دوای تێپەڕبوونی ٥ رۆژ بەسەر یەکەمین ساڵیادی کردەوە تیروریستییەکەی بەردەم قەڵای دێموکرات و شەهید و بریندار کرانی پولێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، چالاکییە تەبلیغاتییەکان بەو بۆنەیەوە هەروا بەردەوامە.
لە تازەترین چالاکیی تەبلیغی بە بۆنەی شەهیدانی شەوی یەڵدا، رۆژی ٢ی بەفرانبار کوردانی ئیلامی و نیشەجێی شاری تاران، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی شەهیدانی شەوی یەڵدا لە پێتەختی ئێران، وێڕای یادکردنی قوربانیانی کارەساتی تەقینەوەکانی بەردەم قەڵای دێموکرات، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وەکوو داڕێژە و بکەری ئەو پیلانە نامرۆییە شەرمەزار کرد.
دوستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری تاران بەبڵاو کردنەوەی وێنەی شەهیدانی یەڵدای خوێناویی دێموکرات و هەروەها دروشم و نووسراوە بە دوو زمانی و کوردی وفارسی ، یادوبیرەوەریی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستانیان بەرزڕاگرت.
شیاوی باسە کوردانی نیشتەجێی لە شاری تاران و سەر بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە هەموو بۆنە حیزب و کوردستانییەکاندا بەشیوەیەکی بەربڵاو لە شوێنە بەرچاوەکانی شاری تاران چالاکیی تەبلیغی ئەنجام دەدەن.