لە ساڵیادی کردەوە تیرۆریستییەکەی بەردەم قەڵای دێموکرات و شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو پیلانە داڕێژراوەدا، چالاکییە تەبلیغییەکان لە شاروناوچەکانی کوردستان هەروا بەردەوامە.
لە شاری مەهاباد ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ چەندمین جار بە یادکردنەوە لە شەهیدانی یەڵدای خوێناویی ، کۆماری ئیسلامیی ئێران و بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییەیان مەحکووم کرد.
شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢ی بەفرانبار دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهیدانی شەوی یەڵدا لە “فەلەکەی شوانەو گەڕەکی ئەسحابە سپی و، هێندێک لە قوتابخانەکانی نێو شاری مەهاباد سەرلەنوێ یاد و ناوی سەرجەم شەهیدانی حیزب و بە تایبەتی شەهیدانی شەوی یەڵدایان بەرزڕاگرت.
شیاوی باسە ئەمساڵ هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی یەڵدای خوێناویی دێموکرات، خەڵکانی کوردپەروەر و تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاروناوچەکانی کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوەبرد و لە گەڵ شەهیدانی سەرفەرازی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان، پەیمانی وەفایان نوێ کردەوە.