لە گوندی تەوریوەری ناوچەی سنە سێ کەسی خەڵکی ئەو گوندە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
بە پێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز” ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕۆژی سێشەممە، 22ی سەرماوەز پەلاماری گوندی تەوریوەریان داوە و سێ لاوی ئەو گوندەیان بە ناوەکانی فاتێح حاجی ئەحمەدی، فریاد و فەرید عەلی ڕەزایی دەسبەسەر کردوە.
فریاد و فەرید بران و ڕوون نییە کە ئەو سێ لاوە بەهۆی چی دەسبەسەر کراون و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان ڕوون نیە کە لەکوێ بەند کراون.
شایانی باسە بەدوای شەپۆلی دەسبەسەرکردنی چالاکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو ٣ بەندکراوەش بە بێ پێدانی هیچ زانیارییەک بە بنەماڵەکانیان لە گرتنگەکاندا ڕاگیراون و تەنانت هۆکاری دەسبەسەرکرانیان پێڕانەگەیاندوون.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا لانیکەم 250 کەس لە کوردستان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و ئەمنیەتی لە دژی کۆماری ئیسلامی گیراون و ژمارەیەکی زۆر لەوان سزای قورسی زیندانیان بەسەردا سەپاوە.











