لە ١٠ساڵی ڕابردوو بە تایبەت ئەو دواییانە لە لایەن کۆمەڵێک نووسەر و شاعیرەوە بەردەوام بانگەشەی دەقی مۆدێڕن و شێعری مۆدێڕن دەکرێ و کۆمەڵێک لەو کەسانە زۆر جار ئیدعای ئەوەیان بووە کە دەقی مۆدێڕنییان بڵاو کردۆتەوە و خۆیان وەک نوێنەری ئەدەبیاتی مۆدێڕن ناساندووە.
به‌هه‌ڵه تێگه‌یشتنێک له ناو تاقمێک له‌و که‌سانه‌دا هه‌یه که به وردی نه ئه‌رکی ئه‌ده‌بیات ده‌زانن و نه رۆڵ و پێگه‌ی وشه له شێعر دا ده‌ناسن و نه له واتای نوێگه‌ری و نوێبوونه‌وه له شێعر تێده‌گه‌ن، ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه که ئه‌و به‌ڕێزانه به هۆی ئه‌وه‌ی بیستوویانه نوێگه‌ری له ئه‌ده‌بیات شتێکی باشه و خستنه رووی فۆڕم و زمانێکی نوێ بایه‌خێکی تایبه‌تی هه‌یه، ئه‌وانه‌ش بی ئه‌وه‌ی له‌و واتایانه و مه‌به‌ستی شاراوه یان ئاشکرای پشت ئه‌و گوتانه تێگه‌یشتبن، نوێگه‌ری و تازه کردنه‌وه‌ی شێعر له‌گه‌ڵ مودێڕنیزاسیۆن له بواری پیشه‌سازی دا لێک جودا ناکه‌نه‌وه و پێیان وایه به‌کاربردن و هێنانه ئارای ناوی ئه‌و که‌ره‌سه و مه‌کینه پیشه‌سازییانه‌ی به‌رهه‌می دونیای به پیشه‌سازی کراون، واتای مودێڕن بوون و تازه بوونه‌وه‌ی شێعری هه‌یه. له هیچ کوێی شێعری مه‌زنه شاعیرانی وه‌ک ئۆکتاویووپاز و سان ژۆن پێرس و ئیلیووت و شاملوو و شێرکۆ و… یان ئه‌و وشانه نه‌هاتوون یان ئه‌گه‌ریش له شوێنیک ناوێکیان لێ هاتبێ ئه‌وه پێویستیی فه‌زای شێعره‌که ئه‌وه‌ی ویستووه، نه‌ک به زۆره ملی وشه‌که بپستێونه ناو شێعره‌که‌وه. کۆمەڵێک لەو شاعیرانە پێیان وابووه ئه‌گه‌ر ناوی مه‌کینه و که‌ره‌سه‌ی مودێرن به‌رێ ئه‌وه شێعره‌که‌ی مودێڕن ده‌بێ.
