عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی لە هەندێ بەرپرسی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، “کاری دوژمن لە ناوخۆدا دەکەن”.
دوابەدوای قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەحمەدینەژاد سەرۆککۆماری پێشووی ئێران و دامودەزگای قەزایی ، ڕێبەری نیزام لە قسەکانی خۆی بە ڕاشکاوی هەڕەشەی لە بەرپرسانی ڕەخنەگری وڵاتەکەی کرد و وتی: “هەندێ کەس کە تەواوی ئیمکانیاتی وڵاتیان لەدەست دایە یان لەدەستیاندا بووە، ئێستا رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕن.”
مەبەست لە قسەکانی خامنەیی هەم ئەحمەدینەژاد دەگرێتەوە کە دوو دەورە سەرۆککۆماری ئێران بوو، هەم حەسەنی روحانی کە ئێستا سەرۆککۆمارەو جاروبار لۆمەی سپای پاسداران و بەیتی ڕێبەری دەکا.
عەلی خامنەیی ئەو قسانەی بەیانیی چوارشەممە ٦ی بەرفرانبار لە میانەی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی راگەیاندنی ئیسلامییدا کردووە.
خامنەیی بە توندی هەڕەشەی لە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی وڵات کرد و لەو بارەوە وتی: “ئەوانە دوژمنان خۆشحاڵ و لە بەرانبەردا خەڵک و نەوەی نوێ بێهیوا دەکەن، بە تایبەت ئەو کەسانەی دوێنێ و ئەمرۆ تەواوی ئمیکانیاتی بەڕێوەبەرایەتیان بەدەستەوە بوو و ئێستاش وەک فەرەنگییەکان دەڵێن، رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕن. ئەوانە ئیتر بۆیان نییە دژ بە وڵات قسە بکەن.”
ئەو قسانەی خامنەیی دوای ئەوە دێ کە مەحموود ئەحمەدینەژاد گوتبووی خەڵک سادق لاریجانی سەرۆکی دەستەڵاتی دادوەریان ناوێ و لە چند گرتە ڤیدیویەک کە بڵاویکردووتەوە داوای کردبوو کە واز لە پۆستەکی بهێنێ و ناوبراوی بە گەندەڵیی ماڵی تۆمەتبار کردوە.
قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوباڵ و دەمڕاستەکانی نیزام هەتا دێ هەر زیادتر دەبێ و، لە لایەک دیکەش نارەزایەتییەکانی خەڵک بەرانبەر بە گرانی و کێشەکانی دیکە دەسەڵاتی لەگەڵ گرفتی جیددی ڕووبەروو کردووتەوە.