پێشنوێژی هەینی تاران، لە نوێژی هەینی ئەم حەوتوویەدا، ناڕازییان و خۆپیشاندەرانی ڕۆژانی ڕابردووی بە “زبڵ” ناوزەد کرد و ئەو بێ رێزیی کردنە تەنانەت لە نێو دەمڕاستەکانی رێژیم نیگەرانی لێکەوتەوە.
کازم سدیقی، بەرنوێژی هەینی تاران ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانبار و لە نوێژی هەینی ئەو شارەدا، سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ناڕازی و ڕێپێوانە نمایشییەکانی ڕێژیم قسەی کرد و وێڕای پەسند کردنی کۆمێدیای حکوومەتی، خەڵکی ناڕازی بە زبڵ ناودێر کرد.
ئەمە یەکەم جار نییە کە کەسێک لەم پلە و پایە بەمشێوەیە لەسەر ڕەخنەگران و خەڵکی ناڕازیی دەدوێ؛ پێشتریش عەلەمولهۆدا لە لێدوانێکی جێگەی شەرمدا، گەلانی ڕاپەڕیوی بە “بزن و گوێرەکە” ناوزەد کردبوو
ئەم کەسانە لە کاتێکدا قسەی نەشیاوی لەم چەشنە دەکەن و سووکایەتی بە ئازادیخوازان و مافویستان دەکەن کە بە وتەی “سەلمان سامانی”، وتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم، لە چوار ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٤٣ هەزار کۆبوونەوەی ئێعترازی لە ئێران بەدژی ڕێژیم بەڕێوە چووە کە لە ڕۆژدا دەکاتە نیزیک بە ٣٠ گردبوونەوەی ئێعترازی.
لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکان لە ئێران، گەورەبەرپرسانی ڕێژیم لەوانە خامنەیی و ڕوحانی خەڵکی وەزاڵەهاتوویان بە دوژمن و جێبەجێکاری ئەرکە پێئەسپێردراوەکانی ئیسرائیل و ئامریکا ناساند و دەیانگووت ئەوانەی هاتوونەتە سەر شەقامەکان خەڵکی ئێران نین!