پەرەسەندنی ڕەوتی هەژاری و بێکاری لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، بووەتە هۆی زیاتربوونی دەسفرۆشی لە شارەکان و دەسفرۆشەکان لەگەڵ هەڵسووکەوتی نالەباری مەئموورانی شارەداریی بەرەوڕوو دەبنەوە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەئموورانی شارەداریی شاری بانە کێشە و گرفت لە شوێنی کاسبی کردنی خەڵکی ئەو شارە دروست کردووە.
یەکێک لە دەسفرۆشەکانی ئەو شارە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ ڕایگەیاند: مەئموورانی شارەداریی شەوانە پاش چۆڵ بوونی شەقام و کۆڵانەکان بە دزیەوە خەریکی تێکدانی شوێنی چەند دەسفرۆشێکن و چەندین بەردی گەورەیان هێناوە و لە شوێنی کاسبی کردنی ئەو چەند کەسەیان داناوە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، چەندین دەسفرۆش کە شوێنی کاسبی کردنەکەیان بە “کرێ” گرتووە و نامەی ڕەسمییان پێیە، بەو حاڵەش مەئموورانی شارەداریی کێشەیان بۆ ساز دەکەن.
پێویست بە ئاماژەیە کە هەتا ئێستا بە دەیان دەسفرۆش لە لایەن مەئموورانی سەدی مەعبەرەوە شوێنە گشتییەکانیان پێ فرۆشراوە و سەرەڕای سکاڵا کردنی دەسفرۆشان لەو دۆخە، شارەداریی شاری بانە هیچ وڵامێکی بە دەسفرۆشان نەداوەتەوە.