دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بڕیاری دا چی دیکە وەدوای پەروەندەی کۆڵبەرێکی کورد لە بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژرابوو نەکەون.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، شکایەتی بنەماڵەی کۆڵبەرێکی کوژراوی کورد بە ناوی “عەبدولڕەحمان ئیبراهیمی” خەڵکی “ڕەبەت” کوڕی قاسم تەمەن ١٩ ساڵ بە ئاکامێکی نەگەیشت. بنەماڵەی ئیبراهیمی بە دژی مەئموورانی ئەمنییەتی کە کوڕەکەیان دابووە بەر دەسڕیژی گوللە شکایەتیان تۆمار و داوای بە سزا گەیاندنی بکوژی کوڕەکەیان کردبوو، بەڵام لە لایەن دادگای شاری ورمێیەوە، کوڕی ئەو بنەماڵەیە بە تاوانی کۆڵبەری مەحکووم کراوە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئیبراهیمی دەڵێ: دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی “پاراستنی سنوورەکان” حوکمی بێگوناحی بکوژی “عەبدولڕەحمانی ئیبراهیمی”یان دەر کردووە.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە دەڵێ: دەزگای قەزایی بە بنەماڵەی ئیبراهیمییان ڕاگەیاندووە، کە کۆڵبەری تاوانە و پەروەندەی ئەم کۆڵبەرە کوژراوە بەبێ ئاکام بەسترا.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، عەبدولڕەحمان ئیبراهیمی خوێندکار بووە و لە کاتی گەشت و سەیران لە ناوچەی سەردەشت، هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای “کەپران” بەبێ هیچ هۆکارێک ئەو خوێندکارە کوردەیان داوەتە بەر دەسڕێژ، کە گوایە عەبدولڕەحمان کۆڵبەر بووە.
شایانی باسە ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ، عەبدولڕەحمان ئیبراهیمی، خوێندکاری بەشی ژمێریاری زانکۆی “خوڕەماوا”ی پارێزگای لوڕستان بووە پاش یەک مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری تەورێز گیانی لە دەست دا.











