میوانە خۆشەویستەکان!
خوشک و بڕایانی بەرێز!
هاوڕێیانی تێکۆشەر!
بەخێر بێن بۆ ڕێورەسمی ڕێزلێنان لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کردەوە تێرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەوی یەلدای ساڵی ڕابردوو، کە پۆلێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی لێ ستاندین. لەو ڕووداوە تاڵ و ناخۆشە کە شەوی یەڵدا، شەوزستانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی (بەرانبەری ٢١ی دیسامبری ٢٠١٦ی زایینی) لە بەردەم بارەگای سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕووی دا و، حەوت شەهید و کۆمەڵێک برینداری لێ کەوتەوە، ساڵێک ڕادەبرێ و ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ مەحکومکردنەوەی ئەو کردەوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، یاد و بیرەوەریی ئەو پێشمەرگە شەهیدانەش بەرز ڕادەگرین و سڵاوی وەفایان بۆ دەنێرین.
تەقینەوەکەی شەوی یەلدای ساڵی ڕابردوو ڕووداوێکی دڵتەزێن و خەسار و زیانێکی گەورە بوو، بەڵام هەر لە یەکەم ساتەکانی دوای ئەو کردەوە تێرۆریستییە، دەزگا پێوەندیدارەکانی حیزبی دێموکرات، دەزگای ئەمنییەت و ئاسایش و دادوەریی هەرێمی کوردستان بە چالاکی هاتنە سەرخەت و زۆر زوو کۆنترۆڵی وەزعەکەیان کرد. بە دوایی ئەویشدا شەپۆلی هاودەردیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی و،ڕێکخراوە و کۆر وکۆمەڵی مەدەنی و خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان ڕووی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد و لەگەڵ مەحکومکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستیە، هاودەردییان لەگەڵ حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی قوربانیان کرد و لەو خەمە قورسەدا هاوبەشییان لەگەڵ کردین و، ئێمە بە سپاس و پێزانینەوە ئەوە بیر دێنێنەوە.
خۆشەویستان!
ئەگەرچی تا ئێستا دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان ئاکام و بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر ئەو کردەوە تیرۆریستییە ڕانەگەیاندوە، بەڵام لە هیچ لایەنێکمان شاراوە نییە کە ئەو تیرۆرە کاری حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. لە بەر ئەوەی ئەو ڕێژیمە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنە سەرکارییەوە بۆ لە مەیدان دەرکردنی دژبەرە سیاسییەکانی لە هیچ کردەوەیەکی جینایەتکارانە خۆی نەپاراستووە. هەروەها تیرۆریشی کردوە بە یەکێک لە ڕێگاکانی لەسەر ڕێ لابردنی موخالیفانی سیاسیی خۆی و پلان و پیلانە تێرۆریستییەکانی لە تەواوی ئێران، کوردستانی ئێران و تەنانەت لە دەرەوەشدا زۆر سازماندراو بە بەرنامە بەڕێوە بردوە کە بەداخەوە لە لیستی کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیدا پشکی شێری بەر تێکۆشەرانی سیاسیی کورد کەوتووە.
ئەگەر ئیعدامی لاوان لە پادگانی سنە بە سەرەتای کوشتن و ئیعدامی بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستاندا بنێین، تیرۆری سەرگورد عەبباسی لە شوڕای نیزامیی شاری مەهاباد لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا دەتوانین بە یەکەمین تیرۆری سیاسی موخالیفانی سیاسیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە لایەن حکومەتی تازە بە دەسەڵاتگەیشتوو لە کوردستان دابنێین. لە درێژەی کاری تیرۆریستیی حکومەتی کۆماری ئیسلامی دەکرێ لە هەر شوێنێک چ لە ئێران، چ لە کوردستانی ئێران، چ لە عێراق و باشووری کوردستان، لە ئاسیا، له ئورووپا و ئەمریکای لاتینیش ئادرەس و نموونەی کردەوەی تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕوونی دەست نیشان بکەین.
هەڵبەت ئەوەشمان دەبێ لەبەرچاو بێ کە مێژووی تیرۆری سیاسی و کارنامهی حاکمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنانەت بۆ پێش هاتنەسەرکاری ئەو ڕێژیمەش دەگەڕێتەوە. ڕێبەرانی ئەو رێژیمە نایشارنەوە کە لە سەردەمی پاشایەتیی پەهلەویشدا تیرۆری سیاسییان کردوە. عەلی ئەکبەر هاشمیی رەفسەنجانی، پلاندانەر و بڕیاردەری تیرۆرەکانی ڤییەن و بڕلین کە دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و پۆلێک لە ئەندامانی ڕێبەری و تێکۆشەرانی دیکەی حیزبی دێموکراتی لێ ستاندین، بە شانازییەوە باس لەوە دەکا کە ئەو دەمانچەیەی حەسەنعەلی مەنسوور، سەرۆک وەزیرانی حەمەڕەزاشای پەهلەوی پێ کوژرا، ئەو دابینی کردبوو و دابووی بە محەممەد بۆخارایی هەتا تیرۆرەکەی پێ بکا.
