کاناڵی ئاسمانیی «نوور» له وتوێژێکدا لهگهڵ خالید عهزیزی، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئهندامی کۆمیتهی ناوهندیی حیزب، پرسی ناڕهزایهتییهکانی مانگی بهفرانبار، هۆکارهکانی ئهو ناڕهزایهتییانه، خهسڵهت و تایبهتمهندیی خۆپیشاندانهکان و جێگهی کوردستان لهو ناڕهزایهتییانهی لهگهڵ بهڕێزیان هێناوهته بهرباس.
«کوردستان» پوختهیهک لهو وتووێژه بۆ خوێنهرانی بڵاو دهکاتهوه:
وەرگێڕان و پوختکردنەوە: هەمزە ئاگوشی
خالید عەزیزی لە وهڵامی ئهو پرسیارهدا که جیاوازیی خۆپیشاندانهکانی ئهم دواییانه لهگهڵ ئهوهی ساڵی ٨٨ چیه، دهڵێ: «ناڕەزایەتییەکانی خەڵک له ساڵی ٨٨ بە دیاریکراوی لە بەرانبەر ئاکامەکانی هەڵبژاردنەکان بوو. خەڵک زیاتر بەدوای ئەوەوە بوون کە بڵێن لە هەڵبژاردندا دەنگەکانی ئێمە بۆ کوێ چوو و چی بەسەر هات. لەسەر ئەو باوەڕە بوون نیزامی کۆماری ئیسلامی، دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنەکاندا کردوە و ئاکامی هەڵبژاردنەکانی بە قازانجی ڕێژیم پێشانی خەڵکی داوە. بەڵام ناڕەزایەتییەکانی ئەو دواییانه لایەنی گشتیی هەبوو. ههژاری، بێکاری، گرانی و ئەو فشارهی کە کەوتووەتە سەر شانی خەڵک لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا. دەگەڵ ئەوەی کە خەڵک ویستوویانە دەنگ هەڵبڕن و کۆماری ئیسلامی ئەو دەرفەتەی پێ نەداون. لە ئاکامدا خەڵک ناڕەزایەتییان دربڕی و هاتنە سەر شەقامەکان و دژکردەوەی دەوڵەت و هێزە ئینتیزامییەکان لە بەرانبەر خەڵکدا، خەڵکیان تووڕەتر کرد و لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا کۆمەڵێک دروشمیان هێنایە گۆڕێ کە ئەو دروشمانە لایەنی ئابوورییان نەبوو و وردە وردە گەشەیان کرد و بواری سیاسییان پەیدا کرد و خودی کۆماری ئیسلامی بوو بە ئامانجی خەڵک.
جیاوازییەکی دیکەی ئەوەیە کە ئەوکات ئەو ناڕەزایەتییانە زیاتر لە شاری تاران واتە پایتەخت بوو، بەڵام ئەمجارە لە ئاستی جوغرافیایی، بە شێوەیەکی بەربڵاو شارەکانی دیکەی ئێرانی گرتەوە و گشتیتر بوو و جۆراوجۆری زیاتری بەخۆوە گرت. کەواتە دەتوانین بڵێین ناڕەزایەتییەکانی ئهمجاره سیاسی، ئابووری، کۆمهڵایهتی و جۆراوجۆر بوون و زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی گرتەوە.»
خالید عەزیزی پێی وایە چ خەڵک بە شێوەیەکی خۆڕسک هاتبنە سەر شەقام و چ هێزە سیاسییەکان لە پشت خۆپێشاندانەکانەوە بووبن، فهڕق ناکا، چونکە مەنتیقی کۆماری ئیسلامی لە بەرخورد لەگەڵ خەڵک و داخوازییەکانیان هەمیشە سەرکوت و جوڵەی هێزە ئەمنییەتییەکان بووە و دەرفەتێکیان بۆ خەڵک نەهێشتووەتەوە کە خەڵک بە ئازادی ڕێبەرانی خۆیان دیاری بکەن. یان ئەوەندە دەرفەتی دێموکراتیکیان پێ بدرێ کە خۆیان ڕێک بخەن. دامەزراوەی خەڵکی و مەدەنی لە ئێران بە رهسمی نەناسراوە.
