کە باس لە دەسکەوت و دەرئەنجامە سیاسیی وفەرهەنگی دەوڵەتی کۆمار دەکرێت بێ شک دەتوانین لە زۆر لایەنەوە ئەو بزاڤە سەردەمیانە بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە بە مەبەستی بەها دان بە دەسکەوتەکان و سڕینەوەی کەموکورییەکان. هەر ئەمە واتا هەڵسەنگاندنی بێ لایەن وتاوتوێ کردنی رووداوەکان و خوێندنەوەی لۆژیکی رابردوو، بنەمای کەڵک وەرگرتنە لە مێژوو بە مەبەستی کردنەوەی ئاسۆیەکی روون بۆ ئێستاکەو هەوڵدان بۆ دابین کردنی داهاتوویەکی پرشنگدار.
راستە کورد بە هۆی بێ بەشبوونی لە دەسەڵاتی سیاسی/کیانی، نەتەنیا وەکوو خۆی لە میژوو نیشان نەداروە، بەڵکوو زۆرجاریش وەلا خراوە. ئەگەر ئاورێکی خێرا لە مێژووی کورد بدەینەوە لە دوای شەری جیهانی دووەم، بۆمان دەردەکەوێت کە ل ە(ژ،کاف)وە کورد بە گشتی وبە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو خۆی دەنووسرێت. چونکە لە رووداوەێکی گرینگ واتا دامەزراندنی دەوڵەتی کۆماری کوردستان بە شێوەیەکی ئاکتیڤ لە نەخشاندنی مێژووی خۆی بەشدارە، هەربۆیە هەرچەشنە هەوڵدان بۆ سرینەوەی بێ ئاکام دەمێنێ چونکە لە زۆر بواردا تەنانەت نەیارانی کوردیش دادن بۆ دەسکەوتە دادەنن.
پێناسەی سەرەکیی وسەردەمیانەی بزاڤی ساڵی ١٣٢٤ «دەوڵەتی جمهوری کوردستان»ە .واتە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، نەک تەنیا بە دەسەڵات گەیشتنی لایەنێکی دیاری کراو، دەوڵەت پێکهاتەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی وفەرهەنگی و ئابوورییە و خاوەنی هێما وپێناسەی سەربەخۆیە کە دەبێ لە نێوانی خەڵک ودەسەڵات پێوەندیەکی پتەوهەبێ تاکوو ببێتە دەوڵەتێکی دیموکراتیک، بۆ ئەوەی خەڵک خۆیان لەو دەوڵەتە بە دەسەڵات گەیشتووە ببینەوە ئەویش دەوڵەتی ئەوکاتی کۆماری کوردستان کە تازە رسکاووساوا بوو بۆ مانەوەی و بۆ ئەوەی تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردی کە مێژوویەکی دوورودرێژیان هەبوو لە بێ دەسەڵاتی وچەرمەسەریی، بەرەو دێموکراسیەت ودەوڵەتداری ڕابهێنێ هەر لە یەکەم رۆژانی سەرکەوتندا بایەخ وگرینگی تایبەتی بە نیزامی «پەروەردە»و ڕاهێنان دا.راستە تەمەنی ئەم دەوڵەتە کەمتر لە ١١مانگی خایاند، بەڵام هەوڵەکانی لە زۆر بواردا لە جێگەی خۆی ولە چوارچێوەی ئەرکە دیاریکراوەکانی دەوڵەتدا بوو. بۆ نموونە رەخساندنی کەشی تایبەت بە هاتنە مەیدانی ژنی کورد تا هاوشان و پاڵپشتێکی پۆزتیڤ بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وسیاسییەکان بن ، ئەویش لە وەها قوناخێک کە ژنان زیاتر کویلەی نیزامی پیاوسالارانەو دواکەوتوو بوون. ئەوە یەک لە خاڵە ئەرینی وبەهێزەکانە کە دەتوانین ئێستاشی لەگەڵ بێ بۆ پێشکەوتن وسڕینەوەی لەمپەرەکانی سەر رێی سەرکەوتن بەرز بنرخێنرێت.
