بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران لەبەردەم زیندانی ئێڤین لە تاران ناڕەزاییان بەڕێوەبرد و لە بەرانبەردا هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی خەڵک بوونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی بیبیسی بەشێک لەو خەڵک ناڕازیی ئێران کە لەبەردەم گرتووخانەی ئێڤین کۆببوونەوە، کەسوکاری دەستگیرکراوانی ڕۆژانی ڕابردووی ئێران بوون کە هێزە ئەمنیەییەکانی ئێران زۆر بە توندی بەرەنگاری خەڵک بوونەتەوە و بە لێدان و کوتان بڵاوەیان پێکردوون.
“کەمینی مافی مرۆڤی ئێران” لەوبارەوە بڵاویکردووەتەوە خەڵکی ناڕازی لەبەردەم گرتووخانەی ئێڤین، دروشم دەدەن و دەڵێن: “بترسێن، بترسێن، ئێمە هەموو پێکەوەین”.
ئەو کۆبوونەوانە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی ڕابردوو مەحموود سادقی، نوێنەری خەڵکی تاران لە مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران ئاشکرای کرد کە بەهۆی خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئێران، زیاتر لە 3700 کەس دەستگیر کراون.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، هەتا ئێستا ٣ کەس لەو گیراوانە لە گرتووخانەوی ئێڤین گیانیان لەدەست داوە و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆ و دەرەوەی ئیران هۆشداریی ئەوە دەدەن کە ئەگەری زۆرە لەنێو بەندیخانەکانی ئێران ڕووداوی “کەهریزەک” (ئازار و ئەشکەنجە و کوشتنی دەستگیرکراوان) دووبارە ببێتەوە”. هەر بۆیە لە زیندانەکانی ئەراک و دزفوولیش ٢ کەس بەهۆی ئازار و ئەشکەنجە گیانیان لەدەست داوە، بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیدیعا دەکەن کە خۆیان کوشتووە.