ئهندامی کۆمیتهی ناوهندیی حیزبی دێموکرات لهبارهی پێگەی هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی تیشکی خسته سهر ئهوهی که هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیش لە نێوخۆی ئێران ئەو دەرفەتەیان نەبووە کە خەت و نیشانێکی دروست بەو خۆپێشاندانە بدەن کە لێرەدا گوتارێکی هاوبەش ببێتە دروشمێکی هاوبەشی سیاسی بۆ هەموو خەڵک. دوایە ئەگەر هێزە سیاسییە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی دروشمی جۆراوجۆریان هێناوەتە گۆڕێ، سەرەڕای جیاوازیی بیروبۆچوونیان بهڵام دروشمەکانی پەیوەندیدار بە بێکاری، ناڕەزایەتی دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، نەبوونی ئازادی، بمرێ دیکتاتۆر، ئەو ڕێژیمە دەبێ وەڵامدەر بێ، ئەوانە ئیدی گشتین. بۆیه ئهمن دڵنیام کە زۆربەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و خەڵکێکی زۆر لەنێو ئێران لەسەر ئەو بابەتانە هاوڕان.
خالید عزیزی لهبارهی چۆنیهتیی بهردهوامیی خۆپیشاندانهکان دهڵێ: «هەتا کاتێک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە سەرکوت، زیندان و ئێعدام، وەڵامی داخوازییەکانی خەڵک دەداتەوە و بێکاری درێژە پێ دەدا؛ هەتا کاتێک کە لەبەرانبەر خواستە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و کێشەکانی خەڵک هەست بە بەرپرسایەتی نەکا؛ تا کاتێک کە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران لە ڕێگهی دەستتێوەردان و سەرەڕۆییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بەولاوبەملادا بدا و خەڵکی ئێران لە هەژاری و نەهامەتییدا بهێڵێتەوە، تا ئهو کاتهی وەڵامی داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی ئێران بەدەر لە ڕەگەز و نەتەوە و ئایین و پێگە جیاوازەکانی کە هەیانە، وەڵام نەداتەوە، ئەو ناڕەزایەتییانە کەم و زۆر لە داهاتووشدا دهمێنن و ئهگهر خەڵک بۆی هەڵکەوێ، بە دڵنیاییەوە درێژەی دەبێ.
ئهندامی کۆمیتهی ناوهندیی حیزبی دێموکرات ئەوەش دەخاتە ڕوو کە چۆنیەتیی درێژەی خۆپیشاندانهکان لە داهاتوودا دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هێزە ئەمنیەتییەکان لە پەیوەندەی لهگەڵ ماف و داخوازییەکانی خەڵک و چۆنیەتی پلانی دیاریکراو و هاوبەش و ئەگەری بوونی یهکیهتی و گوتاری هاوبەشی هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لهسهر ئێران، بە تایبەت چۆنیەتی هەڵوێستی بیروڕای گشتی. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، یەکیهتیی ئورووپا، وڵاتانی ناوچەکە و بەگشتی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی گرینگە کە چۆن دوای ئەو ناڕەزایەتییانە مامهڵه لهگهڵ کۆماری ئیسلامی دەکەن و مافی مرۆڤ چەندە لەبەرچاو دەگیرێ.
خالید عەزیزی له پێوهندی لهگهڵ پەیامی خۆپیشاندانهکان و داهاتووی کۆماری ئیسلامی دهڵێ: ئەگەر سەیری مێژووی سیستەمە دیکتاتۆرییەکانی جیهان بکەین، لە نێو ٢٠٠ وڵاتی دنیادا، چەند وڵاتێک یاخود کەمینەیەک سیستمی دیکتاتۆری و سەرەڕۆییان تێدا حاکمە، کەچی ٤٠ تا ٥٠ ساڵ پێش بارودۆخ بەو شێوە نەبوو. ئێستا زۆربەی وڵاتانی دنیا سیستەمی بەڕێوەبەریی دێموکراتیکیان هەیە. خەڵک مافی هەڵبژاردن و ئازادیی ئەحزاب و دامەزراوەی مەدەنییان هەیە. حکوومەت وەڵامدەرە. لەسەر ئەو بنەمایە و بە سەرەنجدان بەو ڕاستییە، بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ داهاتوویەکی هەبێ. نەزمی جیهانی بە ئاقارێکدا دەڕوا کە سیستەمە دیکتاتۆری و سەرەڕۆیەکان درەنگ یان زوو خۆ ڕادەست