لە درێژەی چالاکیی بە بۆنەی ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان ، شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندان لە شاری پاوە چالاکیی تەبلیغی کرا.
لە گەڵ یادی ٧٢ ساڵەی دامەزرانی کۆمارە مەزنەکەی کوردستان ، تێکۆشەرانی سەر بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری پاوە لە چالاکیی تەبلیغیدا، رێزیان لە یاد و بیرەوەریی کۆماری کوردستان گرت و، لەگەڵ تێکۆشەرانی دێموکرات وەفاداریی خۆیانیان دووپات کردەوە.
تێکۆشەران و دۆستانی دێموکرات، لە شاری پاوە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی پێشەوای کوردان و، نووسراوەی تایبەت بە یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە چەندین شوێنی ئەو شارە چالاکییان نواندو لەو ڕێگایەوە لە گەڵ ئامانجەکانی پێشەوا قازی محەممەد پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.
کۆمسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە وێڕای پیرۆزبایی کردنی ئەم یادە پیرۆزە لە سەرجەم ئەندامان و تێکۆشەرانی دێموکرات و خەڵکی کوردستان بە گشتی، دەستخۆشی لە تێکۆشەرانی حیزب لە شاری پاوەدەکا.