تەقینەوەی ئامییا کە تەقاندنەوەی ناوەندی جوولەکەکان لە ئاڕژانیتین بوو/ بۆمب دانانەوە لە بانکوک، پێتەختی تایلەند/ تەقینەوە لە دێهلی، پێتەختی هیندوستان/ کاری تێرۆریستی لە وڵاتی کێنیا/ کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە بەحرەین/ هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی تێرۆریستیی ئەلقاعیدە/ کردەوە تێرۆریستییەکان لە عێڕاق بۆ زەبرلێدان لە ئەمریکا و هێزەکانی دیکەی هاوپەیمان/ تێرۆری دەیان کەسایەتیی سیاسیی ئێرانی له نێوخۆ و دهرهوهی وڵات وهک؛ تێرۆری داریوش و پهروانه فروههر و قهتڵه زنجیرهییهکان له تاران و کرماشان، تێرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی؛ دوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات/ شاپوور بەختیار، دوایین سەرۆک وەزیرانی حکومەتی پاشایەتی/ شەهریاری شەفیق، کوڕی ئەشرەف پەهلەوی/ غولامعەلی ئۆوەیسی لەگەڵ غوڵامحوسێنی برای/ فەرەیدون فەروخزاد/ عهبدوڕەحمان برومەند/ کازم ڕەجەوی/ نوردی دێهکوردی و غوڵام كشاوهرز و زۆر تێرۆری سیاسیی دیکە کە لە نێو دڵی وڵاتانی ئورووپاییدا کراون؛ تەنیا چەند ئاماژەیەک بۆ کارنامەی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامین.
ئێمە هەموومان دەزانین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای تیرۆرەوە توانیویەتی زۆر لە موخالیفینی سیاسیی خۆی خەڵتانی خوێن بکا و لە بەینیان بەرێ.خۆ ئەگەرچی ئەو کردەوانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک زۆر ڕەفتار و سیاسەتی دیکەی ئەو ڕێژیمە لە ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەییدا مەحکوم کراوە و ئەو ڕێژیمە بە دەسەڵاتێکی بێزراو و نابەرپرس و پێشێلکەری پڕەنسیپە جیهانییەکان ناسراوە، بەڵام ئەوە وای نەکردوە کە کۆماری ئیسلامی قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان بیەوێ چەکی تێرۆر بەلاوە بنێ؛ وەک چۆن ساڵی ڕابردوو و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا دیسان دەستی تێرۆری کۆماری ئیسلامی گەیشتە ئێرە و ئەو پۆلە لە تێکۆشەرانی کوردی لێ ستاندین.
بەڕێزان!
ساڵ و مانگ نییە چەند نیهاد و کۆروکۆمەڵی نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییسەبارەت بەڕەفتاری دژی گەلی و پێشلکردنی مافی مرۆڤەوە ئەو ڕێژیمە مەحکووم نەکەن، بڕیاری دادگای موعتەبەری فیدڕاڵی ئاڵمان وەک دادگای میکۆنووسیش کە ئەو رێژیمەی لە تەواوییەتی خۆیدا وەک حكومەتێکی تیرۆریستی ناساندوە، ئێستاش بەڵگەی بەهێز و هەرە ڕوون و ئاشکرای تێرۆریستبوونی کۆماری ئیسلامی و بەرزترین کاربەدەست و بەرپرسانی پلەیەکی ئەو ڕێژیمەیە؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئایا ئەوە بەسە بۆ بەربەست دروستکردن و پێشگرتن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە واز لە کردەوەی تیرۆریستی و دژی مرۆڤ بهێنێ؟ وەڵامەکەش ڕوونەکە هەموومان دەڵێین نا، چونکە ئەگەر مەحکومکردنی ساڵانە وبەردەوامی ئەو ئیدانەکردنانە و مەحکومییەتی بەرپرسانی پلە بەرزی حکومەتی ئێران و بەکرێگیراوەکانی کارساز بووبان، ئێمە شاهیدی تەقینەوە و تیرۆری بە کۆمەڵی تێکۆشەرانی دێموکرات و پێشمەرگەی ئاسایشی حکومەتی هەریمی کوردستان نەدەبووین لە شەوزستانی ساڵی ڕابردوودا کە شەوی لە دایکبوونی دوکتور قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبەکەمان بوو. بەڵام پێویستە چی بکرێ بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ کارو کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دابندرێ؟
