رۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار لە بەشێک تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی سەهۆڵانی مەهاباد و سەر بە ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە دەوروبەری ئەو گوندە گەشتیارییە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوەبرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو دوای ئەوەی تێکۆشەران و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چالاکییەکی تەبلیغیدا وەفاداریی خۆیانیان بە حیزبی دێموکرات سەلماند، دوابەدوای ئەو چالاکییە سیخوڕ و بەکرێگیڕاوانی ڕێژیم بە پەلە دەستیان کرد بە سڕینەوەی دروشم و نووسراوەکان.
شیاوی باسە بە پێی ئەو زانیارییانەی بەدەستمان گەیشتوون دوای خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان ، سپای پاسداران وەخۆکەوتووە و، زۆربەی چەکداران و بەکڕێگیراوانی لە ناوچەکانی پیرانشار، نەغەدە، مەهاباد و مەریوان وسنە، بۆ هاوکاری زیاتر بانگ کردوە.
هەروەها لە ئاکامی کۆبوونەوەیەک لە قەرارگای”بیت المقدس” ی شاری سنە کە چەندرۆژ لەمەپێش بەڕێوەچووە، بڕیارە کۆنترۆڵی زۆربەی گوندو شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چەکدارەکوردەکانی سەر بەڕێژیم بسپێردرێ.
شیاوی باسە دوای خۆپێشاندان و ڕووداوەکانی دوو حوتووی ڕابردوو لە ئێران و کوردستان، بەشێک لە ئەندامانی بەسیج و سپای پاسداران بە سووتاندنی کارتی بەسیج، لە خۆش خزمەتی بە ناوەندە ئەمنییەکان وازیان هێناوە و لە ڕێگایەوە بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵویستیان گرتووە.