ئه‌گه‌رچی مودێڕن بوون یا نه‌بوونی ئه‌و وشه و واتایانه‌ی له شێعردا به ده‌کار ده‌برێن، پێوه‌ندی به ئاستی هونه‌ری شێعره‌که‌وه نییه و ئه‌و نووسینه‌ش جێگای ورووژاندی ئه‌و باسه نییه، به‌ڵام ئاماژه‌یه‌ک به خوێندنه‌وه‌ی دکتۆر «زیای موه‌حید» وه‌ک شاعیر و ره‌خنه‌گر بۆ به‌شێک له کتێبی «ئه‌ده‌بیات چییه»ی «ژان پۆل سارتر» ده‌که‌م. « چون راسته‌وخۆ پێوه‌ندی به بابه‌ته‌که‌ی به‌رباسی ئێمه‌وه هه‌یه. موه‌حید ده‌ڵێ: سارتر له‌و به‌رهه‌مه‌دا دابه‌شکاری‌یه‌ک له مابه‌ین شێعر و چیرۆک ده‌خاته روو و پێی وایه شاعیر به‌رپرسیارێتی کۆمه‌ڵایه‌تی نییه، به‌ڵام چیرۆک نووس له به‌رانبه‌ر بابه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان به‌رپرسیاره و پێویسته ئاگای له به‌رده‌نگان و بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وانیش ببێ. هۆکاری ئه‌وه‌ی که سارتر بیروڕایه‌کی وا سه‌باره‌ت به شێعر و چیرۆک ده‌خاته روو ئه‌وه‌یه که شێعر بوارێکه که له‌و دا زمان وه‌ک که‌ره‌سه‌ی راگه‌یاندنی هه‌واڵ به‌کار نابردرێ. واته زمان له شێعر دا وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌کی هونه‌ری چاوی لێده‌کرێ و شاعیر به چه‌شنێک له‌گه‌ڵ وشه هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کا که هاوشێوه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوکه‌وتی مووسیقازانێک له گه‌ڵ نۆت و وێنه‌رێک له‌گه‌ڵ ره‌نگ و په‌یکه‌ره‌سازێک له‌گه‌ڵ که‌ره‌سه‌کانی تایبه‌ت به کاری خۆی. به واته‌یه‌کی روونتر ده‌بێ بڵێێن شاعیر له سه‌ر که‌ره‌سه زمانییه‌کان کار ده‌کا.(*2) جاری وایه ئه‌و له‌و پڕۆسه‌ی کاره‌دا بابه‌تی مودێرینیش باس ده‌کا و جاری وایه نا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر زمان وێران بوو و پێکهاته‌ی شێعر له‌به‌ر یه‌ک بڵاو بوو و کار گه‌یشته سه‌ر قسه‌ی بێ بنه‌ما و شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره کوتن، ئه‌و کات ئیتر نه واتای مودێڕن به‌کار بردن شێعرییه‌ت دێنێ و نه هێنانه‌وه‌ی قسه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی دوور له زمانی جوانیناسانه و هونه‌ری، به‌رهه‌م ده‌ئافرێنێ.
«جاوید فەرهاد» نووسەر و رەخنەگری فارس لە وتارێکدا سەبارەت بە «شیعری مۆدێڕن» دەڵێ: واتای «شیعری مۆدێڕن» لە پاش ئاشنایی ئێمە لە گەڵ «مۆدێڕنیتە» و ڕەوتە ئەدەبییەکانی مۆدێڕنی ئورووپا، هاتە ناو ماڵی ئەدەبی ئێران و دواتر کوردستان، پاشان لە رێگای وەرگێڕان و خوێندنەوەی دەقی شاعیرە ئورووپاییەکان بە تایبەت «سەمبۆلیستەکانی فەڕانسە» بەرەو ئەو بەستێنە واتە «شیعری مۆدێڕن» چووین. هەر بەو هۆیە زۆر یەک لە رەخنەگران و شاعیران لەو ناوەدا تووشی سەرلێ‌شیواوی و لێکدانەوەی هەڵە بوون. کە واتە بە هۆی تامەزرۆیی زێدە و توندڕەوییەکی هەڵەی نوێخوازی و هەروەها لاسایی کردنەوەیەکی موتڵەق لەو بەستێنە دا ون بوون و بە بێ ئەوەی تێگەیشتنێک و دەرکێکی قووڵیان لەو واتایە هەبێ ڕوانگە و بۆچوونی هەڵەی خۆیان بەو بابەتەوە گرێ دا.»