لە نەزەر ئێمە ڕێگای کۆتاییهێنان بەو کردەوە قێزەوەنانە، کۆتاییهێنان بەو حکومەتە و، گۆڕانی بە حکومەتێکی دێموکراتیک و خەڵکییە. بۆ ئەو مەبەستەش لە پێشدا پێویستە خەڵکی ئێران بەگشتی بە هەموو پێکهاتە و جۆراوجۆرییە نەتەوەیی و ئاینییەکانی ئەم وڵاتە، یەکڕیز و هەماهەنگ بە خەبات و تێكۆشانی بەردەوام؛ هەر وەک چۆن بە دەستی بەتاڵ بەڵام یەکگرتوویانە حکومەتی پاشاییەتیان تێکەوە پێچا، دەکرێ هەمدیسان بە خەبات و تێکۆشانی مەدەنی و سیاسیی یەکگرتووانە ئەو نیزامەش بگۆڕین و بە هەموومان کار بکەین بۆ جێگیرکردنی نیزامێکی دێموکراتیکی خەڵکی کە تێیدا خواستی سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی پێکهاتەکان بە دارشتنی قانوونی ئەساسییهکی دێموکراتیک دابین بکرێن. بەڕاست خەڵكی ئێران بەو مێژوو و فەرهەنگ و کلتوورە دەوڵەمەندەیان و، بە خاوەنێتیی ئەو وڵاتە دەوڵەمەند و پڕ سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی پڕ بایەخەوە شایانی ئەوە نین کە باشترین حکومەتی سەردەمیانەیان هەبێ؟ ئێمە دەڵێین بەڵێ. بۆیە پێویستە تین و گوڕی زیاتر بدەینە خەباتەکەمان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێژیمە.
کوردستان، خەڵکەکەی و حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی شایانی ڕێزگرتنن کە بە خەبات و تێکۆشانیان ئەوا چوار دەیەیە له بەرانبەر حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕاوەستاون و لەو پێناوەدا خوێن و قوربانی و تێچووی زۆریان داوە. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستادا بە خەبات و چالاکیی مەدەنی فەزایەکی تەواو فەرهەنگی، نەتەوەیی و سیاسییان خوڵقاندوە بۆ هەر مەسەلەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، تەنانەت ئەگەر لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا پرسێک لە ئارادا بێ، لەسەر هەستن و نەخش و ڕۆڵی خۆیان بەباشی دەگێڕن و نموونەیەکی دیکە لە هاوپێوەندیی نەتەوەیی و ئەرکوەخۆگریی خۆیان پیشان دەدەن. بۆ ئەوەش نموونە زۆرن که پێویست به باسکردنیان نییه.
لەو بۆنەیەدا جارێکی دیکەش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان پیویستە ئیلهام لە خەڵکی ڕۆژهەڵات وەربگرن و پێویستە بەیەکریزیی زیاتری خۆیان بەگژ پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بچنەوە و لە قاویان بدەن و بە پلان و بەرنامەی هاوبەش و یەکگرتووانەوە بەربەرەکانێی لەگەڵدا بکەن. وەک لە بەیاننامەکەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کە پاش تەقینەوەکەی شەوی یەڵدای ساڵی 1395ی هەتاوی بڵاوبۆتهوە و تێیدا هاتووە؛ کاریگەرترین ڕێگە بۆ پێشگرتن لە کردەوەی تیرۆریستی، یەکریزی و هەماهەنگی و هاوکاریی هێزەکانی کوردستانە.
