عەزیم دارایی فازڵی، ئەندامی ئەنجومەنی دەروونناسانی ئێران دەڵێ پتر لە سەدی ٩٠ی خەڵكی ئێران، چاو لە كاناڵە ماهوارەییەكان دەكەن.
دارایی فازڵی هەروەها گوتوویەتی نە تەنیا بنەماڵە لاییكو غەیری مەزهەبییەكان، بەڵكوو بنەماڵە مەزهەبییەكانیش كەلك لە ماهوارە وەردەگرن.
ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی دەروونناسان لە درێژەدا ده‌ڵێ: بەرنامەكانی ماهوارە لە ئاستی باخچەی ساوایانه‌وه کاریگه‌رییان له‌سه‌ر خه‌ڵک داناوه‌و بۆ نموونه، ئێمە ئەگەر بمانهەوێ كیفێك بۆ منداڵەكەمان بكڕین، نابێ وێنەی ڕووخساری كەسایەتییەكی ئێرانی لەسەربێ، چونكی منداڵەكە پێی ڕازی نابێ، ئەم مەسەلە نیشانەی ئەوەیە كە كاناڵە ماهوارەییەكان لە قۆناغی منداڵییەوە تا گەورەساڵی كارتێکهرییان له‌سه‌ر خەڵك بووه.
چاوه‌دێرانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێن لە حاڵێكدا بەكارهێنانی كەرستەكانی ماهوارە لە ئێران قەدەغەیەو به “تاوان”یش داده‌نرێ، بەڵام ڕاپۆرتەكان ئاشكرایان كردووە خەڵك گوێ بەم قانوونە نادەن.
ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی دەروونناسان ده‌ڵێ هۆگریو مەیلی خەڵكی ئێران بۆ دیتنی دراماكان له كاناڵە ماهوارەییەكان، هۆکاره‌که‌ی بۆ لاوازیی بەرهەمەكانی دەنگو ڕەنگی كۆماری ئیسلامی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
فازڵی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتویەتی: سریاڵە ماهوارەییەكان بوونەتە هۆی ئەوەی كە ژن‌و مێرد ڕاشكاوانە ناپاكی لەگەڵ یەكتر بكەن، به‌ڵام روونی نه‌کردۆته‌وه که ئاخۆ په‌رسه‌ندنی خه‌ساره کۆمهڵایهتییهکانو یه‌ک له‌وان ناپاکی‌و خیانه‌تی هاوسه‌رێتی هه‌ر بۆ سه‌یرکردنی کاناڵه ماهواره‌ییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
مستەفا ئیقلیما، سەرۆكی ئەنجومەنی زانستیی یارمەتیكارانی كۆمەڵایەتیی ئێرانشی لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، سەدی ٩٠ی پیاوەكان لە ئێران خیانەت بە هاوسەرەكانیان دەكەن. ڕاگەیەندرانی ئەم ئامارە نوێیە لە حاڵێك دایە كە پێشتر دەیانگوت سەدی ٧٠ی پیاوانی ئێرانی، هەر نەبێ بۆ جارێك ناپاكییان بەرامبەر بە ژنەكانیان كردووە.