ئەگەر پێشوا قازی محەمەد» جیا لە سەرۆک کۆمار، وەکوو لیدرێک بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەی کوردی جێگای دروشاوەی هەیە، بەشێکی دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کە ڕاستە خۆ کەسایەتێکی ئاینی بوو بەلام هیچکات بیرۆکەی ئاینی نە کردە کۆسپێک بۆ سەر رێی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە، بەڵکوو بەهۆی وشیاری وتێگەیشتنی سەردەمیانە هەستی بەوە کردبوو کە بۆ ورووژاندن وسەقامگیر کردنی ناسیونالیزم لە ناخی کۆمەڵگە پێوستە گرینگی بە «پەروەردە»بدرێت. دەیزانی ژنان بەشێکی قورس وکاریگەرتریان هەیە لە سەر پەروەردەی کۆمەڵگە هەربۆیە بستێنیکی وەهای رەخساند تا ژنان لە کونج وپسێوی دیوەخان بێنە مەیدانی چالاکی ولە پرۆسەی شارۆمەندی ودەوڵەتداری بەشدار بن. رەنگە «پێشەوا»وەک باڵاترین مەقامی کۆماری کوردستان بەتەواوی هەستی بەم قسەی ڤیکتۆر هۆگۆ»کردبێت کە دەڵێ: «ئەگەر دەتهەوێ کۆمەڵگایەک بە یەخسیری بمێنێتەوە، سەرەتا ژنانی ئەو کۆمەڵگە یەخسیربکە، چونکە ژنی کویلە ناتوانێ بەرەیەکی ئازادیخواز پەروردەبکات.»
ئەگەر سەرەتا لە بنەماڵەی خۆیەوە واتە» مینا خانمی هاوسەری» هان دە دا و تێچووی بەشداریی ژنان لە کاروباری رێکخراوەیی بە ئەستۆ دەگرێ هەتا پیاوانی دیکەش لەم بارەوە هاندەر بن، دەرخەری ئەوەیە کە «پێشەوا» گەلێکی ئازادیخوازی دەویست، نەک خەڵکێکی گوێ لە مست.
هەڵبژاردنی «میسری خوسرەوی» ناسراو بە «خانمێ»وەکوو یەکەمین ژنە مامۆستا لە قوتابخانەکانی سەردەمی کۆمار لەسەر داوای شەخسی پێشەوا، لە کاتێک دایە کە هێشتا لە ئێران بەگشتی مەجالێکی وا نەدراوە بە «کچان وژنان» کە بچنە خوێندنگەو فێری خوێندن ونووسین و زانست بن. تەنانەت زۆرێک لە قوتابخانەی تایبەت بە کچان» لە ژێرناوی ئایین وبە پێی داخراویی نیزام ودەسەڵاتی پاشایەتی ئەوکاتی ئێران دادەخرێن، بەڵام حوکومەتە ساواکەی کۆمار هەست بەو بەرپرسایەتییە دەکات و نە تەنیا رێگەرنابێ بەڵکوو هەر لە خودی ژنان واتە «دایە میسری»داوا دەکات کە ببێ بە مامۆستاو لە خوێندنگەی»قەلا سەرداری» بۆکان وانەی کوردی دەڵێتەوە. کە ئەمە بۆ خۆی وانەیەکی رووناکبیرانەو یەکسانیخوازانەیە بۆ سەرجەم رێکخراوەکان ولایەنە سیاسییە کوردییەکان چ ئێستاو چ داهاتوو، کە کەمرەنگ کردنی دەورو رۆڵی ژنان سەرەتا خەسارێکی رووخێنەرە بۆ ئەو بزاڤەو لە ئاستی بەربڵاوتر بەربەست خستنە لەسەر رێ گەشەی کۆمەڵگە.
هەربۆیە بە بۆنەی کۆچی دوایی یەکەم ژنە مامۆستای قوتابخانەکانی سەردەمی کۆمار جێگای خۆیەتی کە هەوڵە کۆمەڵایەتی وسیاسییەکانی «پێشەوا» بە هێند وەربگرین و هەروەها رێزدابنین بو ماندوویی وتێکۆشانی سەرجەم ژنانی کورد کە سەرەرای سەرکوت ودەمکوتی ئاینی و کۆمەڵایەتی لە پێناوی گەشەو جێ خستنی چەمکە ئینسانی ونەتەوەییەکان خەمسارد نەبوون وچ لەشاروچ لە شاخ لە کاروانی رزگاریخوازی کورددا بەشدارن. کەواتە ئەرکی سەرشانی هەموو حیزبێکی سیاسی ودەوڵەتی کوردییە کە مەجالی زیاتریان بۆ بڕەخسێنێ و دان بەم راستییەدا دابنن کە ژنی کویلە و کۆمەڵگەی کویلە بەیەکەوە گرێدارون.
لە کۆتایدا با بڵێم: سپاس بۆ مەرگ کە زۆرجار دەبێتە هۆی یادکردن ورێزلێنان لەو کەسانە کە بەراستی شایانی رێزگرتن ویاد کردن وفەراموش نەکردنن.
سەرچاوە:
ماڵپەڕی باسنیوز، سایتی «سارا شعر»، ئارشیڤی سەردەمی کۆمار.
ئەم وتارە لە ژمارە ٦٥٧ی رۆژنامەی کوردستاندا بڵاوبۆتەوە