دوانیوه‌ڕۆی سێ شه‌ممه ٢٣ی ژانویه‌ی ٢٠١٨ پێشوازیی له د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده جێگری سکرتێری گشتیی حیزب کرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به دۆخی ئێستا و ئایندهی ئێران له روانگه‌ی کورده‌کانه‌وه باسێک پێشکه‌ش بکا.
له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا که ژماره‌یه‌ک توێژه‌ری ئه‌کادیمی و راوێژکاری سیاسی تێیدا به‌شدار بوون، سه‌ره‌تا جێگری سکرتێری گشتیی حیزب باسه‌که‌ی پێشکه‌ش کرد. له سه‌ره‌تای باسه‌که‌یدا ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده له‌پێشدا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که له ساڵانی رابردوودا فاکته‌ری کوردی وه‌ک عونسورێکی گرینگی ئایندهی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست زیندوو بۆته‌وه و سه‌رنجی پێ ده‌درێ، به‌ڵام ئه‌و سه‌رنج پێدانه که‌متر کورده‌کانی ئێرانی گرتۆته‌وه. ناوبراو دانی به‌وه‌دا نا که ریال پۆلیتیک هه‌روا به‌سه‌ر پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا زاڵه و سیاسه‌تی هه‌ر ده‌وڵه‌تێک له‌گه‌ڵ کوردی هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان پاشکۆی سیاسه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی حاکم به‌سه‌ر ئه‌و به‌شه له کوردستاندایه، به‌ڵام گوتی ئه‌گه‌ر قبووڵمان بێ که یه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کورد و یه‌ک پرسی کورد هه‌یه، ناکرێ کورد له ئێران که چ له رووی حه‌شیمه‌ت و چ له‌ڕووی مێژوییه‌وه گرینگییه‌کی بنه‌ڕه‌تیی له بزوتنه‌وه‌ی کورد به گشتیدا هه‌یه و له ئێرانیش سێهه‌مین گرووپی ئێتنیکی و له‌ڕووی سیاسییه‌وه رێکخراوترین و وشیارترین گرووپه، پشتگوێ بخه‌ین.
ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده ئینجا هاته سه‌ر پاشخانی خه‌باتی کورد له ئێران و ناوه‌رۆکی ئامانجه‌کانی ئه‌و گه‌له که ویستی ئینسانی و نه‌ته‌وه‌یی و دێموکراتیکن. ناوبراو گوتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که کورد له ئێران و حیزبی دێموکڕات هه‌میشه خه‌باتی سیاسی و ئاشتیخوازانه‌یان ته‌رجیح داوه و له خه‌بات و خۆڕاگریی چه‌كداریشدا هه‌میشه پابه‌ندی مافی مرۆڤ بوون، به‌ڵام وڵامی کۆماری ئیسلامی هه‌میشه ئینکار و سه‌رکوت و تێرۆر و ته‌بعیز بووه.
ناوبراو ئینجا ئاماژه‌ی به ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته‌کانی سه‌ر رێگای بردنه‌پێش و سه‌رخستنی خه‌باتی کورد له ئێران‌دا کرد که بریتی بوون له تایبه‌تمه‌ندیی پاشخانی مێژوویی و جیاوازیی مه‌وقعیه‌تی دێموگرافی و حقووقیی کورد له ئێران و ته‌بیعه‌ت و ماهیه‌تی ده‌سه‌ڵات له ئێران که به‌هۆی ئه‌قلیه‌تی یهكدهستخوازانه و ناوه‌ندگه‌رایانه و له‌رێگای سه‌رکوت و سه‌ره‌ڕۆییه‌وه ده‌رفه‌تی هه‌ر جۆره کرانهوهیهكی دێموکراتیک و هه‌رچه‌شنه به‌ستێنێکی سالم بۆ خستنه‌ڕوو و چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وه‌کانی نێو ئه‌و وڵاته‌ی له‌بار بردووه. د. ئاسۆ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به وه‌ده‌رنانی هێزه سیاسییه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن و هێزه کوردییه‌کان له جوغرافیای سه‌ره‌کیی خه‌بات له ئێران و کاریگه‌ریی واقعیه‌ته‌كانی پاش شه‌ڕی که‌نداو و دروستبوونی هه‌رێمی کوردستان و باڵاده‌ستیی ئێران له عیراق له‌سه‌ر خه‌باتی کورد له رۆژهه‌ڵات کرد. حاشاشی له‌وه نه‌کرد که نایه‌كگرتوویی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی کوردیش یارمه‌تیی به درێژه‌کێشانی ئه‌و دۆخه ناله‌باره کردوه.
