کاربەدەستێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وڵاتەكەی پێبەندە بە بەرگریكردن لە وڵاتانی ناوچە زانی و گوتیشی چارەنووسی ناوچەكە لەسەر شانی ئێرانە.
ئەمیر حاتمی وەزیری بەرگریی ئێران لە دووەمین كۆنگرەی ئەمنیەت لە تاران رایگەیاند، “ئەمریكایەكان تێگەیشتنی وردیان لەبارەی پێشکەوتنی ناوچەكە نیە، ئەوان بەرپرسی سەرەكی دروستكردنی ناكۆكی و كێشەكانی ناوچەكەن، هەر بۆیە خۆمان بە بەرپرسی بەرگریكردن لە خۆمان و وڵاتانی دراوسێ دەزانین”.
وەزیری بەرگریی ئێران بە ڕاشکاوی گوتی، کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی بە بەرپرسی داهاتوو و چارەنووسی ئێستا وڵاتانی ناوچە دەزانێ و بەردەوام دەبێ کە هاوكاریكردنی سپای عێراق و سووریە بۆ نەهێشتنی هێزەکانی داعش.
هەروەها ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو هەوڵێكی داوە کە ئاشتی لە ناوچەكەدا سەقامگیر بێ، هەروەها لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لە ڕێگەی هەوڵ و وزەی ئیسلامییەوە كێشەكانی ناوچەكە چارەسەر بكرێن.