ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای “بیت المقدس” لە پارێزگای سنە داوای هەڵسووکەوتی ئەمنییەتی لەگەڵ چالاکانی سیاسی و مەدەنی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی “بیت المقدس” لە پارێزگای سنە، لە هەوڵی ئەوە دایە کە کۆماڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی بە تۆمەتی “پێوەندیی لەگەڵ ڕاگەیەندنەکانی دەرەوەی وڵات”دا، دەسبەسەر بکا.
بە قسەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە ئێران و و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەربە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای “بیت المقدس” لە دنیای مەجازیدا هێندێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی “بە دژە شۆڕش” ناوبرد.
هێزە ئیتلاعاتییەکان چالاکانی سیاسی و مەدەنیی بە تۆمەتی پێوەندیی لەگەڵ ڕاگەیەندنەکان لە دەرەوەی وڵات تاوانبار و داوای کردووە لە کاربەدەستانی پێوەندیدار کردووە بە شێوەی ئەمنییەتی هەڵسووکەوتیان بکرێ.
لەگەڵ دەسپێکردنی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان، ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە و حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ڕێگای پێوەندی تەلەفوونی، هەڕەشەیان لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی کورد کردووە کە بە هیچ شێوەیەک لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان هیچ جۆرە بابەت و هەواڵ بڵاو نەکەنەوە و پشتیوانیشیان لێ نەکەن.
ئەو ٢ ناوەندە ئیتلاعاتییە هەڕەشەیان لە ڕۆژنامەوان و چالاکانی مەدەنیی کورد کردووە ، لە ئەگەری پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لەگەڵ هەڵسووکەوتی قەزایی بەڕەوڕوو دەبنەوە.
پێویست بە گوتنە کە چەمکی”دژە شۆڕش” لە ئەدەبیاتی سیاسی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بە کەس یان لایەنێک دەگوترێ، کە چالاکی سیاسی خۆیان بە پێچەوانەی سیاسەتی ڕەسمیی دەسەڵاتی ئێستای ئێران ئەنجام دەدەن.