دەکەن. درەنگ یان زوو دێموکراسی دابین دەبێ. تا ئەو جێگهیەی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگای ئێران ناتوانن بەدەر لەو یاسا و چوارچێوەیه بن، تەنیا ئەوەی ئهوه پەیوەندیی بە کاتەوە هەیە. ئیدی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ رێکخستنی خەڵک و چۆنیەتی و کاری رێکخراوەیی و داواکارییەکانی خەڵک دژی ئەو ڕێژیمە کە چۆن زیاتر خۆیان ڕێک دەخەن. ناڕەزاییەتییەکانی خەڵک پەیامی جۆراوجۆریان تێدا بوو. پەیامیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە ئاوا بە ئاسانی ناتوانێ درێژە بە تەمەنی خۆی بدا. پەیامیان بۆ خودی خەڵک ئەوەیە کە ئەگەر خەڵک ڕێک بخرێن، دەتوانن لە مافی خۆیان بەرگری بکەن. پەیامیان بۆ هێزە سیاسییەکان ئەوەیە کە ئەگەر بەڕاستی هێزە سیاسییەکان پەیوەندییەکی باشیان دەگەڵ خەڵکدا هەیە گرینگی بە داواکارییەکان و دروشمەکانی خەڵک بدەن و بەدوای یەکیهتی و گوتاری هاوبەشەوە بن. پەیامیان بۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە بەناچاری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئێوە سەروکارتان لەگەڵی هەیە، وەڵامدەری خەڵکی ئێران نیە و پێویستە له داواکارییەکانی خەڵکی ئێرانیش بکەنەوە.
خالید عەزیزی بەراوردکردنی ئێران دەگەڵ سووریە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بە پلانی کۆماری ئیسلامیی دەزانێ و پێی وایە کە ئەوە تەنیا بۆ ترساندنی خهڵکی خۆپێشاندەر و ڕاگرتنی خۆپێشاندانەکانە. ناوبراو دهڵێ: ئەوە سرووشت و سیاسەتی سیستەمە دیکتاتوری و دژە دێموکراسییە کە هەرکات دەگەڵ داخوازییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک ڕووبەڕوو دەبنەوە، هەوڵ دەدەن کە لە بارودۆخی وڵاتانی دیکە تابڵۆیەک پێشان بدەن کە ئەگەر ئێوەش ئەو خۆپێشاندانانە درێژە پێ بدەن و ئاسایشی ئێران تێک بدەن، چارەنووسی ئێران وەک چارەنووسی عێراق و سووریە و ئەوانی دیکەی لێ دێ. بەڵام خەڵک دەتوانن ڕێک ئەو پرسیارە بکەن کە لە سووریە و یەمەن و عێراق و ئەو وڵاتانەی دیکە کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەک لە شێوەکان لەوێ بوونی هەیە و هۆکاری تێکدانی ئارامی و سەقامگیرییە، ئەوانیش بەدوای ئازادی و مافی خۆیانەوەن. ئەوە ئەو ڕێژیمانەی وەک کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەکەن کە ئاوا بە ئاسانی ڕێگایان نەداوە کە خەڵک دێموکراسییان هەبێ.
له پێوهندی لهگهڵ بهردهوامیی خۆپیشاندانهکان و ئهگهری ههڵوهشنای ئیڕان ئهو جۆرهی که کۆماری ئیسلامی بانگهشهی بۆ دهکا، خالید عهزیزی، ئهندامی کۆمیتهی ناوهندیی حدک دهڵێ: بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بە شێوەی گشتی و سیاسەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی، تا ئێستا لەو ڕاستایەدا بووە و سەلماندووشمانە که ئەگەر لە ئێراندا دێموکراسی هەبێ، ئەگەر لە ئێراندا بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنەمای بەشداری هەمەلایەنە بێ و هەڵاواردن و جیاکاری نەبێ، هیچ مەترسییەک لەسەر کۆمەڵگهی ئێران و جوغرافیای سیاسیی ئێران نابێ کە ئێران بەرەو لێکهەڵوەشان و پارچە پارچەبوون بەرێ . ئەوە سیاسەتی پەراوێزخستن و هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لهگەڵ نەتەوە جۆراوجۆرەکان و ئایینە جۆراوجۆرەکان و بەشدارنەکردنیان لە چۆنیەتی بەڕێوەبەریی وڵات دایە کە ئەگەر بیری جیاخوازیش هەبێ، دهیهێنێتە گۆڕێ. ئەو سیاسەتە ناسیونالیستییانە بەتایبەت ئەو سیاسەتانەی لە ناوەند واتە تاران دژ بە نەتەوەکان و ئایینە جیاوازەکان بەڕێوە دەچێ و نەتەوە جۆراوجۆرکان و حیزبە سیاسییە جۆراوجۆرەکانیان دەخاتە پەڕاوێزەوە و هەست ناکەن لە بەڕێوەبەریی وڵاتدا دەور و کاریگەرییان هەیە. ڕەنگە لەو پەیوەندییەدا هێندێک لەو نەتەوانە یان چەند حیزبێک لەنێو ئەو نەتەوانە بەو ئاکامە گەیشتبن کە لە چوارچێوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی یاخود لە سیستەمەکانی داهاتوودا ئەگەر گرینگی بە مافەکانیان نەدرێ، ئیدی هیچ رێگا چارەیەکیان نیە جگە لەوەی کە لە بیری جیابوونەوەدا بن. کەواتە بیرۆکەی جیابوونەوە، بیرۆکەیەک نییە کە بەدیاریکراوی لە لایان نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران یا حیزبی دێموکراتی کوردستان یان نەتەوەکانی دیکەی ئێرانەوە هاتبێتە گۆڕێ، ئەوە بیرۆکەیەکە کۆماری ئیسلامی پڕوپاگەندە بۆ دەکا، دەیهەوێ خەڵکی بەوە بترسێنی کە ئەگەر قەرار بێ خۆپێشاندان بکەن و ناڕەزایەتی دەرببڕن، ئێران بەرەو نائارامی هەنگاو دەنێ، کوردەکان بەدوای مافەکانی خۆیاندا دەچن و حکومەتی کوردستان پێک دێنن و لە ئێران جیا دەبنەوە، یان نەتەوەکانی دیکەش بەهەمان شێوە. ئەو جۆرە پڕوپاگەندانە، بەتەواوی دوورن لە ڕاستییەوە.
لهبارهی دەور و کاریگەریی هێزە سیاسییە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەو خۆپێشاندانەدا و توانای پشتیوانییان لە خەڵک، عەزیزی وێڕای ئاماژەدان بە هەوڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ لێک نزیکردنەوەی سەرجەم دژبەرانی کۆماری ئیسلامی پەنجە لەسەر کێشەکان دادەنێ و ئاشکرای دەکا: یەکێک لە کێشەکانی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، یان ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ئەوە بووە کە دەگەڵ ئەوەدا کە دژایەتیی یەکجار زۆری ئەو ڕێژیمە یان کردووە و بەشێک لەو حیزبانە لەو پەیوەندییەدا قوربانییەکی زۆریشیان داوە، بهڵام بەداخەوە تا ئێستا نهبوونهته ئادرەس و جێگرەوەیەک. ئەوە یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئۆپۆزیسیۆن یان دژبەرانی کۆماری ئیسلامییە. ئهمن لێرە دەتوانم بڵێم کە ئەم بابەتە بەداخەوە خاڵی بەهێزی کۆماری ئیسلامی بووە. ئەو ڕێژیمە تا ئێستا ئۆپۆزیسیۆن و دژبەرێکی یەکگرتووی نەبووە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بەداخەوە لە کۆمەڵگهی ئێراندا و لە سەد ساڵی رابردوودا، ئەزموونی هاوکاری و یەکترقبووڵکردن و ئەوەی کە رەوتە سیاسییە جۆراوجۆرەکان بتوانن یەکتر تەحەموول بکەن و خاڵی هاوبەشیان هەبێ و لە درێژەی ئەو خاڵە هاوبەشانەدا بگەنە پلاتفۆڕمێکی هاوبەش و یەکگرتوو، نەهاتووەتە ئاراوە. ئێمه لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵمان ئەوە بووە، لانیکەم کوردستانی ئێران و هێزە کوردییەکان میحوەرێک بن بۆ یەکیهتیی نێوان حیزبەکانی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی وەک ئازەری، عەرەب، بلووچ، کورد و غەیرە کورد. بەداخەوە سەرەڕای هەموو هەوڵ و چالاکییەکانمان، تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووین و نەمانتوانیوه ئەو ئۆپۆزیسیۆنە بکەینە ئەلترناتیڤ یان ئادرەسێکی خاوەن پلان لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا. ئەوە یەکێک لە کێشەکانی ئێمە بووە. بەداخەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و خەڵکی ئێران و بەدبەختانە کۆماری ئیسلامیش ئاگایان لەو کێشانەی ئۆپۆزیسیۆن هەیە.
( لە ژمارەی ٧١٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)