هەڵبەت لە یەک ساڵی ڕابردوودا تا ڕادەیەک هاوکاریی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەرهەست و دیار بووە، بەڵام لەو ئاستەدا بە هیچ شێوەیەک وەڵامی ئەم هەلومەرجە و چاوەڕوانییەکانی نەداوەتەوە. بۆیە ئێستا لەم هەلومەرجەشدا کە هەریمی کوردستان بە دۆخێکی زۆر تایبەت و هەستیاردا تێدەپەرێ و گۆڕانکارییەکان لەو بەشەی کوردستان زۆر و کەم کارتێکەرییان لەسەر هەموو مەسەلە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و پێوەندییە ئیقلیمییەکان و، جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کارو چالاکیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش دادەنێ،پێویستیە زیاتر گرینگی بەو پێویستییە بدەین. بەتایبەت ئەگەر ئاورێک لە ڕابردوو و ساڵانی دەیەی90ی زایینی بدەینەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی ناسەقامگیریی سیاسی و وەزعی خەراپی ئابووری و ئاڵۆزیی نێو هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بە دەیان تێکۆشەری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان تیرۆر کرد و مەترسیی زۆر و جۆراوجۆریان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانیان دروست کرد. سروشتییە ئەگەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەماهەنگ و هاوکار و خاوەن پرۆژە و بەرنامە نەبن، هیچ دوور نییە مێژوو جارێکی دیکە دووپات بێتەوە. بۆیە یەکڕیزی و هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەوڵەوییەتی یەکەمە و حیزبی دێموکرات بە زەروورەتی دەزانێ و هەستی پێ دەکا؛ بۆیەش بانگەواز دەکا بۆ یەکڕیزی و هەماهەنگی و هاوکاریی سەرجەم هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
هەر لەو پێوەندییەدا پێویستە ئەوەش بڵێین کە دەسەڵاتی سیاسی، یاسایی، ئیداری و دادوەریی هەرێمی کوردستان نابێ ئیزن بدەن هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە ببێتەوە شوێنی تەڕاتێنی تیم و مۆرە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. پێویستە بە پلان و بەرنامەوە پارێزگاری لە سەروەریی خاک و نیشتمان و خەڵکی وڵاتەکەیان بکەن و پاراستنی گیانی هەموو دانیشتوانی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی تێکۆشەرانی سیاسیی وڵاتی دیکەش لەو هەرێمە لە ئەستۆی ئەوانە. لەلایەکی دیکەوەش پەروەندی تەقینەوە تیرۆریستییەکەی شەوی یەڵدای ٢٠١٦ی زایینییی بەردەم بارەگای حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات لە بەردەستی دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان دایە، هەر چەندە تا ئێستا ئاکامی ئەو پەروەندەیە یەکلا نەبۆتەوە، بەڵام هەموو نیشانەکان و ئادرەسەکان پێمان دەڵێن ئەو کردەوەیە بە ئەمر و فەرمانی کاربەدەستانی پلەبەرزی حکومەتی ئێران کراوە و هەر کەمتەرخەمییەک و پشتگوێخستنێکی پلان و پیلانەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی، حکومهتی ئێران جەسوورتر دەکا بۆ کار و کردەوەی لەوە مەترسیدارتریش. ئەو کات جیا لەوهی خەسارێکی قورس لە بزووتنەوەی کورد دهدرێ، زیانی قەرەبوونەکراوە لە شکۆی دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتیی هەرێمی کوردستانیش دەکەوێ. بەڵام ئەگەر دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی سەربەخۆیی و ئازایەتیی دادگای فیدڕاڵی ئاڵمان(دادگای میکۆنووس) وەربگرێ و، فەرماندەران و فەرمانبەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە لە تەواوەتیی خۆیدا مەحکووم بکا؛ ئەوا نەک هەر مافی بۆ خاوەن ماف گەڕاندۆتەوە، بەڵکوو شکۆی دەسەڵاتی دادی هەرێمی کوردستان بەرز و بەرزتریش دەکا. بەمجۆرە بەربەستی گەورەش لە پێش حکومەتی ئێراندا دروست دەکا بۆ ئەنجامنەدانی کردەوەی تیرۆریستی لە هەریمی کوردستان و، کوردستان لە دەستتێوەردانی حکومەتی ئێران دەپارێزێ و گیانی هەموو تێکۆشەرێکی سیاسی پارێزراو دەبێ.
لەو نێوەدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەبێ بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ واقعەکەدا بکا. ئەوان کە باش شارەزای سیاسەت و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، دەزانن کە ئەو ڕێژیمە بهشی ههرهزۆری ئیمکاناتی وڵاتی ئێرانی بۆ کاری تیکدەرانە و قەیرانخوڵقێنی و کار و کردەوەی تیرۆریستی و دەستێوەردان لە وڵاتانی دیکە لە پێناو دروستکردنی شێوەئیمپراتوریی خۆیدا خەرج دەکا، ئهوه لە حاڵێک دایه وڵاتی ئێران خۆی نوقمی قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە. بۆیە پێویستە یارمەتیی خەڵکی ئێران و سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بدەن کە بتوانن بە تێچووی کەمتر سێبهری ئەو ڕێژیمە لەسەر خۆیان لابدهن و حکومەتێکی دێموکراتیک بهێننە سەر کار.
لە ساڵیادی تێرۆری شەوی یەلدای ساڵی ڕابردوودا، ڕێز دەگرینهوه لە یاد و بیرەوەریی ئەو شەهیدانەمان و دڵنیاین کە بە خەباتی شێلگیرانە و یەکگرتوومان دەتوانین پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەین و بەسەریدا زاڵ ببین. دڵنیاین و پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە کە ئیڕادە و باوەڕی ئێمە زۆر لە چەکی تێرۆر بەهێزترە و هەر پشتبەستوو بەو ئیڕادە و باوەڕە و بە یەکگرتوویی ڕیزەکانمان خەباتی مافخوازانەی نەتەوەکەمان سەردەخەین.
بەرز و پیرۆز بێ یادی شەهیدانی یەلدای خوێناویی دێموکرات
سەرکەوێ خەباتی مافخوازانەی کورد لە ئێران