پەرەستارانی نەخۆشخانەکانی پارێزگاکانی سنە و کرماشان سەرجەم ماوەی ٢٠ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.
هەواڵدەریی “تەسنیم”ی کرماشان نزیک لە سپای پاسداران، لە زمان هەیئەت بەڕێەوەبەریی نیزامی پەرەستاری ئەو شارە بڵاویکردەوە، کە پەرەستارانی پارێزگای کرماشان ماوەی ٦ مانگە بەبێ مووچە کار دەکەن.
عەلیئەکبەر وەیسی دەڵێ: پەرەستارەکانی پارێزگای کرماشان لە ٦ مانگی ڕابردووەوە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە و لەو باریەوە بیمەش بە بەڵێنەکانی خۆی پێبەند نەبووە و هیچی بۆ نەکردوون.
بە قسەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، لە پاڕێزگای کرماشان، ٣٥٠٠ پەرەستار خەریکی کارکردن و لەو ڕێژیەش ٢٢٥٠ کەسیان بڕوانامەی کارناسی و کارناسی باڵایان خوێندووە.
لە لایەکی دیکەوە، پەرەستاران لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە، ماوەی ٨ مانگە پارەی زیادەکاریان وەرنەگرتووە و ئەوە تەنیا داهاتی ئەوەنە هەر بۆیە ئەمەش کێشەی بۆ بنەماڵەکانیان دروست کردووە.
بە وتەی یەکێک لە پەرەستارانی نەخۆشخانەی شاری سنە، لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ، پارەی زیادەکاریان وەرنەگرتووە و بەرپرسانی نەخۆشخانەش لەم بارەوە کەمتەرخەمییان کردووە.
هەروەها ئەو پەرەستارە لە درێژەدا دەڵێ: ئەو بڕە پارەیە کە بە ئێمە دەدرێ، بە نیسبەت ئەو کارەی کە دەیکەن، “هیچ نیە” ئەمەش وەڵامدەری کێشە و گرفتەکانمان بە هیچ شێوەیەک نیە.
بەرپرسی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شاری کرماشان ڕایگەیاند: نەخۆشخانەی ناوەندە دەرمانییەکانی پارێزگای کرماشان، لە کەمی پەرەستار دەناڵێنێ و سەرەڕای دامەزراندنی ژمارەیەک لە پەرەستاران، هێشتا کەمی پەرەستار بەرچاو دەکەوێ.
هەواڵدەریی “ئیسنا”ی کرماشان لە زمان دکتور محەممەدڕەزا مورادی بڵاویکردەوە، بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس لە ئێران٢٧٠ پەرەستار هەیە، بەڵام لە پارێزگای کرماشان بۆ هەر ١٠٠ کەس ١٥٦ پەرەستار هەیە.
هەر لەو پێوەندییەدا، ژمارەیەک لە پەرەستارانی شاری سەقزیش، ماوەی ٦ مانگە مووچەی سەرەکی و زیادەکاریان وەرنەگرتووە.
بەرپرسانی حکوومەتی لەو شارە دواکەوتنی مووچەی ٦ مانگی پەرەستارانیان، بۆ نەبوونی پارەی گەڕاندووتەوە.