ڕۆژێك پاش قسەكانی وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی كە گوتبووی بە هیچ شێوەیەك دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری نێوخۆیی وڵاتانی یەمەن، سووریە، عێراق و لوبنان بۆ قبووڵ كردن نابێ، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران پێداگری كردووە كە ئێران زۆر چڕ و پڕتر لە پێشوو لە هاوكاری كردنی ئەم وڵاتانە بەردەوام دەبێ.
هەروەها عەلی ئەكبەر ویلایەتی، ڕاوێژكاری خامنهیی بۆ كاروباری نێودەوڵەتییش ، ڕۆژی دووشەممە ١١ی جۆزەردان ڕایگهیاند كە ئێران پشتگیری لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی خۆی لە ناوچەدا دەكا.
عادڵ جەبیر، وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی، ڕۆژی یەكشەممە ١٠ی جۆزەردان، گوتبووی: ئێمە چاوەڕوانی ڕۆژێكین كە پێوەندییەكی باشمان لەگەڵ ئێران ههبێ، بەڵام ئەوەیان پێوەندیی بە هەڵسوكەوتی كۆماری ئیسلامییەوە هەیەو ئەوەی كە چەندە دەتوانێ خۆی لە كاروباری ناوچەكە هەڵنەقورتێنێ، پشتیوانی لە تێرۆریسم نەكا و واز لە هەوڵە تێكدەرانەكانی خۆی و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی ئەم ناوچەیە بێنێ.
ڕۆژێك پاش ئەم قسانە، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، جێگری بهشی ڕۆژهەڵاتی ئافریقای وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گوتی: ڕێژیمی تاران بە هەموو توانایهوە درێژە بە پشتگیرییهکانی خۆی لە عێراق، لوبنان، یەمەن و سووریە دەدا.
ناوبراو هەروەها گوتوویەتی ئەمنیەتی عێراق، یەمەن و وڵاتانی كەنداوی فارس پێوەندییان بە یەكترەوە هەیە.
گرژی و ئاڵۆزیی دیپڵۆماتیك لە نێوان ئێران و عەرەبستاندا، پاش دەستێوەردانی نیزامیی ئەم وڵاتە لە یەمەن چڕتر بۆوە و وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بابەت بابەتە پێوەندیدارەكان بەم مەسەلەوە، لە ماوەی 2 مانگی ڕابردوودا 3 جار كارداری عەرەبستانی لە تاران بانگ كردووە.
ئێران لە یەمەن پشتیوانی لە حوسییەكان دەكا، لە حاڵێكدا كە عەرەبستان خوازیاری گەڕانەوەی دەوڵەتی عەبد ڕبە مەنسوور هادی بۆ دەسەڵاتی ئهو وڵاتهیه كە لە لایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاو زۆربەی نزیك بە تەواوی وڵاتانی جیهان، وەك دەوڵەتێکی مەشرووع بە ڕەسمی دەناسرێ.
هەروەها لە سووریەش كۆماری ئیسلامی لێبڕاوانە پشتیوانی لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد دەكا، بەڵام عەرەبستانی سعوودی زۆر بە توندی بە دژی دەوڵەتی ئەسەد ههڵوێستی ههیه.