کێشەی بنەڕەتی لە کۆمەڵگای ئێمە لەو جێگایەوە سەرچاوە دەگرێ کە بە بێ گرینگی دان بە واتا سەرەکییەکانی مێژوویی، کلتووری و سیاسی و زۆر بابەتی کە، بە لێکۆڵێنەوە و بڕیار و ڕوانگەی هەڵەی شەخسی زەینمان لێک دەدەینەوە. لێکدانەوەی «شیعری مۆدێڕن» بۆ کۆمەڵێک کەس لە ناو بەستێنی ئەدەبیاتی ئێمەش، تووشی ئەو هەڵانە بووە، واتە بە تێگەیشتنێکی ڕاست و زانستی لە واتای «مۆدێڕن» و «مۆدێڕنیتە» لە ئەدەبیات نەگەیشتوون. لەو بازاڕە بێ سەرەوبەرەیەی ئەدەبیاتی ئێمەش بە کارهێنانی کۆمەڵێک وشەی پێشەسازیی تازە و ڕەق و تەق و هەروەها هێنانە ئارای کۆمەڵێک واتای بێ بنەما و سەیر و سەمەرە بۆتە رەوتی شێعری مۆدێڕنی ئێمە.
شیعری «مۆدێڕن» ڕەوتێکی رەوانە کە لە هەناسەی «مۆدێڕنیتە» و هەروەها بە ئەزموون و تاقیکاری قووڵ و پاڵپشتی فەرهەنگی لە ئورووپا بەرهەم هاتووە. ئەو ئاڵ و گۆڕەش لەگەڵ بەستێنی مێژوویی خۆی لە پاش رێنێسانس کەوتە گاگۆڵکە. ئەدەبیاتی ئورووپاش لە پاش تێپەڕ کردنی سەردەمی قەیران و نەهاتی لە سەدەکانی نێونجی و بوونی ئەزموون لە سوننەت و ناسینێکی قووڵ لە واتای «سوننەت زەدەگی» لە هەموو بابەتێک بە تایبەت «ئەدەبیات» و هەروەها لە پاش چەند دەیە تاقیکاری و راهێنان، شوورەی کۆنەپەرەستی و دواکەوتوویی ڕووخاند و گەیشتە «ئەزموونی مۆدێڕنیتە».
ئێستاکەش کاتێک لە گەڵ واتای «مۆدێرن»، «مۆدێڕنیتە»و «شیعری مۆدێڕن» بەرەوڕوو دەبینەوە دەبێ سەرەتا پێناسەمان لە مۆدێڕن و مۆدێڕنیتە بە گرینگی دان بە دوا ڕوانگەی مێژوویی_کلتووری ڕوون بێتەوە بۆ ئەوەی کە بتوانین پاکانەیەکی دوروست لە واتای مۆدێڕن و مۆدێڕنیتە و دواتر «شێعری مۆدێڕن» بێنینە ئاراوە.
لە بابەت شێعری مۆدێڕن بە پێناسەی ئورووپایی وەکوو ڕەوتێک لە ئورووپا، ئێمە ئێستاش بە ئەزموونگەلی مێژوویی_فەرهەنگی مۆدێڕنیتە و ئەدەبیاتی مۆدێڕن نەگەیشتووین و لە ئێستا دا خەریکی ڕاهێنان و تاقیکارین ئەویش بە پشت بەستن بەو وەرگێرانەی کە لە دەقی مۆدێڕن هاتۆتە بەرهەم. بۆ تێگەیشتنێکی مەنتقی و دوروست لە واتای «شێعری مۆدێڕن» باشتر وایە لە واتای «شێعری رۆژ» کەڵک وەرگرین، چۆن بە کەڵک وەرگرتن لەو واتایە بە پێناسەیەکی ڕوون لە شێعر دەگەین.
لێرەدایە کە دەتوانین بڕیار بدەین ئەو دەقانەی کە ئێستا وەک شێعری مۆدێڕن بڵاو دەبنەوە، مۆدێڕن نین بەڵکوو بەرۆژن، واتە لە گەڵ بەرەکانی پێش خۆی تا ڕادەیەکی بەرچاو جیاوازی هەیە، هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە ئەو دەقە بەڕۆژانەی ئێستا بە تەواوی جیاواز نییە و ئێستاش جێ‌پەنجە و مۆرکی شیعری پێشوو لە شیعرەکانی رۆژ دا دەتوانین ببینیەوە.
ئەم وتارە لە ژمارە ٦٥٧ی رۆژنامەی کوردستاندا بڵاوبۆتەوە