لە چەند رۆژی ڕابردوودا ئەرتەشی تورکیە هێرشی کردە سەر عەفرین لە رۆژاوای کوردستان و بە هۆی تۆپباران و موشەکبارانی سپای ئەم وڵاتەوە کۆمەڵێک لە دانیشتوانی مەدەنیی ئەم ناوچەیە و ژمارەیەک شەڕڤان شەهید کراون. ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتی تورکیە بەرانبەر بە خەڵکی رۆژاوای کوردستان بە بیانووی ئەوەیکە ئەو هێزەی کە لە رووی ئیداری و ئەمنییەتییەوە لە عەفرین دەسەڵاتدارە هێزێکی تێرۆریستییە، جیا لە ئیدیعایەکی بێبنەما ناتوانێ شتێکی دیکە بێت.
کوردەکانی رۆژاوای کوردستان، لە پێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیان و ڕاوەستان بەرانبەر بە دیاردەیەکی ترسناک و تێرۆریستی وەک داعش، بە هەزاران کەسیان گیانیان لە پێناو شەڕی تێرۆردا بەخت کرد و چەند کارەساتێکی وەک وێڕانکردنی کۆبانییان بەسەردا هات کە لە ئاکامی بەرەنگاری و مقاومەتی قارەمانانەی خۆیان دژ بە هێزەکانی داعش لە کۆبانی، ئەم شارەیان کرد بە سەمبوولی مقاومەت و نەکەوتن.
لەم قۆناغەدا کە هێشتا مەترسیی تێرۆر و سەرهەڵدانەوەی گرووپەکانی هاوچەشنی داعش هەڕەشەن بۆ سەر ناوچەکە، هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرین و هێزەکانی رۆژاوای کوردستان کە رۆڵێکی سەرەکیان لە کۆتایی هێنان بە تێرۆر لە بەشێکی بەرچاو لە خاکی سووریەدا گێڕا، جیا لە هەڵوێستێکی نابەرپرسانە و جیا لە دژایەتییەکی روون لە گەڵ پێشکەوتنی پرسی کورد، ناکرێ ناوێکی دیکەی لە سەر دابندرێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر عەفرین و دەربڕینی هاوخەمی لە گەڵ گەلی کورد لە رۆژاوای کوردستان، هاوکات داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی دژ بە تێرۆر دەکات کە بە گوشار خستنە سەر ئەم وڵاتە، پێش بەم دەستدرێژیانە و روودانی کارەساتی ئینسانیی دیکە بگرن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
١ی رێبەندانی ١٣٩٦