هێزە کورد و ئێرانییەکانی نیشتەجێی وڵاتی سوئیس، پشتیوانی خۆیان بۆ راپەرینی ئەو دواییانەی ئێران راگەیاند.
رۆژی شەممە ١٣ی ژانویە ی ساڵی ٢٠١٨ی زایینی ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانبار لە شاری زووریخی وڵاتی سوئیس ٥ لایەنی سیاسی توانیان خۆپیشاندانێکی هێمنانە بۆ پشتیوانی لە گەلانی ئێران پێک بهێنن.حیزبی دێموکراتی کوردستان ، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کانوونی پەنابەرانی سوئیس و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان،
ئەو پێنج ڕێکخراوە بوون کە لە کارێکی هاوبەش پشتیوانی خۆیانیان لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران وکوردستان دەربڕی و بۆ ئەو مەبەستەش خۆپێشاندانێکیان بەڕێوەبرد.
ئەو خۆپیشاندانە لە ٢ بڕگە پێک هاتبوو کە بریتی بوون لە رێپێوانی چەند کیلۆمێتری و درووشمدان بەدژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی .
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو گردبوونەوە دا بڕیار نامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری خۆپیشاندان هاوبەشەکە و هەروەها پەیامی حیزبە بەشداربووەکان خوێندرایەوە.
کە لەو بڕگەیەدا بڕیارنامە خۆپیشاندانەکە کە بە ٣ زمانی ، کوردی ،ئاڵمانی و فارسی ئامادە کرابوو، بەشی کوردیەکەی لەلایەن نوێنەری حدک خاتوو شەهین مودەڕەسی کە هاوکات ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری خۆپیشاندانەکەش بوو خوێندرایەوە.
شایانی باسە پەیامی کۆمیتەی سوئیسی حدک لە لایەن بەرپرسی کۆمیتە، زاهیر قادر حاجی پێشکەش کرا ، کە تێیدا سپاسی هەموو حیزبەکانی کردبوو کە هاوکاری حدک بوون بۆ پێکهێنانی ئەو بەرەیەکگرتووە لەو کاتە حەساسە دا و، هەروەها هیواشی خواست کە ئەو کارە ببێتە هەوێنی هاوکاری زیاتر نێوان لایەنە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان.
شیاوی باسە دوای خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران و کوردستان بەدژی کۆماری ئیسلامی، ڕەوەندی کوردی و ، پەنابەرانی وڵاتانی ئورووپایش بە رێکخستنی خۆپێشاندان و گردبوونەوە لە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناڕەزایەتی خۆیانیان لە هەمبەر ئەو ڕێژیمە دەربڕی.