چوار كەسی خەڵكی شاری مەهاباد، كە لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتی دەربڕینەكانی ئەم دواییانە لەو شارە دەستبەسەر كرابوون، لە سەرەتای ئەم حەوتوویەدا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕا بۆ زیندانی شاری مەهاباد گوازراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی كۆمەڵەی چالاكانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، كامبیز چهكانی، ئەنوەر بەدری، ڕەحمان خۆشكەلام و یوونس مەلاك، ڕۆژێك پاش ناڕەزایەتیی دەربڕینی خەڵكی شاری مەهاباد، دەستبەسەر كرابوونو بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوێزرابوونەوە.
هەرچەند زانیارییەكی ورد لە بارەی تۆمەتو حوكمی ماوەی زیندانی ئەم گیراوانە لە بەر دەستدا نییە، بەڵام دەگوترێ هۆی سەرەكیی گرتنی ئەم كەسانە، بڵاوكردنەوەی هەواڵو گەیاندن زانیاری لەسهر خۆپێشاندانەكەی مەهاباد بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەگەرچی ئامارێكی ڕاست و دروست لە بابەت كەسانی دەستبەسەر كراو لە ڕەوتی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵكی مەهاباد لە بەر دەستدا نییە، بەڵام ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەكان ژمارهی ئەم كەسانەیان لە نێوان ٦٠ تا ١٥٠ كەس باس کردوە كە گۆمەڵێك لەوان زووتر ئازاد كراونو هێندێكی دیكەشیان هەر لە زینداندا ڕاگیراون. بەڵام تا ئێستاش لە لایەن كاربەدەستانی قەزاییەوە، بە شێوەی ڕەسمی هیچ هەواڵێك سەبارەت بە چارەنووس و بارودۆخی ئەم گیراوانە رانەگەیەندراوە.
پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە، پاش مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی لە ڕێكەوتی 13ی بانەمەڕ، شەقامەكانی شاری مەهاباد بوون بە گۆڕەپانی خۆپێشاندانێكی بەربەرینی خەڵك كە هێزە ئەمنیەتیو ئینتزامییەكان زۆر بە توندی و بێبەزەییانە به گژ ئهم خۆپیشاندانهدا چوونو ئهوهش لە ئەنجامدا بریندار بوون و دەستبەسەر كرانی كۆمەڵێكی زۆریشی لێ كەوتەوە.