وەرزشوانێکی کورد، خەڵکی شاری سەقز، بە هۆی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم و میداڵی زێڕی کێبڕکێی “ددلیفت” حوکمی قارەمانی بە دەست هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، “ئارش عەلیمورادی”، وەرزشوانی خەڵکی شاری سەقز، لە کێبڕکێی “ددلیفت” لە دەستەی “فوق سنگین” لە ئێران، توانی بەسەر ڕەکابەرکانیدا زاڵ بێ و حوکمی قارەمانی بە دەست بێنێ.
ئەو وەرزشوانە کوردە، لەو کێبڕکێیەدا، پلە یەکەم و میداڵی زێڕی بە دەست هێنا و بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە کێبڕکێی “فوق سنگین” هەڵبژێردرا بۆ کێبڕکێی جیهانی و قارەمانییەکانی وڵاتانی ئورئاسیا، کە لە ساڵی ٢٠١٨ی لە وڵاتی ڕووسیە بەڕێوە دەچێ.
ئارش عەلیمورادی، خەڵکی شاری سەقز و لە ساڵی ٥٩ی هەتاوی، لەو شارە لەدایک بووە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هۆگری وەرزش بووە و ناوبراو دوکتوڕای وەرزشی لە بەشی لەشجوانیدا، هەیە.
شایانی باسە سەرەڕای هەموو کەموکۆڕی و ئاستەنگەکانی بەردەم وەرزشوانانی کورد، وەرزشوانانی کورد بەردەوام لە بواری وەرزشیدا لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا سەرکەوتن بە دەست دەهێنن و تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا بەشداری و شانازیی بەرچاویان هەیە.