کۆمەڵێکی بەرچاو لە جەماوەی خەڵکی سنە بۆ پاڵپشتی لە خۆڕاگریی عەفرین ڕژاونەتە سەرشەقام، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بەرەنگاریان دەبنەوە و بڵاوەیان پێدەکەن و هەروەها لە پارێزگار ورمێ ئیزن نەدرا بەڕێوە بچێ.
خەڵک بوێرانە دروشمی “مەرگ و نەمان بۆ ئەردۆغان” دەڵێنەوە کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە شێوەیکی “ناشیرین” لە خەڵکەکە دەدەن و هەوڵی بڵاوەپێکردنیان دەدەن.
بەپێی زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ماوەی ٢ ڕۆژە لە ترسی ئەگەری خۆپێشاندان و ناڕەزایی خەڵک لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕێوشوێنێکی توندی ئەمنیەتییان گرتووەتە بەر.
ڕۆژی یەکشەممەی ئەو حەوتوویە سپای تورکیە بە فەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری ئەو وڵاتە لەڕێگەی ئاسمانی و زەوییەوە هێرشی کردە سەر شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەپێی زانیاریی میدیاکانی پەکەکە هەتا ئێستا ١٨کەس شەهید بوون کە زۆربەیان خەڵکی بێتاوانن و بەپێی ئامارە نارسمییەکان زیاتر لە 40 سەربازی تورکیاش کوژراون و بە دەیان کەسیش بەدیل گیراون، بەڵام ئەم زانیارییانە بە شێوەی ڕەسمی پشتڕاست نەکراونەتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی شاری ورمێ، داوای ئیزنی بەرێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە دژی هێرشی تورکیە بۆسەر عەفرین، لە بەرانبەر کونسوولگەریی ئەو وڵاتە لە شاری ورمێیان کرد و فەرمانداری ئەو شارەش لەگەڵ داواکارییەکەیان دژایەتی کرد.