ناوبراو به‌ڵام فاکته‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی به فاکته‌ری هه‌ره بڕیارده‌ر زانی و گوتی کۆماری ئیسلامی به که‌ڵک وه‌رگرتن له مه‌وقعیه‌تی ستراتژی و توانای تێکده‌رانه‌ی له ناوچه‌دا هه‌میشه رۆژئاواییه‌کانی ناچار به نه‌رمی و سازان کردووه. ئه‌و کاتانه‌ش فشاری به کرده‌وه خراوه‌ته سه‌ر ئه‌و رێژیمه، ته‌نیا سه‌باره‌ت به پرسه ئه‌منیه‌تیه‌کانی وه‌ك دۆسیه‌ی ناو‌کی بووه که هه‌روه‌ک له پاش ریفراندۆمی باشووری کوردستان دیتمان، رێگای له‌وه نه‌گرتوه که رێژیم درێژه به سیاسه‌ته‌کانی خۆی له ناوچه‌دا بدا.
لێره‌دا ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده پێداگریی له‌سه‌ر پێویستیی روونبوونه‌وه و پوختکردنه‌وه‌ی ستراتژیی ئه‌مریکا له به‌رامبه‌ر ئێران‌دا کرد. ئه‌و گوتی گه‌مارۆکان به‌هۆی هه‌ڵوێستی ئورووپاییه‌كان کاریگه‌ریی گه‌وره‌یان نابێ، مه‌گه‌ر ئه‌وه که هاوکات کۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی به کرده‌وه هه‌م بۆ سنووردارکردنی کرده‌وه‌کانی رێژیم له ناوچه‌دا و هه‌م بۆ به‌شدارکردنی خه‌ڵکی ئێران له‌رێگای سه‌رنجدان به پرسی مافی و ئازادییه‌کانیان هه‌ڵبگیرێنه‌وه. ناوبراو گوتی ستراتژیی ئه‌مریکا نابێ له هه‌ڵبژاردن له‌نێوان ده‌ستێوه‌ردانی نیزامی له‌لایه‌ك و درێژه‌دان و خراپتر بوونی وه‌زعیه‌تی مه‌وجوود له‌لایه‌کی دیکه‌وه کورت بکرێته‌وه، به‌ڵکوو له‌نێوان ئه‌و دووانه‌دا زۆر رێکاری له‌باری سیاسی و حقووقییه‌وه قابلی قبووڵ هه‌ن و حه‌ره‌که‌تی ئێستای خه‌ڵکی ئێران باشترین ده‌رفه‌ت بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌و رێكارانه‌یه.
له کۆتایی قسه‌کانیدا، جێگری سکرتێری گشتیی حیزب وێڕای ئاماژه به خاڵه به‌هێز و لاوازه‌کانی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی خه‌ڵکی ئێران و به‌شی خه‌ڵکی کوردستان له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا، روانگه و پێشنیاره‌کانی خۆی له‌مه‌ڕ نه‌خشێکی هانابه‌خش که کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی و وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریکا ده‌توانن له‌و باره‌وه بیگێڕن، خسته ڕوو.
به‌شی دووه‌می کۆبوونه‌وه‌ی جێگری سکرتێری گشتیی حیزب له‌گه‌ڵ توێژه‌ران و راوێژکارانی به‌شداربووی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه بۆ پرسیاره‌کانی ئه‌وان ته‌رخان کرابوو. له‌و به‌شه‌دا به‌شداران ژماره‌یه‌کی زۆر پرسیار و داوای روونکردنه‌وه‌یان سه‌باره‌ت به بارودۆخی ناوخۆی ئێران و هه‌لومه‌رجی زاڵ به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی کورد له ئێران و روانگه‌کانی حیزبی دێموکڕات بۆ ئایندهی ئێران و ناوچه خسته ڕوو که له‌لایه‌ن جێگری سکرتێری گشتیی حیزبه‌وه وڵام درانه‌وه.
شایانی باسه هاوڕێ کامڕان باڵنوور نوێنه‌ری حیزب له ئه‌مریکا له‌و دانیشتنه‌دا هاوڕێیه‌تیی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی کرد.